عەلی عەونی:
بزوتنەوەی گۆڕان هیچی نەگۆڕیوە بۆیە خەڵك سزایداون سیاسیەتێكی هەڵەیان هەیە

عەلی عەونی:<br>بزوتنەوەی گۆڕان هیچی نەگۆڕیوە بۆیە  خەڵك سزایداون سیاسیەتێكی هەڵەیان هەیە
مەوداپرێس-
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەنێت, پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنەكان هەموو رێكارەكانمان گرتۆبەر و چاوەڕوانی وادەی بانگەشەین.

لە میانەی دیدارێكی لەگەڵ مەوداپرێس عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند" ئێمە وەكو پارتی ئەوپەڕی هەوڵماندا كە كورد بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عیراق بكات بەڵام لایەنەكانی دیكە ئەوەیان قبوڵ نەكرد, وایان دەزانی ئێمە بۆ ئەوەمانە چونكە خۆمان لاواز بووین و دەنگ ناهێنین, ئەوان هەریەكە و 50 كورسی دێنن, ئەگەر بایكۆتمان بكردایە هەڵوێستی دونیا و عیراق و رەوشەكە بەجەوێكی دیكە دەبوو, بەداخەوە سیستمەكەش وا بو ئەگەر ئێمەش بەشداری نەكەین خەڵكی دیكە دەچوە پەرلەمان كورسیەكانمان بە چۆڵی نەدەمایەوە بۆیە بە ناچاری بەشداربووین, بە لایەنە كوردیەكانمان ووت كە بەشدار دەبین با بەیەك لیست بەشداری بكەین دیسان ئەو لایەنانە ئامادەنەبوون وتیان" پارتی دۆڕاوە و نامانەوێت لەگەڵ حزبێكی دۆڕاودا بچینە لیستێكەوە"
 لەئێستاشدا هەریەكە و لیستێكی هەیە و ئەوەی دەرچوە و دەرنەچوە, ئەنجامەكان رونە ئامادەین بە یەك بەرنامە و پاكێجێكمان هەبێت وەكو كورد ئەوە بۆ كورد باش نیە هەریەكە و لەگەڵ عەبادی و مالیكی  بە جیا كۆدەبنەوە ئەوەی داواكاری كورد جێبەجێ‌ دەكات ئێمە لەگەڵ ئەودا هاوپەیمانی دەكەین".

راشیگەیاند" ئێستاش ئێمە چاومان لەوەیە لایەنە ناڕازیەكان بێن بەیەكەوە بەشداری پرۆژەكەی یەكێتی و پارتی بن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی سەردانی لایەنەكان بكەین ئەگەر هەموو حزبەكان بەیەكەوە بەشداری بكەین بڕۆینە بەغداد سەنگی خۆمان دەبێت ئەو كات دەتوانین پێداگری زیاتر لە مافەكانمان بكەین, بەڵام ئەگەر پەرتەوازەبین ناتوانین موعادەلەی پەرلەمان بگۆڕین".

عونی لە بارەی پۆستەكانی بەغدادەوە وتی" ئێمە بەپێی ژمارەی كورسیەكانمان پۆستمان دەوێت, لە رابردوودا لە خۆمان گرتەوە و مافی دەنگدەرانی خۆمان دا بە لایەنێكی تر لە پێناو ئەوەی كورد یەك ریز بێت, بە نمونە پۆستەكەی ( ئارام شێخ محمد) جێگری سەرۆكی پەرلەمان مافی پارتی بوو ئەگەر ئێمە ئەو پۆستەمان بە گۆڕان نەدایە ئەوا كەس ئارام ی نەدەناسی و لە عەرەبەكان زیاتر دژی مافی گەلی كوردیش وەستایەوە, بۆیە لە ئێستادا لە ناو جەماوەری پارتیدا ئەو دروست بوە كە پارتی نابێت مافی خۆی بداتە هیچ حزبێك و قوربانی بە خۆی بدات".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی لە بارەی رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی ئاماژەی بەوە كرد" من لەو لیژنە نیم كە رەشنوسەكەیان نوسیوەتەوە بەڵام دەكرێت بڵێم هەڵوێستێكی نیشتیمانی و جوانە بە پاكێجێكی هاوبەش بڕۆینە بەغداد, ئەگەر زەمینەش لە بار بێت پێدەچێت ئەو رێككەوتنە شۆڕببێتەوە بۆ پاش هەڵبژاردنەكان پەرلەمان چونكە لەسەردەمی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی دەستكەوتی گرنگ و باش بەدی هاتوون".

عەلی عەونی لە بارەی سیاسەتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە مەوداپرێسی راگەیاند" گۆڕان بە هەمان ئاوازی جاران دەخوێنێت و هیچی نەگۆڕیوە, بۆیە دەنگدەرانی سزای داون و دەنگیان پێنەداون".



PM:07:47:18/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 1014 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌