عەمید سەرحەد قادر:
پارتی و یەكێتی لە بارودۆخی ئێستای كەركوك بەرپرسیارن

عەمید سەرحەد قادر:<br>
پارتی و یەكێتی لە بارودۆخی ئێستای كەركوك بەرپرسیارن
مەوداپرێس- بنار هیدایەت

لە دیدارێكی تایبەت بەمەوداپرێس، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحییەكانی كەركوك زۆر شتی تایبەت و نهێنی باسدەكات، عەمید سەرحەد قادر باس لەو شەوە دەكات نەجمەددین كەریمی لەشاری كەركوك دەركردووە، كێ ئەو فەرمانەی كردووە، شەوی 16 ئۆكتۆبەر، یەكێك بوو لەو شەوانەی بەلای هەموو هاوڵاتیانەوە بووە جێی سەرنج و بایەخ، لەو نێووەندەدا نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هەولێری هەڵبژارد و سلێمانی "زۆنی حزبەكەی" فەرامۆشكرد، ئەوەش بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی بوو، عەمید سەرحەد قادر ئەو نهێنییە بۆ مەوداپرێس ئاشكرا دەكات

لەئێستادا بارودۆخی كەركوك چۆنە؟
عەمید سەرحەد قادر: وەزعی كەركوك زۆر خراپە، گەورەترین ئاڵای كوردستانیان رەشكردەوە، حاڵەتی رفاندن هەیە، حاڵەتی كوشتن و هەڕەشە كردن هەیە، ئەو كۆمپانیایانەی لەكەركوك هەیە هەتاوەكوو خاوەن چێشتخانەكان، هیچ شوێنێك نەماوە پارەیان لێ وەرنەگیرابێت، هەیە تا دوو سێ جار لێیان وەرگیراوە، جگە لەوە ئۆتۆمبێل كڕین و چەك كڕین هەیە بەخەڵكی كەركوكی دەكڕن و هیچ كەسێك نیە لەئێستا بەرگری لەكەركوكییەكان بكات.

مەوداپرێس: ئەمانە كێن كە ئەم سەرانانە وەردەگرن؟
عەمید سەرحەد قادر: ئەوانەی لەكەركوكن، گروپ گروپن ئەو شتانە وەردەگرن، هەر كۆمەڵێك خەڵك بە ئۆتۆمبێلێكی بێ ژمارەوە دەچن و پارە لەخەڵك وەردەگرن؟

ئەوانەی باسی دەكەیت، عەرەبن یا كوردن، مەبەستم ئەو مافیایانەیە؟
عەمید سەرحەد قادر: عەرەب و توركمانن، بەناوی ئەوەوە لێیان وەردەگرن پێشتر هاوكاری كوردیان كردووە، یاخود بەناوی ئەوەوە وەریدەگرن پێشتر هاوكاری ئاسایشیان كردووە، یا بەناوی هاوكاری ماڵە شەهید و كڕینی چەك وەریدەگرن، ئەم حاڵەتانە هەمووی لەكەركوك هەیە و كەركوكییەكان بێتاقەن بەڵام دەرینابڕن.

ئەگەر هەیە بارودۆخی كەركوك بگەڕێتەوە بۆ پێش 16 ی ئۆكتۆبەر؟
عەمید سەرحەد قادر: دەمەوێت بە روونی لەسەر ئەو پرسە قسە بكەم، بارودۆخی ئێستای كەركوك پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسیارن، من باسی 16 ی مانگ ناكەم باسی ئێستا دەكەم، هێزی سەربازی لای پارتی و یەكێتییە، ئەو دوورە پەرێزییەی پارتی و بەم بارودۆخەی ئێستای یەكێتی تەنها هاوڵاتیانی كەركوك زەرەرمەند دەبن، كورد زەرەرمەند دەبێت، لە 51% ی خاكی ناوچە ئازادكراوەكان داگیركراوەتەوە، ئەم دوورەپەرێزییەی ئەم دووحزبە لەیەكتری و لەكەركوك كارەساتە، لە ئاییندەدا باجەكەی خراپتر دەدەین، ئایا ئەمە بەچی چارەسەر دەكرێت، لە ساڵی 1991 و دوای ئەو هەموو شەڕەی ناوخۆ كرا ئەوەی خراپ بوو هەموو حزبەكان لە بەرەی جوودەوە تا شەڕی ناوخۆ بەیەكتریان كرد، بەڵام كاتێك گەیشتە سەر ئەوەی هەموو حزبەكان بارودۆخیان خراپ بوو و چوونە ئێران، كاك مەسعود و كاك نەوشیروان و حزبەكان بەیانێكیان دەركرد بووە مایەی دڵخۆشی میللەتی كورد، بوو بەیاننامەی بەرەی كوردستانی و بوە هەوێنی راپەڕینی ئازاری 1991 و خەڵك راپەڕینی كرد، هێزی پێشمەرگە نەیكرد، ئێستاش پارتی و یەكێتی بەڕاستی بیانەوێت كەركوك كەركوك بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بەیاننامەیەكی هاوبەش دەربكەن، كەركوك دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، ئەم قسەیە دەكەم و خاوەنی قسەكەی خۆمم، كەركوك نەپێویستی بە هێزی یەكێتییە نە پێویستی بەپارتییەنە پێویستی بە ئاسایشی پارتی و یەكێتی هەیە و پێویستی كەس نیە، خەڵكی كەركوك خۆی كەركوك دەپارێزێت، ئێستا كەركوك و كەركوكییەكان متمانەیان بە یەكێتی وپارتی نەماوە، لەوەش دەترسن شتێك بكەن و پارتی و یەكێتی پشتیوانیان نەكەن، چونكە كەركوكیەكان ماران گەز بوون، ساڵی 1991 هەڵوێستیان هەبوو و دواتر عەلی حەسەن مەجید چەندین گەنجی گرت و بێ سەرو شوێنی كردن.

باسی دوورە پەرێزی پارتیت كرد، كاتێك پارتی كەركوك بەدڵی كوردستان ناودەبات بۆ دوورە پەرێزە، هۆكارەكەی ئێوەن كە قیادەی پارتیتان دەكرد لەگەڵ لقی سێ، یا سەركردایەتی پارتییە متمانەی بەكەركوك نەماوە؟
عەمید سەرحەد قادر: دەبێت بەواقیعانە قسە بكەین، مەلا مستەفای بارزانی شۆڕشێكی لەسەر كەركوك داناوە، مفەوەزاتی ساڵی حەفتا كەسەری نەگرت لەسەر كەركوك بووە، پارتی قوربانی لەسەر كەركوك داوە، بەڵام ئەم شارە لەدوای ساڵی 80 كانەوە پارتی لەكەركوك دووربووە، كاتێكیش دوای پرۆسەی ئازادكردنی عیراق پارتی چووەوە ناو كەركوك ئەوەندەی خەریكی منافەسەی یەكتری بوون و خەریكی یەكتری ناشرین كردن بوون، ئەوەندەی بەدوای یەكترییەوە بووین بەدوای بەرژوەندی كەركوكەوە نەبووین، هەموو دەزگاكان دەڵێم، ئێستا پارتی دەڵێت كەركوك داگیركراوە و دەڵێت بەئیتیفاق داگیركراوە و فرۆشراوە، ئەمە هەمووی بۆ مێژوو دادەنێین، كەركوك چۆن موزایەدەی پێوەكراوە و هێزی پێشمەرگە وەكوو پێویست چەك و تەقەمەنی پێنەبووە.

كەواتە وەزارەتی پێشمەرگە خەتاباری یەكەمە لەسەر نەناردنی چەك و تەقەمەنی؟
عەمید سەرحەد قادر: ئەمە كۆمەڵێك هۆكارن بەپلەی یەك وەزارەتی پێشمەرگە خەتاباری یەكەمە، ئێمە وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە دەبێت راوێژكاری سەربازی هەبێت، نابێت بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە خۆی بچووك دەكاتەوە دەبێت بە بەرپرسی میحوەر، سەرۆكی ئەركانت هەیە لەبری ئەوەی بێت سەردانی هەموو بەرەكانی شەڕ بكات و نوقتە بە نوقتە بگەڕێت، چاوی لەسەر شوێنە بێهێزەكان بێت دەبێت بە بەرپرسی میحوەرێك و میحوەرەكانی دیكە بەرەڵا و فەرامۆش دەكات، كاتێك پێشمەرگە جیاكرایەوە هۆكارەكەی ئەوەبوو هەر سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكی یەكێتی و پارتی بوون بەبەرپرسی میحوەرێك، ئەمە بە ئۆتۆماتیكی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەبووە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی چی لە بەرژەوەندی خۆی بووبێت ئەوەی كردووە، هەموو ئەو ئامرلیوایانە بێتاقەت بوون لەو دیاردانەی روویدەدات و بەحوكمی برادەرایەتی بەمنیان دەوت، دەیانوت نازانین وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسمانە یاخوود ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتی، یا مەكتەب سەرۆك و فەرماندەی فەرماندەییەكان.

پێتوانییە هۆكاری پشتگوێخستنەكان بۆ مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە؟
عەمید سەرحەد قادر: من ناڵێم خەتای بارزانییە بەڵام دەبێت فراوانتر سەیری بابەتەكان بكەین، كاتێك كاك مەسعود كاكە حەمەی حاجی مەحمودی كرد بە سەرپەرشتیاری میحوەری كەركوك، فەرماندە سەربازییەكان لەوێبوون كۆبوونەوەیەكی كرد وتی فەرماندەی میحوەرەكان وەكوو خۆی بمێنێتەوە و كاكە حەمە سەرپەرشتیاری میحوەر دەبێت، هەركاتێك پێویستی كرد خۆم دێم بۆ كەركوك، هەر لەناو كۆبوونەوەكە هاتینە دەرەوە برادەرانی یەكێتی ناڕازی بوون، مەلا فایەق چوچانی فەرماندەیەكی لیوای نەوت و غازە وتی لەساڵی 1991 لەشلێر و لای پێنجوێن هەندێك رەبایە هەبوو وتمان با بیگرین بۆ ئەوەی سودێك بگەیەنن بەپێشمەرگەكان چونكە جوڵەیەكی سەربازی هەبوو،  كاكە حەمە لەسۆسیالست و جەمالی حاجی محەمەد و عوسمانی قادر منەوەر رەبایەكانیان گرت، وتمان با كاكە حەمە بەرپرسی ئەم رەبایانە بێت یەكێتی وتی وەڵامتان دەدەینەوە و دوای دوو رۆژ وتیان قبوڵمان نیە، لەو شاخە یەكێتی قبوڵی نەبوو كاكە حەمە بەرپرسی پێنج دۆنم زەوی بێت ئێستا چۆن قبوڵیەتی بەرپرسی هەموو كەركوك بێت، ئەمە نموونەیەك بوو، دوو لیوا هەبوو ئەمریكییەكان مەشقیان پێدەكردن ئەوەی پێویست بوو بۆ ئەو دوو لیوایە كرا، لیوای یەك و دوو بوو، ئێستا جیابۆتەوە و شەهید شێركۆ شوانی بەرپرسی لیوایەكیان بوو، ئەو هەموو پێداویستییەیان بۆ كرا چونكە مۆركی حزبی بوو جیابوونەوە. داعش زیاتر لە 17 جار پەلاماری كەركوكی دا و هێرشی گەورەی كرد، باوەڕبكە تەلەفۆنیان بۆ من و شەهید شێركۆ كردووە و پێیان وتووین ئێوە شەڕ بەداعش دەفرۆشن وازیان لێ بێنن.

كێ تەلەفۆنی بۆ كردوون؟
عەمید سەرحەد قادر: ئێستا نامەوێت ناوییان بهێنم، بەڵام رۆژێك دێت ناوەكانیان ئاشكرا دەكەم، بەرپرسیارێتی گەورە و باڵایان هەیە لەناو كوردا، ئێمەیان تاوانبار كرد بەوەی شەڕ بەداعش دەفرۆشین و داعش نایەوێت شەڕی كورد بكات، دواتر داعش هێرشی كرد و بەقارەمانێتی پێشمەرگە و كەركوكییەكان كەركوك پارێزرا، ئەوەی لەتوانای پێشمەرگە بوو كردی، بەڵام ئەو تەشكیلاتەی وەزارەتی پێشمەرگە كارەكانی تێكدا، دەبوو بارزانی كۆمەڵێك راوێژكاری سەربازی بەدیقەت و وردی لەدەوری خۆی كۆبكردایەتەوە و قەڵەمیان بخستایەتە سەر خاڵەكان، دەبوو دەزگا ئەمنییەكان و هەواڵگرییەكان دەبوو ئاگایان لەوەزعەكە هەبوایە نەك ئیشیان لەسەر ناشرینكردنی یەكتری بكردایە، ئاگایان لەپلانێكی بەو جۆرە نەبووە، بڵێن ئاگامان لەو هێرشە نەبووە هەركارەساتە، بڵێن ئاگاداربووین و خۆمان بۆ ئامادەنەكردووە هەر كارەساتە.

باسی میحوەرت كرد، هەندێك میحوەری نزیك لەهەولێر و نزیك لەموسڵ دراوە بەكوڕ و برازاكانی بارزانی، پێت وانیە ئەمە متمانەنەكردنە بە فەرماندە سۆرانییەكانی ناو پارتی؟
عەمید سەرحەد قادر: من ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام هەركەسێك دەستی تفەنگی گرتبێت و شەڕی داعشی كردبێت من دەستی ماچ دەكەم، چونكە نەیهێشت ئاوات و ئامانجەكانی داعش بێتە دی، لەگەڵ ئەوانەش بەداخەوە لەم شەڕەی داعش كۆمەڵێك فەرماندە و پێشمەرگەی زۆر باش دروستبوون و كۆمەڵێك كەسان هەبوو نەجمە و داڵی لە سەرشانی جێگای نەدەبۆوە و وای نیشان دەدات بە لولەی دەبابە دانەكانی پاك دەكاتەوە، بینیمان هیچی پێنەكرا، دەبێت بۆ یەكخاڵ بگەڕێینەوە ئەویش پاداشت و سزا نەبێت ئەمە حاڵەكەمانە، لەكەركوك چەندین فەرماندەی لیوا و چەند تەقەمەنی و چەك بەجێماوە، كێ شەڕی كرد و كێ پاشەكشەی كرد، چی بۆ ئەو كەسانەی رایانكرد و سەیارە و مەلەفەكانی خۆیان بەجێهێشت و چی بۆ ئەوانە كرا شەهیدیان دا و بەرگرییان كرد، هیچ لێپرسینە و دەستخۆشییەك نەكرا.

دەمەوێت وەڵامی پرسیارەكەی پێشووم بدەیتەوە ئایا بارزانی متمانەی بە فەرماندە سۆرانییەكان نیە؟
عەمید سەرحەد قادر: من لەسەر كەركوك شارەزاییم هەیە، كاك كەمال كەركوكی بەرپرسی میحوەر بووە و سۆرانییە.

بەڵام كەمال كەركوكی چەند شكستێكی هێنا و پارتی لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكرد، بۆ سزای نەدرا؟
عەمید سەرحەد قادر: كاتێك كەمال كەركوكی هاتە ئەو میحوەرە، داعش چەند جارێك هەوڵیدا و هێرشی كرد و هاتە پێشەوە، من ناتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە بۆ سزای كەمال كەركوكی نەدرا، من هیچ بەرپرسیارێتییەكم لەناو پارتی نەبووە، من ئەفسەرێك بووم و  12 هەزار كەس بووین لەكەركوك بووین، ئێمە بووین كارمان كردووە.

كەواتە تۆ پارتی نیت؟
عەمید سەرحەد قادر:  من پارتیم بەڵام بەپرسیارێتیم نیە لەناو پارتیدا لەناو كەركوكدا و ئێمە لەسەر حكوومەتی عیراق بووین.

بەڵام دۆستایەتییەكی زۆرت هەیە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی، بۆ شكستەكانتان بە بارزانی نەوتووە؟
عەمید سەرحەد قادر: كێ دەڵێت پێم نەوتوون.

ئەی بۆ هیچ لێپرسینەوەیەكی نەكرد؟
عەمید سەرحەد قادر: لەوە دەچێت لیژنەی دروست كردبێت بۆ ئەو مەبەستانە، بەراشكاوی پێم وتوون و بروسكەم بۆ جەنابی كاك مەسعود كردووە و بڕیاریدا لیژنەیەك دورستبكرێت لەفەلەك و هەواڵگری گشتی و پاراستن و كەریم سنجاری و لەوەزارەتی پێشمەرگە تا پێداچوونەوە بكرێت، بەڵام ئەو بارودۆخەی هات بەسەریدا، زۆر شتی راستیم باسكردووە و باجی ئەو راستی وتنەم داوە و ناشرین بووم لەبەرچاوی خەڵكیدا.

دیمەوە سەر دۆخی كەركوك، پۆلیس پێشتر دەورێكی باڵای هەبوو، ئێستا لەژێر هەیمەنەی پۆلیس ماوە؟
عەمید سەرحەد قادر: پێش هاتنی داعش و ئەو هێزەی لەكەركوكدا بوو زۆرترین قوربانی دا، بەدوای مەرگی خۆیدا دەگەڕا و چەند جارێك خۆت بۆ رووماڵكردن هاتویت و 11 بۆمبی چێنراومان پێدا تەقیوەتەوە، جار هەبووە رۆیشتووم و لەوسەرەوە یەك سەیارە شەهیدم هێناوەتەوە، هیچم نەكردبێت شەڕی ناوشارم بردە دەرەوەی شاری كەركوك، تاكە بەرپرسی كورد بووم چوبێتمە حەویجە و ریاز و رەشاد و عەباسییە و بەدوای مەرگی خۆمدا دەگەڕام، 315 كەسم شەهید بوو لەپێناوی پارێزگاری شاری كەركوك، ئێستا هەموو پۆلیسی كەركوك لەگەڵ رێزمدا دەوری مەركەزێكی پێشوویان نیە، هیچ بەرپرسێكی پۆلیس ناتوانێت دوو پاسەوانی بەچەكەوە لەگەڵدا بێت، دەبێت هەموویان دەمانچەیان پێ بێت، پۆلیس بەهیچ شێوەیەك دەسەڵاتی دەرچوونی نیە، دەبێت لەژێر دەسەڵاتی دژە تیرۆردابن، پێش هاتنی داعش ئەو هێزەی كەركوكی دەپاراست و عەمەلیاتی دیجلە و فیرقەی 12ی راگرت، هەمووی هێزی پۆلیس بوو و دەورێكی سەرەكی هەبوو لەپێشتردا.

ژمارەیەك عەقیدی سەر بەبەڕێوەبەرایەتییەكان نەهاتن لەگەڵتدا و رۆیشتنەوە بۆ كەركوك لەدوای رووداوەكانی ئەم دواییە، ئەمە جۆرێك لەبێوەفایی نەبوو؟
عەمید سەرحەد قادر: لەسەرەتاوە  نزیكەی 270 كەس رایان كرد لەرووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك، بەشێكیان هاتنە سلێمانی و بەشێكیان چوونە هەولێر، برادەرانی یەكێتیش رایانكرد، بۆ ماوەی مانگ و نیوێك چاوەڕێیان كرد، ئامادەبوون بە 500 هەزاری حكوومەتی هەرێم بمێننەوە نەگەڕێنەوە بۆ كەركوك، بەداخەوە هەتا ئێستاش بۆیان نەكرا، ئەوانە بەوشێوەیە سەیریان دەكرد وەكوو دەروێشی كاربكەن و ئەوەشیان بۆ نەكردن، خەڵك ماڵ و مناڵی هەیە و سەیارەی پێیە و مەسرەفی هەیە، ئەو 270 كەسە پێشتر مووچەیان 3 بۆ 4 ملیۆن دینار بووە، هەندێكیشان تموحی روتبە و سەیارە و پارەیان هەبووبێت، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە 20 كەسێكە و تا یەك دینارییان لە حكوومەتی هەرێم وەرنەگرتووە، ئەگەر من لەكەركوك بوومایە و خەڵك لێی بقەومایە و بهاتنایەتە كەركوك ئەوەی پێویست بوو بۆم دەكردن، بەڵام وەزارەتەكەی حكوومەتی هەرێم تا ئێستا ئامادەنەبووە میواندارییەكمان بكات و یەكی 3 كارتی مۆبایل بدات بەو پۆلیسانە یا یەكی 50 هەزارییان بداتێ، ئەمە كارەساتە و خەڵكێك لەسەر تۆ رابكات و ئاوارە بكات، تۆ ئامادە نەبی گوێی لێبگریت، خۆی ناگرێت، من هاتوومەتەوە لەناو ماڵی خۆمدام  و دانیشتووم، كەسانێكی دیكە ئەوەیان پێ هەزم ناكرێت.

دوای كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە جموجۆڵێكی داعش هەیە، ئایا ئەمانە كێن؟
عەمید سەرحەد قادر: ئەمانە بەرپرسەكانی پێشووی قاعیدەبوون و ئێستا داعشن، هەندێكیان لە سوپای راشیدەین و نەقشبەندییان تێدایە، گروپ گروپن، لەناوچەی جەبەل حەمرین كەسێك بەناوی محەمەد سەلمان عەبودییە و ئەمە بەرپرسی باڵای داعشە و پێشتر لە قاعیدە بووە و هێزێكی باشی لەگەڵدایە و رۆژانە لەو سنورە دەبینرێن، تا ئێستا نەحەویجە و نەزاب و نە عەباسی و نە ناحییەی رەشاد و ریاز ئاوەدان نەكراونەتەوە و رێگەیان نادەن ئاوەدانی بكەنەوە، لەسنوری ناحییەی زاب كەسێك هەیە بەناوی ئەبو شەهد 70 چەكداری لەگەڵە و بەرپرسێكی داعشە، ئەبو تەلعە لە سنوری مەخمور هەیە و هێزێكی زۆری لەگەڵە و خەڵكی شەرگاتە، لە گوندی ماحوش و مەدینە كەسێك بەناوی نابس محەمەد سەنابل هێزێكی گەورەی لەگەڵە و چەك و سەیارەیان پێیە، لای ناحییەی ریاز و دبس ئەركان چاچانی سەرپەرشتیان دەكات و ناسراوە بە ئەبو حارس، لەحەوزەی حەویجە عەبدول مەجید ناسراو بەئیحسان سەرپەرشتی هێزێك دەكات، لەسنوری قەرەتەپە ناحییەی یایچی و مەلا مەجید یەكێكە لە بەرپرسەكانی داعش سەرپەرشتی هێزەكە دەكات، مەلا مەجید یەكێكە لەو كەسانەی لەگەڵ مەلا شوان سەرپەرشتی هێرشەكەی سەر شاری كەركوكی دەكرد، ئەمە لەلایەن ئەمرییكییەكانەوە داواكراوە و بەشێك لەمانە لای ئەمرییكییەكان دەستگیركراون و دواتر بەربوون، لە زەرگە هێزێكی گەورەی داعش لەوێیە، ئەحمەد عەلی رەشید بەرپرسی حزبی بەعسی پێشوو و بەرپرسی ئێستای داعش بەهێزێكی گەورەوە لە دوڵی گورگەكانە، لەو سنورانە هێزێكی باشیان لەگەڵە، هێزی عیراق تەنها چونەتە ناو ناحییەكانی حەویجە و زاب و عەباسی و رەشاد و ریازەوە، بەڵام نەچوونەتە دەرەوەی ناحییەكان، لەو ماوەیەی پێشوو عەقید عەباس و كوڕەكەی و هەشت كەسیان كوشت.

پارتی چەند شوێنی لەكەركوك لەدەستداوە وەكو پۆلیس و حزب؟
عەمید سەرحەد قادر: ئەو شوێنانەی بەدەست ئێمەوە بووە وەكو پۆلیس، مەركەزی شورتەكانی دبس، ئاڵتون كۆپری، كەڵوڕ، بەرێوەبەرایەتی ئینزیبات و نەهێشتنی تاوان، بەرێوەبەرێتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان و تەركەلان و بەشیر و ئازادی و نەهرییە و دزینی ئۆتۆمبێل و ئاسار و سەرگەران و چەندین شوێنی تر بەدەست پارتییەوە بووە، 18 شوێن پێشتر بەدەست پارتییەوە بووە لەو 18 شوێنە 7 یان بەدەست یەكێتیەوەیە، ئەوانی تر دراوە بەعەرەب و توركمان، جگە لەوانە موفەتیشیەی تیجارە و ئینشائییە و سایلۆی كەركوك و یەكێتی زانایانی ئاینی و قائیمقامی دوبز و بەرێوەبەرایەتی ناحییەی سەرگەران و بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی دوبز و فەرمانگەی ئاو و بەرێوەبەرایەتی ئاوی دوبز، نوسینگەی تاوانەكان، چەندین شوێنی تر كۆی هەمووی 44 شوێن بووە پێشتر بەدەست پارتییەوە بووە ئێستا عەرەب و توركمانەكانەوەیە، لەگەڵ ئەمانەش نزیكەی هەزار ئەفسەر و پۆلیسی پارتی لەكەركوك دەوام دەكەن.

14 ساڵە تۆ پلەت عەمیدە، لەم ماوەیەی پێشوو بەر لەوازهێنانی لەسەرۆكایەتی هەرێم، بارزانی پلەی وەستا حەسەن بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و هەڵكەوت عەبدوڵلای بەڕێوەبەری ئاسایشی یەكێتی لەكەركوك بەرزكردەوە بۆ لیوا، بۆ ئەوەی تۆ نەكرا؟
عەمید سەرحەد قادر: بڵێم چی، وازی لێبێنین باشترە، هەر ئەوانە نەبوون چوار كەس بوون، د. نەجمەددین پێی وتم دەرۆم بۆ لای بارزانی، پلە بەرزكردنەوەی دوو كەس لەسلێمانی و دووان لەكەركوك كاك حەسەن لەسلێمانی و یەكێكی تر و كاك هەڵكەوت و برادەرێكی تر بوون، پێی دەڵێم بۆ پلە بەرزكردنەوە و ئەوەی تۆشی پێدەڵێم، پێم وت من پێشتر نووسراوەكەم داوەتێ لەهەمان كات بەكاك نێچیرم وت وتی من دەیكەم، بەداخەوەم ئەوەی ئەوانیان كرد و ئەوەی منیان كرد، تازە ئەگەر بۆم بكەن نامەوێت، چونكە لەكاتی باران فەرەنجی پێویستە، ئەو كاتە بۆ من خۆش بوو بكرایە، كاتێك بەعەقیدی چوومە كەركوك دووهەمین تاكە ئەفسەر بووم لەسەر ئاستی هەموو عیراقدا ئەمریكییەكان پلەی ژەنەراڵیان دا بەمن، تەحەددا ئەكەم هیچ ئەفسەرێكی كورد ئەو پلەیەی بەفەرمی وەرینەگرتووە، دەبوایە بۆ كەس نەكرایە پلە بەرزكردنەوەكەی من بكرایە، ئێستا هەندێك ئەفسەر هەیە سەرشانیان پڕە لە روتبە، یا مفەوەز بوون یا خوار مفەوەز بوون، ئێستا بوون بەعەمید و ئەوەی من لەشوێنی خۆی راوح دەكات.

كەواتە كەناتكەن بەلیوا بۆ خۆت خانەنشین ناكەیت؟
عەمید سەرحەد قادر: داوامكردووە و بەرێوەبەری ئاسایشی كەركوكم لەگەڵدا بوو بەكاك نێچیرم وت پێش ئەم بارودۆخە، پێم وت بیكە بەخاتری گۆڕی باوكت بەیانی فەرمانی خانەنشینییەكەی من دەربكە یا بمگەڕێننەوە بۆ هەولێر، لیوا هەڵۆ شاهیدە، كاك نێچیر وتی ئێستا تۆ بگەڕێنینەوە كێ بنێرینە كەركوك، پێم وت هەركەسێك بنێریت لەمن باشتر بەڕێوەی دەبات، چونكە دەمزانی بارودۆخی كەركوك تێكدەچێت.

زۆرجار باس لەوەكراوە بەدەیان ئۆتۆمبێلی درع و چەكی "M4" و بەدەیان كاتیۆشات لە پارتی وەرگرتووە؟
عەمید سەرحەد قادر: سوێند دەخۆم ئەگەر یەك چەك، یەك فیشەك لەلایەن پارتییەوە درابێت بەمن، ئەگەر داویانە بەمن با وەڵامیان هەبێت، لەهەموو تەمەنمدا لەكەركوك یەكجار ئۆتۆمبێلێكیان بۆ كڕیم دواتر گۆڕیان بۆ ئۆتۆمبێلێكی خراپتر، نە نەسرییە و نەچەك و نە ئۆتۆمبێل نەدراوە بەمن، ئەگەر وەرمگرتووە پێم خۆشە بەیانی بانگم بكەن و لەسەر ئەم قسانە لێپرسینەوەم لەگەڵ بكەن.

14 ساڵە عەمیدیت و ناكرێیت بەلیوا، 14 ساڵە هیچ هاوكارییەكت وەرنەگرتووە، ئەی چی دەكەی لەناو پارتیدا و دوای ئەم حزبە كەوتویت؟
عەمید سەرحەد قادر: پێشتر باسم لەوەكرد لە عەمید خەتابەوە تا دواین پۆلیس سەر بەكەركوكین، كۆمەڵێك خەڵك ئەم قسەیەیان قۆستەوە و وتیان عەمید سەرحەد دەڵێت من ئەفسەری عیراقم، ئێ ئەمە حەقیقەتە، ئێمە سەر بەحكوومەتی مەركەزین، نە عیراق هیچی بۆ كردین نە هەرێم، تەنها ئەفسەر بووم كاتێك قواتی عەمەلیاتی دیجلە ویستی بێتە كەركوكەوە كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ تەلەفۆنی بۆ كردم وتی لەمەكتەبی سەرۆكم لای كاك مەسعود، بەفەرمانی دكتۆر نەجمەدین كەریم تەلەفۆنی بۆ كردم وتی لای جەنابی مام جەلالم، پێش بەقواتی دیجلە بگرە نەیەنە كەركوكەوە، دواتر عەلی غێدان تەلەفۆنی بۆ كردم وتی وەرە بۆ بەغدا وتم نایەم، مەجلیسیان لەبەغدا لەسەر دروستكردم بمدەن بەدادگای سەربازی و یەك كەس بەرگری لێنەكردم، چومە بەغدا لەبەردەم لیژنەكە وتم بەفەرمانی سەرۆكی عیراق لیژنە لەسەر عەلی غێدان دروستكراوە، ئێوە هاتوون لەبری هەموو سەركردایەتی كورد دادگایی من دەكەن، فەریق مەسعود لەلیژنەكە وتی بدەم بەمەحكەمە یا لەسێدارەت دەدەن یا 20 ساڵ حوكم دەدرێت، بەڵام لەسەر جەرائەتت هیچ ناكەم، بۆ مێژوو دەیڵێم لەداقووق بەولاوە هیچ پەیوەندییەكم لەگەڵ ئەفسەرەكانی عیراق نەبووە، وەكو هەندێك جاسوسیم نەكردووە و لەپۆلیسی كەركوك بوون بەجاسوسی وەزیر و مونەزەمە و تاكە بەرپرسی عیراق، سێ جار بانگكرامە بەغدا هەر سێجارەكە بۆ دادگاییكردن بوو.

لەرووبەروو بوونەوەكان، ئاسایشی پارتی و پۆلیسی ئێوە شەهید و برینداردەبوون، مەسرور بارزانی فەرمانی دەكرد بەپێدانی پارەیەكی زۆر بەشەهیدەكانی ئاسایش و لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی هیچی نەدەدا بە پۆلیس، ئەمە پەیوەندی بەو ململانێیەی بنەماڵەی بارزانییەوە نەبووە؟
عەمید سەرحەد قادر: ئاسایشی پارتی لەكەركوك لەژێر سەرپەرشتی مەسرور بارزانی بوون، ئێمەش چەند جارێك داوامانكردووە هاوكاری ماڵە شەهید و بریندارەكانی پۆلیس بكرێت، شەهیدێكی ئاسایش 5000 هەزار دۆلار و بریندارێكی ئاسایش 2500 دۆلاری وەرگرتووە، شەهیدی پۆلیس لەدوای سێ مانگ یەك ملیۆن دینارییان بۆ خەرجدەكرد، بۆ بریندارێك لەدوای شەش مانگ 500 هەزار دیناریان بۆ دەنارد، زۆر داوامانكرد ئەو جیاوازییەی لەنێوان پۆلیس و ئاسایش نەكەن، تا ئەمریكییەكان لەوێ بوون هاوكارییان دەكردین لەهەموو روویەكەوە، شوێن هەبووە بڕە پارەی زۆر گەورەی وەرگرتووە، بۆ ئێمە نەبووە، هەركاتێك بچوینانە بۆ داوای نەسرییە وەكوو ئوسامە بن لادن تەماشایان دەكردین، زۆرینەی ئەفسەرەكانی كەركوك دوو مووچە و سێ مووچەیان وەرگرتووە.

لەسەروبەندی ریفراندۆم مەسرور بارزانی 500 پارچە چەكی نوێ و  75 ئۆتۆمبێل نێردرا بۆ كەركوك، هیچی بەر ئێوە كەوت؟
عەمید سەرحەد قادر: یەك چەك و یەك تایەی سەیارە بەر ئێمە نەكەوت و هەردوو ئاسایشی یەكێتی و پارتی وەریانگرت، بەس نازانم ژمارەكە زیاترە یا كەمترە، لەلایەن مەسرور بارزانییەوە ئەو چەك و سەیارانە رەوانەی كەركوك كران و دایان بەوان، ئەوەش لەسەر داواكاری دكتۆر نەجمەدین كەریم بوو و داوای لەبارزانی كرد بینێرێت.

بۆ دكتۆر نەجمەددین داوایكرد؟
عەمید سەرحەد قادر: ئەو كاتە كۆبوونەوەیەك كرا، هەتا یەكێتی كردی بەهەڵایەكی گەورە كە فەرماندەكانیان لە31ی ئاب چوونەتە لای بارزانی، ئەو رۆژە د. نەجمەددین داوایكردبوو.

دوای ئەوەی خەلًَكانێكی زۆر ئاوارەی كەركوك بوون، 150 دەفتەر دۆلار بەسەریاندا دابەشكرا، لەوە هیچیان نارد بۆ ئێوە؟
عەمید سەرحەد قادر: من نازانم ئەو پارەیە دراوە یا نا یا دابەشكراوە یا نا، منیش ئەوەم بیستووە، دوو ئەوەندەیە یا كەمترە یا زیاترە، زانیم بڕە پارەیەك دراوە لەلایەن مەكتەبی مەسعود بارزانی و نوسینگەی نێچیرڤان بارزانییەوە درا، ئەگەر بدرایە بەئاوارە دەبوو من و پاسەوانەكانم وەرمان بگرتایە، ئاگامان لەچۆنێتی دابەشكردنەكە نین.

زۆر جار لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان دەردەكەویت، پێشتریش كۆمەڵە بوویت، ئەم پەیوەندییە بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە یاخوود سەردەم و پەیوەندییەكی نوێتان هەیە؟
عەمید سەرحەد قادر: وەكو خۆم پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ گۆڕان هەیە، لەپرسەی باوكم هەموو سەركردایەتی گۆڕان هاتوون، برادەرانی یەكێتی زۆرینەیان هاتوون، من پەیوەندییەكی تایبەتیم هەیە لەگەڵیان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی لەكەركوك كارمكردووە.

تۆ پێشتر كۆمەڵە بوویت ئێستا مەیلت بەلای یەكێتیدا نیە؟
عەمید سەرحەد قادر: سەردەمێك یەكێتی بووم و فەخر بەیەكێتی بوونمەوە دەكەم و پەشیمانیش نیم، لەسەر یەكێتی بوونم باوك و برام دەستگیركراوە، ئەو كاتەی یەكێتی بووم ئەگەر بەشداری شەڕێكم نەكردایە لەدەستەی هێرش نەبوومایە شەرمم لەخۆم دەكرد، بەڵام تائێستا ئەوەی بیرم لێی نەكردبێتەوە ئەوەیە هیچ بەرپرسیارێتییەك وەربگرم لەكاری حزبایەتی و دەمەوێت لەماڵی خۆم دانیشم.

بەتەمای واز لەپارتی بێنیت؟
عەمید سەرحەد قادر: بەتەمام ئیتر لەگەڵ مناڵەكانم ژیانێكی ئاسایی ببەمە سەر.

دەست لەكاركێشانەوەت پێشكەش بەپارتی كردووە؟
عەمید سەرحەد قادر: هیچ بەرپرسیارێتییەكم نیە تا دەست لەكاركێشانەوە پێشكەش بەپارتی بكەم، هیچ بەرپرسیارێتییەكم نەبووە تا لێم وەربگرێتەوە یا بمداتێ، چواردە ساڵە عەمیدم دكتۆر نەجمەددین بەپارتی دەوت با پلەكەم بەرزبكرێتەوە، 10 شەهیدم لەناو بنەماڵەكەم هەیە، بریندارمان هەیە، بۆ كەركوك نەبووایە ئەوەم قبوڵنەدەكرد.

وەكو سندوقی رەشی پڕ زانیارییت بەتایبەتی لەكەركوك، پێت وایە پارتی لەسەر ئەو دەست لەكاركێشانەوەیەت وازت لێبێنێ و تیرۆرت نەكەن؟
عەمید سەرحەد قادر: هەر كەسە و بەرنامەیەكی هەیە بۆ ژیانی خۆی، من نەخۆشم لەئێستادا، پێشتر دەرمانخوارد كراوم، دەبوایە ئێستا لەدەرەوە بوومایە بۆ چارەسەر، تا ئێستا كەس لەپاسەوانەكانمی نەپرسیویەتەوە، دەمەوێت ژیانێكی ئاسایی بەسەر بەرم.

وتم نهێنی زۆر تایبەتت لایە، پێت وایە لەسەر ئەوە تیرۆرت نەكەن؟
عەمید سەرحەد قادر: بەڵێ نهێنێ زۆر زۆر تایبەتم لا هەیە، لەسەر هەموو بوارەكان لام هەیە، كاتێك ئارەزووم لە شتێك نەما نایكەم، یاخوا لەدوای ئەو هەموو خەباتەوە تیرۆریشم بكەن.

لەسەر فەرمانی گرتنەكەت لەلایەن بەغداوە، باوەڕت بەوە هەیە پارتی پشتیوانیت لێ بكات؟
عەمید سەرحەد قادر: لە 1/1/2017 تا تا ئەو كاتەی كەركوكم بەجێهێشتووە، 243 كەس كە پێشتر دەستگیرمكردوون، حوكمم دراون بە لەسێدارەدان بەربوون لەو مەحكەمەیەی منیان داواكردووە، ئەوە لەسەر دبسە ئەوەی داوایانكردووم، خەڵك پەلاماری قائیمقامییەت و ناحییەی دا، چوین چارەسەرمان كرد، ئەو دادوەرەی پێشتتر لەسەر ئەو بابەتە كەیسی لەسەر دروستكردم داوای لێبوردنی كرد و برایەكی خۆشی نارد، نهێنی زۆر تایبەتم لەسەر ئەو پرسەش هەیە، پێم وتوون چارەی دەكەن چارەی بكەن، چارەیان نەكرد قسەی خۆمم هەیە.

بۆ لەكەركوك شەڕت نەكرد، كاتێك لەسەر شاشەكان دەردەكەوتیت لەپێشەوەی شەڕ بوویت، بۆ شەرەفی شەهید بوونت بەخۆت رەوا نەبینی؟
عەمید سەرحەد قادر: ئێستا تەمەننا دەكەم لەسەر جێگا نەمرم، خۆزگە بمردمایە و كەركوك وای لێ بەسەر نەهاتایە، ئێمە هەموو ئەفسەر و پۆلیسەكانی كەركوك سەر بەعیراق بووین، پۆلیسی بەغدا بوین، پاراستن و زانیاری و ئاسایشەكانی كەركوك و یەكێتی و پارتی لەكەركوك پەنجا بارەگای هەبوو، تەنها ئێمە باڵانسمان راگرتبوو، نایشارمەوە ئەو شەوە دوو پەیوەندیم پێوەكرا لەسەر وەزعی د.نەجمەددین، من چوومە لای د. نەجمەددین، قسەمان لەگەڵ فەرماندەی لیواكان كرد بۆ مەسەلەی شەڕكردن، دواتر پێم وترا بەهەرچونێك بووە د. نەجمەددین دەربكەین و بیپارێزین، من سەرقاڵ بووم بەپارێزگاری كەركوكەوە، كە قسەم لەگەڵ فەرماندەی لیواكان دەكرد بەداخەوە لەناحییەی تازە ئەو پۆلە پێشمەرگەیە شەهیدبوون، ئەو شەڕەی لەدووز كرا و دواتر هەموو هێزەكان كشانەوە، میحوەرەكەی د. كەمال كەركوكی یەك تەقەی تێدا نەكرا و كشانەوە دواوە، بەتەنها كەسێك من چیم پێدەكرا، دوای ئەوەی د. نەجمەددینم دەركرد، فەرماندەی میحوەر و لیواكان هەموو هێزەكان كشاونەتەوە.

دەڵێن بەفەرمانی خودی مەسعود بارزانی د. نەجمەددینت بردە هەولێر؟
عەمید سەرحەد قادر: كاك مەسعود تەلەفۆنی بۆمن نەكرد، نازانم بۆ كێی كردووە، شێخ رەوانی برای كاك نێچیر تەلەفۆنی بۆ كردم وتی ئاگات لەد. نەجمەدین بێت و دەریبكەن، من دەزانم ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارێزگاری یەكێتی بووە لەكەركوك، كەسێك بووە لەو شارە یەك سێو بۆ من سوودی نەبووە، لەشەڕی جەواهیر مۆڵ خراپترین پەیوەندیمان هەبووە.

بۆ بنەماڵەی بارزانی ئەوەندە بەتەنگ د. نەجمەدینەوە بوون؟
عەمید سەرحەد قادر: ئەو شەوە شێخ رەوان تەلەفۆنی بۆكردم بەناوی كاكییەوە "نێچیرڤان بارزانی" تەئكیدی دەكردەوە دەبێت د. نەجمەددین كەریم دەربكرێت، ئێمە دەربازمان كرد و دواتر چووە لای كەمال كەركوكی لەپردێ، مەبەستیان بوو بەسەلامەتی دەربكرێت، من نازانم چی لەنێوانیان بووە، د.نەجمەدین دەتوانێت ئەو مەبەست و مەهامی دەركردنە خۆی وەڵامی هەبێت.

ئەدهەم بارزانی لەزۆربەی بۆنەكان دەردەكەوێت بەڵام نەهات بۆ پرسەكەی باوكت و تەلەفۆنیشی نەكرد، هەست بەناكۆكییەی قوڵ دەكرێت لەنێوانتان، تاچەند وایە؟ بۆ ئەوەنە ناگەڕێتەوە ئەدهەم بارزانی چاوی بەكەس هەڵنایەت یا بۆ ئەوەیە تۆ لەگەڵ كەس ناگونجێیت؟
عەمید سەرحەد قادر: من رێزم بۆ شێخ ئەدهەم هەیە، ئەو مەسئولی من نیە تا لەگەڵی بگونجێم یا ئەو نەگونجێت، كارەكانمان زۆر دوورە لەیەكترییەوە، نەهاتووە بۆ پرسەمان كەیفی خۆیەتی و هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت لای من، برادەرانی تریان هاتووە ئەو بۆ نەهاتووە دەتوانێت خۆی قسەی لەسەر بكات، هیچ شتێك لەنێوانمان نیە، نە من بەتامی شوێنی ئەوم، نەئەویش بەتەمای ئەوەیە كەسێكی خۆی بێنێتە شوێنی من.

مەوداپرێس: مانای ئەوەیە ناكۆكیتان نیە؟
عەمید سەرحەد قادر: من نازانم بەلای منەوە ناكۆكیی نییە.

لەپەیجەكانی پارتی و سەر بەمەسرور بارزانییەوە هێرشت دەكەنە سەر بەتایبەت لەسەر كەركوك، هۆكارەكەی چییە؟
عەمید سەرحەد قادر: بەداخەوە ئێستا هەندێك منداڵ دەتوانێت بەئارەزووی خۆی قسە بكات، من تەماشایان ناكەم، ئەوەندە ئەوانە لای من زۆر بچووكن بەس گوێم لە گیزەكەیانە، ئەوانە ناتوانن بەرگری لەخۆیان بكەن، نەك بتوانن رووبەڕوو بووەستنەوە، ئەوانە وەكو ئاژەڵێك وان دەچن لەسەر شاخێك دەلەوەڕن و شەو دێتەوە كاوێژ دەكات، من سەرحەد قادرم ئەگەر دەست و قاچێكم نەبێت حساب بۆ هەندێك ناكەم، ئەوانە شت لەسەر مردوو دەنووسن نەك زیندوو، ئەوانە كەی توانیان بەرگری لەخێزانەكانی خۆیان بكەن باگەردنیان ئازادبێت لەسەر منیش بنووسن.

بەو حوكمەی ناكۆییەك هەیە لەنێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، تۆش لەسەر نێچیرڤان بارزانی حساب دەكرێیت، ئەو نزیكییەت لە سەرۆكی حكومەتەوە نەبووەتە بەربەست لەبەردەم كارەكانت لەناو پارتیدا و پێشكەوتنەكانت؟
عەمید سەرحەد قادر: نە پیاوی كەسم و نەخۆم بەپیاوی كەس دەزانم، نە شێخ و ئاغام، ئەگەر كەركوك نەبوایە قەت ئامادەنەبووم بە عەمیدی و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحییەكان ئەو كارە بكەم، سەردەمێك كاك مەسعود تەلەفۆنی بۆ كردم لەبەریتانیا بووم بۆ چارەسەر، ئەوەش لەوەوە هات رۆژنامەیەك نووسیبوی عەمید سەرحەد پارتی بەجێهێشتووە و رۆیشتووە، شیڤانی كوڕی نیهاد بارزانی بوو یەكسەر وتی ئەوە جەنابی سەرۆك لەگەڵتە، وتی كاك سەرحەد تۆ مەنسور و مەسروریت بۆ من،  من وام بینیوە مەلا مستەفا دوو كوڕی هەیە مەسعود و ئیدریس، ئێستاش بارزانی دوو كوڕی هەیە نێچیر و مەسرور، من نەچوومەتە ناو ململانێی ئەو دوو كەسەوە، حەقیشم بەسەریانەوە نیە، شتێكی بەزەقیم بەو شێوەیە نەبووە، ناكرێت من داوای هەموو شتێك بكەم، هیچیان بۆ نەكردووم ماڵیان ئاوابێت.
 




PM:12:10:31/01/2018