‎چیرۆکی ئه‌و خانمه‌ی خواردنگه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ ده‌بات

‎چیرۆکی ئه‌و خانمه‌ی خواردنگه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ ده‌بات
مه‌وداپرێس-

‎له‌پێناو هاوکاری کردنی هاوسه‌ره‌که‌ی و په‌یدا کردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانه‌که‌ی، خواردنگه‌یه‌ک له‌ خوار پارکی هه‌واری شار  به‌ڕێوه‌ ده‌بات، چه‌ندین جۆری خواردن پێشکه‌ش به‌ میوانه‌کان ده‌کات، خوێندکارێکی زۆر سه‌ردانی ده‌که‌ن.

‎په‌رژین رۆسته‌م چیرۆکی خۆی بۆ مه‌وداپرێس باس ده‌کات و ده‌ڵێت"دوای ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری و هه‌بوونی دوو منداڵ و ژیانێکی ئاسایی، هاوسه‌ره‌که‌م به‌هۆی فه‌قه‌راتی پشته‌وه‌ نه‌یده‌توانی کار بکات و بۆ په‌یدا کردنی بژێوی ژیانمان، له‌گه‌ڵ مێردی پوری خواردنگه‌یه‌کیان هه‌بوو، کاتێک هاوسه‌ره‌که‌م نه‌یتوانی کاره‌کان ئه‌نجام بدات بڕیارم دا من بچمه‌ خواردنگه‌که‌ و خۆم کاره‌کان ئه‌نجام بده‌م و بژێوی خۆم و خێزانه‌که‌م ده‌سته‌به‌ر بکه‌م".

‎ده‌ڵێت"بڕیارم دا که‌ ده‌ست بکه‌م به‌م کاره‌و خۆم ئه‌نجامی بده‌م، هاوسه‌ره‌که‌م پێی وتم بڕوام پێته‌ به‌ڵام ده‌ترسم شتێکت لێ بێت، به‌ڵام من به‌رده‌وام بووم بڕیارم دا که‌ کاره‌که‌ ئه‌نجام بده‌م، له‌ سه‌ره‌تادا هه‌فته‌ی 2 بۆ 3 جار مێردی پوره‌که‌ی ده‌هات و هاوکاری ده‌کردم، دواتر وازی هێنا، منیش به‌ ته‌نیا کاره‌کانم راده‌په‌ڕاند راسته‌ ژۆر هیلاک ده‌بووم به‌ڵام بۆمن ئاسایی بوو چونکه‌ نانی سه‌ربه‌رزی و شه‌ره‌ف بوو".

‎باسی له‌وه‌شکرد"به‌ هاوکاری چه‌ند که‌سێک نه‌شته‌رگه‌ری بۆ هاوسه‌که‌م ئه‌نجام درا، کاتێک به‌ ته‌واوی باش بوو هات و هاوکاری ده‌کردم، پێکه‌وه‌ کاره‌کانمان ئه‌نجام ده‌دا".

‎ده‌شڵێت"به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵک پێی باشه‌ خانمێک ئه‌م کاره‌ بکات، وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن ئافره‌ت پاکو خاوێنتره‌، خوارنده‌کانیشیان به‌ تامتره‌، چه‌ندین جۆری خواردن پێشکه‌ش ده‌که‌ین که‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ کوبه‌، فه‌لافل، په‌تاته‌، باینجان، سنگی مریشک، قیمه‌، جگه‌ر".

‎سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ی که‌ سه‌ردانی ده‌که‌ن وتی"ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ زۆری سه‌ردانی خواردنگه‌که‌م ده‌که‌م خوێندکاران له‌ هه‌موو قۆناغه‌کانی خوێندن، هه‌روه‌ها که‌سانی دیکه‌ش سه‌ردانم ده‌که‌ن و پێیان خۆشه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ خانمێک ده‌یکات".

‎ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد"کاتێک که‌سێک سه‌ردانم ده‌کات ده‌ست خۆشیم لێ ده‌که‌ن و پشتگیریم لێ ده‌که‌ن که‌ به‌رده‌وام بم، تا ئێستاش ره‌خنه‌م لێ نه‌گیراوه‌، هه‌میشه‌ پشتیوانیم کراوه‌، به‌ڵام باوکم له‌ ترسی خۆشه‌ویستی بۆمن پێی ناخۆش بوو سه‌ره‌تا به‌ڵام دواتر شانازی پێوه‌ کردم".

‎په‌رژین له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت"له‌ ئێستادا خێزان و هاوڕێ و هاوسه‌ره‌که‌م شانازیم پێوه‌ ده‌که‌ن و سوپاسی هه‌موو که‌سێک ده‌که‌م که‌ سه‌ردانی خواردنگه‌که‌م ده‌کات، هه‌موویان پشتگیریم ده‌که‌ن، کاتێک خوێندکاره‌کان دێن یارمه‌تیم ده‌ده‌ن".

‎په‌ریژین وتیشی"له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا ناوساجیمان دروست ده‌کردن، خواستێکی زۆری له‌سه‌ر بوو خه‌ڵێکی زۆر داوای ده‌کرد".


PM:12:13:04/11/2018