قەلەڕەش لەنێوان زانست و میتۆلۆجیادا

قەلەڕەش لەنێوان زانست و میتۆلۆجیادا
نەرمین عوسمان

قەلەڕەش باڵندەیەکە بەزیرەکی و هیمەت و خۆگونجاندن ناسراوە و دەتوانێ لاسایی مرۆڤ و زمانی مرۆڤ بکاتەوە، ناوی لە میتۆلۆجیاکان و داستانە کۆنەکاندا هاتووە، هەروەها لە ئایینە ئاسمانییەکاندا، دەتوانێ بەزمانی ئاماژە ویستەکانی خۆی دەرببڕێ، ناوبانگی بەتێکدەری بەرهەمی کشتوکاڵی دەرچووە، بەڵام لەڕاستیدا سوودیان بۆ کشتوکاڵ زۆرترە، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە ( 60-90 ) لە مێرووە زیانبەخشەکانی ئافاتی کشتوکاڵی دەخۆن، لە ناویان دەبەن و دەتوانێ باڵانسی ژینگە رابگرێ، هەروەها دەتوانێ چارەسەری هەندێ لەو کێشانە بکات کە رێگرن بۆ پەیداکردنی خۆراک و ئاو، توانای پەیوەندییەکی سەرسورهێنەری هەیە، بۆ نموونە فێری یەکتری دەکەن دۆست و دوژمن لێک جیابکەنەوە و بیانناسنەوە و لە بیریان ناکەن بۆ هەمیشە.

قەلەڕەش 40 جۆرن، بچوکترینیان پێیدەوترێ قەڵەرەشی ماسی لە ئەمریکا لە رۆخ دەریاکان لەسەر ماسی دەژین، دەنگیان زۆر گەورەیە و دەبنە مایەی بێزاری قەلەکانی تر، کێشیان لەکاتی کامڵبوونیان لەنێوان ( 0.69 – 2 ) کیلۆگرامە، پانی باڵیان لەکاتی کردنەوەیدا ( 100-150 ) سم و درێژی باڵایان ( 56-78) سم، زۆر کەمیان کۆچبەرن، لە باڵندەی گۆشتخۆر ئەژمار دەکرێن، لەسەر خواردنی گیانلەبەری بچووک، خشۆک، مێرووەکان هەروەها تۆو و دانەوێڵە و میوە و چەرەسات دەخۆن، دەچێتە سەر زبڵخانەکانیش و جاری واش هەیە لاشەی گیانلەبەرە مردووەکان دەخۆن، توانای خۆراک کۆکردنەوەیان هەیە بەپوش و کیسە دایان دەپۆشن بۆ ماوەیەکی کەم.

کەلوپەلی بریقەدار و رەنگاوڕەنگ رایاندەکێشێ و کۆیان دەکەنەوە ئەگەر سەیری هێلانەکانیان بکەین دەبینین شتی بریقەدار و سابونی رەنگاوڕەنگی تیا دەدۆزینەوە.

تا ژمارە ( 9) دەتوانێ بژمێرێ، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لەسەرلانەی کەروێشک کاتێ قەلەڕەشێک دەیویست بچێتە ناوی تا کەروێشکی نۆیەم دەرنەدەچوو نەدەچووە لانەکە و بەراهێنان دەتوانێ بەدەنگ تا ژمارە ( 7) بژمێرێ.

شەپۆلی دەنگەکانی جیاواز و بەرزە، قیرەی یەکتر دەناسنەوە و دەنگی جیاواز بە مەترسی دادەنێن ( 15-33) جۆر دەنگیان هەیە، بەهۆی شەپۆل و لەرەی جیاوازی دەنگیان، هەواڵەکان بەیەک دەگەیەنن.

بەکۆمەڵ دەژین بەپێی لێکۆڵینەوەکان، قەلەڕەشەکان هێز و تواناکانیان لەبەیەکەوە ژیان سەرچاوە دەگرێ و مەترسییان لە دوژمنەکانیان کەمتر دەبێتەوە وەک باز و هەڵۆ و داڵاش و تەیرە گۆشتخۆرەکان، دوژمنەکانیشیان مەترسی بەکۆمەڵەکەیان پەیدا دەکەن.

پێش رۆژئاوابوون بەدەنگێکی بەرزی بەردەوامی بەهەر چوارلا دەقیژێنن بە کۆمەڵ، باڵندەکانی تری ناوچەکە هەموویان لەو کۆمەڵگایە کۆدەبنەوە و ئامادەی خەوتن دەبن.

تەمەنی پێگەیشتنی نێرە ( 4 ) ساڵە و مێیە ( 3 ) ساڵە، نێرەی قەلەڕەش لە کۆتایی زستان کاتێ تەمەنی ( 4 ) ساڵانە دەگەڕێ بەدوای مێیەیەکی ( 3 ) ساڵان بیکات بەهاوبەشی ژینی بۆ هەتاهەتایە، دەنگێکی بەرزی جیاواز دەردەکات، کاتێ مێیەکە لێی نزیک دەبێتەوە پەرەکانی و باڵی و کلکی بڵاودەکاتەوە نیشانەی رەزامەندییە، نێرە گۆرانی بۆ دەڵێ بە دەنگێکی نزمتر و هاوسەرگیری ( جووتە ) دروست دەبێ، دوایی پەرەکانی یەکتر پاکدەکەنەوە.

نێرە و مێیە تاماون بەیەکەوەن، تەنها لەدوو حاڵەتدا جیادەبنەوە و نێرە بەدوای مێیەک دەگەڕێ ئەگەر مێیەکە بمرێ یان هێلکەی نەپیتراو بکات، ئەمەش جۆرێکە لە پارێزگاری و مانەوەی رەگەزەکەیان.

دوای جووت بوون نێرە دەکەوێتە دروستکردنی هێلانە نزیکەی دوو هەفتە دەخایەنێ، لە لقەداری وشک و ریشاڵەی رووەک و پەڕۆ و موو دروستی دەکات، بە بەرزی لەسەر زەوی ( 45-18 ) م و بە پانی ( 46-61) سم، مێیەکە دەکەوێتە هێلکەکردن و (2-6) هێلکە دەکات لەماوەی یەک هەفتە، ( 19 ) رۆژ لەسەریان دەنیشێ و دوایی دەتروکێن، سەرەتا بێچوەکان سپی رەنگن و ورد ورد رەش دەبن ( 30-40 ) رۆژ لەهێلانەکانیان دەمێننەوە، نێر و مێیەکە بە هاوبەشی خواردن بۆ بێچوەکانیان پەیدادەکەن و نێرەکەش پارێزگارییان لێدەکات لە مەترسی دەرەکی، ئەگەری مانەوی نەوەکان هەیە لەگەڵیان و نەوەکانیش هاوکاردەبن بۆ خواردن پەیداکردن و پاک و خاوێنی هێلانەکانیان، ساڵی یەک جار مێیەکە هێلکە دەکات، نزیکەی ( 15 ) ساڵ دەژی، و بەپێی یەکێتی پارێزگاری سروشتی نێودەوڵەتی ( IUCN ) قەلەڕەش و جۆرەکانی، پارێزراون و مەترسی لەناوچونیان زۆر کەمە تەنها چەند جۆرێکی کەم نەبێ.

دەچنە نزیک شارە مێروو لە بۆ ئەوەی مێروولەکان بەسەر جەستەیان هەڵگەڕێن، دوایی کەمێک خۆیان لە لەشی خۆیان دەخشێنن بە مەبەستی دوورکەوتنەوەیان لەجۆری کەڕوەکان و پارێزگاری لە تەندروستی خۆیان (مێروەکان مادەیەک دەڕژێنن دژی کەڕوە زیانبەخشەکانن).

کاتی مردنی باڵندەکانیان هەموویان لەدەوری کۆدەبنەوە و بەدەنگی بەرز دەقیڕێنن لە ماتەمینی دەچێ، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان جۆرێکە لە دەربڕینی ترس و هۆکاری مردن، هیچیان لەوانە زۆر روون نییە، بەڵام ئەو باڵندەیە لە ناسینەوەی مەترسیەکان و بەپێی لێکۆڵینەوەکان و تاقیکردنەوەکانی زیرەکیان لە ئاستێکی بەرزدایە.

قەلەڕەش کارەکتەرێکی گرنگە لە میتۆلۆجیاکان و داستانەکان و کولتووری کۆمەڵایەتی و نەریتەکان لای هەندێکیان بەفێڵ باز و زۆر زیرەک ناودەبرێن ولای هەندێکیان شوومە و بەدبەختی و نەخۆشی و مردن دەهێنێ، لای هەندێکیش بەخت و تەندروستی باشەیە لای هەندێ لایەنیش نیشانەی ژیان و جادوو و نهێنیەکانن، لای ئێرلەندییەکان پەیوەندی لەگەڵ خودای شەڕ و مردن هەیە، لای مسرییەکان بەنەحس وشوم دادەنرێ.

لە قورئانی پیرۆزیش لە ئایەتی ( 31 ) سورەتی مائیدە لە چیرۆکی قابیل و هابیل ناوی هاتووە کاتێ قایبل هابیلی برای دەکوژێ و دوایی پەشیمان دەبێتەوە و نازانێ چیبکات خودای مەزن تەیری قەلەڕەشی بۆ دەنێری، باڵندەکە بە قاچ و خۆڵ دەکۆڵی و قابیل لەوەوە فێردەبێ لەژێر زەوی هابیل بشارێتەوە، تەفسیراتی جیای بۆ دەکرێ، بەڵام بێشک قەلەڕەش قەلەڕەشێکی مردوو ناشارێتەوە و نەبینراوە.

لە ئایینی جوولەکە بەپێچەوانەی ئیسلام بە بینینی قەلەڕەش گەشبین دەبن، ئەگەر بیانویستایە دواڕۆژ ببینن سەیری قەلەڕەشیان دەکرد لەکاتی فڕیندا و لەلای جولەکە پێغەمبەر نوح، قەلەڕەشی لەناو هەموو بوونەوەرەکانی تر هەڵبژاردووە و ناردوویەتی بۆ ئەوەی بەدوای وشکانیدا بگەڕێ.
لای مەسیحیەکان چیرۆکێکیان هەیە لە ئیتالیا دەڵێن قەلەڕەش ژیانی (قدیس) بندکت ئەلنیرسی ( 480 – 574 ) زاینی رزگارکردووە لە مردن بەدوور خستنەوەی لە نانێکی ژەهراوی کە قەشەکان بۆیان دانابوو و غیرەیان لێ دەکرد.

لە میتۆلۆجیای جرمانیەکان پەیوەندی لەنێوان گەورە ئیلاهییان (ئۆدین) هەبووە و دەڵێن ئۆدین دوو قەلەڕەشی هەبووە، ناردوونی بۆ کۆکردنەوەی هەواڵ.

ئیتر بەم شێوەیە سەدان داستان هەیە دەربارەی ئەو باڵندەیە وەک راستیەک باسی لێوەدەکرێت، بەڵام هیچیان زانستی نین و لێکۆڵینەوەکان نەیانسەلماندوون.




PM:11:33:17/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 681 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌