بافڵ تاڵەبانی: دیاردەی تیرۆر فراوانتر دەبێت

بافڵ تاڵەبانی: دیاردەی تیرۆر فراوانتر دەبێت

مەوداپرێس –

سەركردەیەكی كورد هۆشداری دەدات كە پێویستە حكومەتەكانی رۆژئاوا هاوكاربن لە چارەسەر كردنی قەیرانەكانی كوردستان، بەر لەوەی داعش خۆی ڕێك بخاتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، راگەیاندوە: ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی شكستهێنانی تیرۆر لە عێراق بۆ بەهەند وەرنەگرتنە‌و، داوای لە بەریتانیەكان كرد گفتوگۆ بكەن بۆ كۆتایی هێنان بە رووبەرووبوونەوەی نێوان هێزەكانی عێراق‌و كوردستان كە پێشتر هاوپەیمان بون لە شەڕی دژ بە گروپە تیرۆریستەكان.

تاڵەبانی، دەڵێت: داعش كۆتایی نەهاتوە‌و ئەو كێشەیەش نەدۆڕاوە، هەموو ئەوەی دەیبینین تەشەنەكردنی جەنگی جیاوازە كە رق‌و رەگەزپەرستی زیاتر دەكات‌و دیاردەی تیرۆر فراوانتر دەكات.

رونیشیكردەوە: هەموو كات هەمان شتە، تیرۆر بە ناوێكی ترەوە دەگەڕێتەوەو توندترو توندتر‌و توندتر دەبێت‌و بە رەهایی داعش كۆتایی نەهاتوە.

وتیشی: من ئێستا لە لەندەنم بۆ ئەوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی قایل بكەم بەوەی هاوكاربن لە دەست پێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی لە بەغدا بەر لەوەی دۆخەكە خراپتر ببێت.

جەختیشیكردەوە: پێویستە رووبەرووبوونەوەكان كۆتایی بێت بۆ ئەوەی وڵاتەكە بەرەو پێش بروات.

رۆژنامەكە، نوسیویەتی كە توندتر بونی دۆخەكە دەگەرێتەوە بۆ باسی سەربەخۆیی‌و ریفراندۆم، بەڵام بافڵ تاڵەبانی، دەڵێت: "ئەو زنجیرەیەی گەیشتە بابەتی سەربەخۆیی كورد، دەگەڕێتەوە لانیكەم بۆ دەیەیەك".

دەشڵێت: لەدەستدانی هەر سەرچاوەیەكی نەوتی ناوچەكەی لە رۆخی هەرەسی ئابوری نزیك كردۆتەوە‌و حكومەتی هەرێمیش دارایی پێویستی لەبەردەستدا نەماوە بۆ پێدانی موچە.

لە كۆبونەوەیەكیشدا لەگەڵ ئەلاستیر بورت-ی بەرپرسی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوە، بافڵ تاڵەبانی داوایكرد بەریتانیا فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەیی پشكی هەرێم لە داهاتی نەوت بدات وەك ئەوەی لە دەستوری عێراقدا هاتوە‌و لەسەدا 17 یە.

جەختیشیكردەوە: هەموو شتێكی تر دەكرێت لە وردەكاری باسی لەسەر بكرێت، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بەوەیە كە موچە بدەین‌و خەڵك پێویستی بە موچەیە، ئەوەش رەوا نییە خەڵكی كوردستان برسی بكرێن بەهۆی هەڵەی سیاسی هەندێك سیاسەتمەدارەوە.

بافڵ تاڵەبانی، رایدەگەیەنێت: هیچ كینەیەكم بەرامبەر بە كۆمەڵی نێودەوڵەتی نیە، هەموان لە لەندەن بۆ واشنتن‌و بۆ تاران‌و هەروەها بەغدا وەك رۆژی روناك هەڵوێستیان رون بوو بەرامبەر بە ئەنجامی ریفراندۆم، دەشڵێت: "هەموو كارتەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ بون‌و پێیان وتین كە ئەمە رودەدات، ئەگەر پێیان نەوتینایە ئەوا پێموابوو كە ناپاكیمان بەرامبەر كراوە، بەڵام هەموان پێیان وتین كە ئەمە رودەدات".

هەروەها رەخنە لە سەركردایەتی كورد دەگرێت لەنێوانیشیاندا خودی حزبەكەی بەهۆی كەلەرەقی‌و ناكۆكیەوە. جگە لەوەی ژمارەیەك راوێژكاری بیانی كە بەڕێز بارزانی-یان بەرەو هەڵەیەكی گەورە هاندا.

بافڵ تاڵەبانی، روونیشیكردووەتەوە: سەركردایەتی كورد گفتوگۆیەكی 11 سەعاتیان فەرامۆش كرد كە لەگەڵ ئەمریكیەكان كرا‌و ئەمریكییەكان قایل بون كە پشتیوانی ریفراندۆم بكەن ئەگەر دوو ساڵ دوابخرێت تا نەبێتە كۆسپ لەبەردەم جەنگی دژ بە داعش‌و هەروەها دەرفەتی سەركەوتنی حەیدەر عەبادی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018.

هەروەك رەتیشیكردەوە: خۆی یان هەندێ فەرماندەی سەربازی تر لە كارەساتی دوای ریفراندۆم خەمسارد بوبێتن یان دەستیان لەو كارەساتەدا هەبوبێت‌و، وتی: "ئەوە هاوكێشەیەكی زۆر سادە بوو، ژمارەیەكی زۆر لە ئامێر‌و كەلوپەلی سەربازی گەورە هەبوو كە پێویستی بە سیستمی چەكی پێشكەوتوو بوو بۆ تێكشكاندنیان‌و ئێمەش چەكی پێویستمان لەو بوارەدا نەبوو".

دەشڵێت: پێش ئەوەی شەڕ ببێت، وتم: "تكایە ئەوە لەبەرچاو بگرن"، بەڵام تەنیا وەڵامی ئەوەم درایەوە كە: پێشمەرگە ئازایە.
وتیشی: راستە پێشمەرگە ئازایە، بەڵام ئازایەتی دەتوانێت چی بكات بەرامبەر بە تانك؟.

راشیگەیاند: پێویستە ئەمە وەك بانگەشەیەك بێت بۆ ڕابون بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە ناكۆكییە مێژووییەكان بە تایبەت لە نێوان ئێمە‌و پارتی كە بەڕێز بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌و، هەردوولا لە نەوەدەكان شەڕی ناوخۆمان كرد‌و، وتی: "سەرەتا پێویستە ماڵی خۆمان رێك بخەینەوە، ئێمە پێویستمان بە یەكخستنی دەنگی كوردە".

دوپاتیشیكردەوە: ئەگەر هەرێم وەك ناوچە‌و قەوارە لەدەست بدەین، ئەگەر عێراق ئێمە دابەش بكات‌و بۆ دەسەڵاتی خۆی یاریمان پێ بكات، ئەوا راشكاوانە دەڵێم هیچ گرنگ نییە ئەو كاتە كێ بەرپرسە لەوە.



PM:06:56:19/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 757 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌