ئەفریقا لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریدا

ئەفریقا لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریدا
مەوداپرێس-

هەرچەندە ئەفریقا لە ماوەی پێشوودا بەدەست کۆمەڵێک دیکتاتۆرەوە گیری خواردبوو، لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک شۆڕش و راپەرینی گەورە سەریهەڵدا و لە هەندێک شوێنیشدا جەنگی ناوخۆ بەرپابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیوای قۆناغێکی نوێ و ئاشتی و ئارامی لە زۆر وڵاتی ئەفریقیدا سەریهەڵدا، گرنگترینیان لە زیمبابۆی بوو، کاتێک کۆتایی بە حکومی 37 ساڵەی رۆبێرت موگابی دیکتاتۆر هێنرا و لەئێستاشدا یەکەمین هەڵباژردنی ئازاد دەکرێت، لە مالیش هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەکرێت، بۆئەوەی پرۆسەی دیموکراسی بەتەواوەتی لەو وڵاتدا بسەپێت، ئەوەش پاش کۆتاییهێنان بە حوکمی ئامادۆ لە ساڵی 2012 دێت، هەروەها ئەم وڵاتەش رووبەروی کێشەی تیرۆری گەورە دەبێتەوە. لێ هەواڵی ناخۆش لە وڵاتی « جزر قەمەر» ەوە دێت، کاتێک سەرۆکی ئەم وڵاتە دەیەوێت بۆ سێیەمجار خۆی بپاڵێوێتەوە، ئەمەش لەرێگەی راپرسییەکەوە، کە زۆرێک لە هێزە ناوخۆیی ودەرەکییەکان، بە سەرەتای دروستبوونی قۆناغی دیکتاتۆری دادەنێن.

لە زیمبابۆی قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات
رۆژی دووشەممە 30.7 لە زیمبابۆی بۆ یەکەمجار لەپاش نەمانی حوکمی رۆبێرت موگابی کە ماوەی 37 ساڵ حوکمی ئەم وڵاتەی کرد و بە تەمەنترین دیکتاتۆری جیهان بوو کە تەمەنی 94 ساڵە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی دەستیپێکرد. ئەمەش بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەم وڵاتە دادەنرێت.

کۆتایی حوکمی دیکتاتۆر
ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی ئازاد بوو لە پاش نەمانی حکومی دیکتاتۆری موگابی کە لە ساڵی 1980 ەوە تا 2017 حوکمی وڵاتی کرد. لەم هەڵبژاردنەشدا کاندیدی سەرەکی ئیمرسۆن منانگاگوای جێگری پێشووی موگابی تەمەن 75 ساڵ، شانسی گەورەی هەیە ، چونکە چ پارت و سوپاش پشتگیری تەواوی دەکەن، هەروەها رۆڵێکی گەورەشی هەبوو لە رووخانی رژێمی موگابی، لەبەرامبەریشدا وینلسۆن شامیسا سەرۆکی پارتی گۆڕینی دیموکراسی، کە پارتێکی نەیاری موگابی و رژێمەکەی بوون.

موگابی دژی پارتەکەی وەستایەوە
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو رۆبیرت موگابی لە کۆشکە گەورەکەیدا کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لە دژی پارتەکەی یەکێتی نیشتمانی زیمبابۆی» بەست و رایگەیاند: ناتوانم دەنگ بەو کەسانە بددەم، کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کردم.

زۆرینەی خەڵکی بەشداربوون
بەپێی زۆرێک لە میدیاکانی جیهان بێت، ئەمجارە خەڵكێکی زۆر دڵیان بەم هەڵبژاردنە خۆشبوو، بەتایبەتی گەنجەکان، کە لە شەوەوە ریزیان گرتبوو تاوەکو بۆ بەیانی دەنگ بدەن، لەرووی بەشداربوونیشەوە نزیکەی 75% ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشداری پرۆسەکەیان کردووە.

گەشبینی خەڵكی
لە وتەیەکیەدا ئیمرسۆن منانگاگوای لەبەردەم لایەنگرانی پارتەکەیدا رایگەیاند: قۆناغێکی نوێی دیموکراسی دەستپێدەکات. راشیگەیاند: هەوڵ دەدەم رەوشی ئابووری ولات باشبکەم ، ئەوەش لە رێگەی لەناوبردنی گەندەڵیی و بەهێزکردنی شەفافیەت و بازاڕی ئازادو هاندانی سەرمایەگوزاری بیانییەوە.

بە گشتیش خەڵكی زیمبابۆی گەشبینانە بۆ ئەم هەڵبژاردنە نوێیە دەڕوانن و ئەگەری زۆریش هەیە کە گۆڕانکاری زۆر رووبدات. بەپێچەوانەوە لە باکووری زیمبابۆیەوە، هەواڵەکان باش ناڵێن بەتایبەتی لە « جزر قەمەرەوە»

جزر قەمەر گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر
جزر قەمەر لە سێ دوورگەی گەورە پێکدێت و دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقاوە ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە نیو ملیۆن کەس. ئەم وڵاتە هەتاوەکو ساڵی 1975 کۆڵۆنیای فەرەنسا بوو، لێ پاشان سەربەخۆیی وەرگرتو لە ئێستادا ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراویی یەکێتی ئەفریقا و کۆمکاری عەرەبیشە.

20 کودەتای سەربازی
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم وڵاتە لە پاش رزگاربوونی لە چنگی داگیرکاری فەرەنسییەوە هیچ کاتێک بە تەواوەتی ئارامی بەخۆوە نەدیوە، لە ساڵی 1975 ەوە 20 کودەتای سەربازی تێدا رووداوە. لە ساڵی 1999 دوایین کودەتا بوو کە لەلایەن غەزالی عوسمانییەوە ئەنجامدرا و لێرەشەوە هیوایەک هەبوو کە کۆتایی بە حوکمی سەربازی بهێنێرێت و ساڵی 2002 بۆیەکەمجار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد، ساڵی 2016 یش دووبارە عوسمانی وەکو سەرۆک هەڵبژێرایەوە. لەئێستاشدا خەونی گەورەتری هەیە و دەیەوێت زیاتر بمێنێتەوە.

سەپاندنی حوکمی دیکتاتۆری
لە ئێستادا غەزالی عوسمانی هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکردووە بۆئەوەی ماوەی زیاتر لە سەرۆکایەتی وڵات بمێنێتەوە کە وابڕیارە لە 2021 کۆتایی بە حوکمی بهێنرێت، بەڵام ئەو لەئێستادا دەیەوێت راپرسییەک ئەنجام بدات تاوەکو جارێکی تریش بتوانێت حوکمی وڵات بکات، نەیارانی عوسمانیش بەسەرەتای دیکتاتۆری دادەنێن. لەمبارەیەوە یوسف بوینا سەرۆکی پارتی گەشپێدانی جزر قەمەر بەئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاند: ئەم راپرسییە نادەستوورییەو کودەتایەکیشە سەرۆک ئەنجامی دەدات.
هەربۆیە زۆرێک لە ناوەندە سیاسیەکانی ئەفریقا و جیهانیش، بە گومانەوە سەیری ئەم هەوڵەی سەرۆک غەزالی عوسمانی دەکەن و بە هەنگاوی یەکەمی دادەنێن بۆ رژێمی دیکتاتۆری. بەڵام هەواڵەکان لە ناوەڕاستی ئەفریقا کەمێک خۆشترە، بە تایبەتی لە مالی.

مالی هیوایەک بۆ ئاشتی و ئارامی
مالی یەکێکە لە وڵاتەکانی ئەفریقا و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ئەم کیشوەرەوەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 18.5 ملیۆن کەس، لەساڵی 1960 ەوە لە ژێر حوکمی کۆڵۆنیای فەرەنسی رزگاریبووە، بەڵام ئەمیش وەکو هەموو وڵاتانی تری ئەفریقا رووبەڕوی حوکمی عەسکەر و دیکتاتۆری بوویەوە، بۆیەکەمجاریش لەساڵی 1968 یەکەم کودەتای سەربازی روویدا.

پرۆسەی دیموکراتیزەکردن
لە ساڵی 1968 ەوە موسا تراوری حوکمی ئەم وڵاتەی گرتە دەست و هەتاوەکو ساڵی 1992 وەکو دیکتاتۆرێک حوکمی وڵاتی گرتە دەست، پاشان لەساڵی 1992 ەوە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لەسەر دەستی ئامادۆ تۆمانی توری دەستیپێکرد. هەرچەندە ئەم پرۆسەیەش کێشەی تێدابوو بەڵام بەردەوام بوو هەتاوەکو ساڵی 2012 دووبارە سوپا کودەتای کرد و کۆتایی بە حوکمی ئامادۆ تۆمانی هێنا، بەڵام پاشان لەساڵی 2013 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد و ئیبراهیم ئەبو بەکر کیتا توانی هەڵبژاردنەکە بباتەوەو هەتاوەکو ئەمساڵ بەردەوام بێت.

ئەگەری زۆری هەیە ببیاتەوە
بەپێی دوایین راپۆرتی میدیاکان بێت، ئەگەری ئەوەیە هەیە کە دووبارە کیتا ببێتە بە سەرۆک ، لەمبارەیەوە مامادۆ مکارا وتەبێژی سەرۆکایەتی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، : بە پێی دوایین دەرئەنجام بێت سەرۆک کیتا لە پێشەوەی کاندیدەکانی ترەوەیە.

24 کاندید بەشداربوون
جێگەی ئاماژەیە لەم هەڵبژاردنەدا 24 کەس خۆی بۆ سەرۆکایەتی پاڵاوتووە، ژنێکیش لەناو کاندیدەکان بووە. بەهێزترین کەسایەتییش کەنەیاری کیتا بوو، سمایل سیسی بووە، کە سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە .

کۆتایی بە نا ئارامی سیاسی و جەنگی ناوخۆ
جێگەی ئاماژەیە زۆرێک لەمالییەکان دڵیان بەم هەڵبژاردنە خۆشە، تاوەکو ئەم وڵاتە لەو قەیرانە سیاسیی و ئابووریە رزگاری بێت، کە ماوەی شەش ساڵە بەرۆکی گرتووە، جگەلەوەش لە باکوور و ناوەڕاستی وڵاتیشدا، سووپا لە دژی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لەجەنگێکی گەورەدایە.

ئامادەكردنی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
سەرچاوە:فرانس 24، فرانس پرێس. شپیگل ئۆنلاین


PM:12:20:04/08/2018






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌