مەلایەکی‌ سلێمانی‌ پێکهاتە ئایینیەکان کۆدەکاتەوە

مەلایەکی‌ سلێمانی‌ پێکهاتە ئایینیەکان کۆدەکاتەوە

داستان سدیق

لەکتێبخانەی ئەو مزگەوتەی تێیدا وتاربێژە سەرقاڵی هەڵدانەوە و تەیی کردنی لاپەڕەی ئەو کتێبانە بوو کە لەسەر ئاینەکانی دیکە نوسرابوون، ئەو عەمامەیەکی سپی لەسەردانەوە و دەستێک جلی رەنگ خۆڵەمێشی مەلایی لەبەردایە. بەئێمەی وت: "ئەم کتێبانە تایبەتن بە بنەڕەت و مێژوی ئاینەکانی دیکە و جیایانناکه‌مه‌وه‌ لە کتێبە ئیسلامیەکان و بەهەمانشێوە گرنگیەکی زۆر بە خوێندنەوەیان دەده‌م".

نادر عەلی محەمەد، 47 ساڵ، بەکالۆریۆسی هەیە لەزانستە شەرعیەکان و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی زەهاویە لەگەڕەکی رزگاری شاری سلێمانی. جیاواز له‌ پیاوانی‌ دیكه‌ی‌ ئاینیی، گرنگیه‌كی‌ زۆر به‌ ئاینه‌كانی‌ دیكه‌ ده‌دات و به‌شداریی له‌ بۆنه‌ و جه‌ژنه‌كانیان دا ده‌كات، ئەو باس لەوەدەکات لەکۆمەڵگایەکی فرە ئایندا پیاوانی ئاینی دەبێت سەرمەشقی پێکەوەژیانبن.

بەپێی ئامارە فەرمیەکان، زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی لەئاینی ئیسلام دەکەن، بەڵام پەیڕەوانی چەندین ئاینی دیکەش هەن، وەزارەتی ئەوقافیش هەشت ئاینی بەفەرمی ناساندوە ئەوانیش: (ئیسلام، ئێزدی، کریستیان، کاکەیی، زەردەشتی، سابیئه‌ی مەندایی، بەهایی و جوو)ن. 

ئەمیر عوسمان مەولود، بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئاینەکان لەوەزارەتی ئەوقاف، رایگەیاند: هێشتا هیچ ئامارێکی فەرمی پەیڕەوانی ئاینەکان لەبەردەستدا نیە، هەرچەندە داوامان لەوەزارەتی پلاندانان کردوە.

هه‌رچی له‌ سلێمانیشه‌، باوه‌ڕدارانی‌ (5) ئاین و بیروباوه‌ڕ له‌ شاره‌كه‌دا بونیان هه‌یه‌: ئیسلام (به‌ شیعە و سوننەوه‌)، کریستیان (کلدانی و ئەرمەنەکان)، ئێزدی، زەردەشتی و کاکەیی،هه‌ندێكیان هه‌ر له‌مێژه‌ بونیان هه‌یه‌ و هه‌ندێكی‌ دیكه‌شیان به‌هۆی كۆچ و ژیانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ شاره‌كه‌.

مەلا نادر پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە هەیە، بەپێچەوانەی مەلاکانی ترەوە بەشداری بۆنە ئاینی و تایبەتیەکانیان دەکات، ئەوەش بەئەرکی خۆی بۆ لەیەکتێگەیشتنی زیاتر ناودەبات. 

مێژوی دەستپێکردنی ئەم پەیوەندیەشی نوێ نیە و یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٧ گرێی ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان پەیڕەوکەرانی ئاینەکەی و مەسیحیەکانی کردەوە کاتێک لەبۆنەیەکیاندا سەردانی یەکێک لەکەنیسەکانی کردوە و بەشداری لەگەڵدا کردون.

بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاینەکانی دیکە بەدروست نازانن و پێیانوایە کە ئاینەکەی ئەمان بەهاتنی ئاینەکانی دیکەی سڕیوەتەوە، به‌ڵام ئه‌م بۆچونه‌ له‌لای (مه‌لا نادر) ره‌د ده‌كرێته‌وه‌.

وتی‌:  ئەرکی ئێمە وەک مەلا و رێبەرانی ئاینی لەسەرجەم ئاینەکان دا قورسە و ئێمە دەبێت هۆکارێک بین بۆ نزیک بونەوە و پێکەوەژیانی ئاینەکان نەک لێکترازانیان.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "کاتێک بەناوی دینەکەمەوە خەڵکانی دیکە دەکوژرێن و زوڵمیان لێدەکرێت، خۆم بەتاوانبار دەزانم ئەگەر ئەو هەڵەیەی ئەوان دەیکەن راستی نەکەمەوە".

 بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لە سلێمانی ژمارەی مزگەوتەکان خۆی دەدات له‌ (2) هه‌زار مزگەوت، هاوشانی‌ ئه‌وه‌ش (10) کەنیسەی کریستیانەکان و (2) پەرستگە و ناوەندی زەردەشتیەکان هەیە، کاکەییەکان و ئێزدیەکان هیچ ناوەند و پەرستگایەکیان له‌ شاره‌كه‌دا نیە.

مەلا نادر، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و فره‌ییه‌ ئاینه‌ی‌ له‌ كۆمه‌ڵدا هه‌یه‌، بپارێزێت و قوڵی بكاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ لە وتارەکانی هەینیدا یان لە هەر کۆبونەوە و دانیشتنێکدا بێت،  زۆرترینجار باسی ئەو پێکەوەژیانە و پەیوەندی نێوان خەڵکانی ئاینە جیاوازەکان دەکات و هانیان دەدات بۆ زیاترنزیکبونەوە و دروستکردنی متمانە لەنێوانیاندا.

به‌ڵام ئه‌م كاره‌ هه‌روا به‌ئاسانیی گوزه‌ر ناكات، به‌ڵكو زۆرجار له‌لایه‌ن خه‌ڵكیه‌وه‌ به‌ له‌ "ئیسلام ده‌رچون" یان بون به‌ مه‌سیحی و زه‌رده‌شتی‌، تۆمه‌تبار ده‌كرێت.

ئه‌م تۆمه‌تانه‌، (مه‌لا نادر)یان سارد نه‌كردوه‌ته‌وه‌، به‌ پێداگیرییه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ده‌مه‌وێت نمونەی دۆستایەتی و تێکەڵبونمان لەگەڵ ئاینە جیاوازەکان بچێتە خوارەوە بۆناو خەڵکیش".

دیارترین بۆنە و جەژنی ئاینی کریستیانەکان لەدایکبوونی مەسیح و جەژنی سەری ساڵی زاینیە، هەموو ساڵێک لەکەنیسەکاندا تەنیا پەیڕەوکەرانی ئاینه‌كه‌ بەشداری لەو مەراسیمەدا دەکەن، مەلا نادر تاکە مەلای مسوڵمانە کە ساڵانە بەشداری ئەو جەژنە لەگەڵ کریستیانەکان دەکات.  

وتی: لەبەرواری ٢٥ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ لەکاتی مەراسیمی لەدایکبونی مەسیح و جەژنی کریسمسدا پەیوەندیم کرد بە پیاوه‌ ئاینیه‌كانی‌ هاورێم له‌ لە ئاین و بیروباوه‌ڕه‌كانی‌ ئێزدی زەردەشتی و کاکەیی و پێکەوە بەشداریمان لە مەراسیمەکەدا کرد لە کەنیسەی مار یوسف کە ئەو شەوە یەکێک لە قەشە گەورەکان لە وڵاتی لوبنانەوە هاتبوو بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمەکە، بینینی ئەو دیمەنەی پێ سەیر بوو وە بە حاڵەتێکی دەگمەنی ناوبرد. 

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ قه‌شه‌ لوبنانیه‌كه‌ی‌ سه‌رسامكردبێت، ئه‌وا كریستیانه‌كانی‌ سلێمانی‌ خۆشحاڵ كردوه‌.

ئەیمەن عزیز هورمز، قەشەی کەنیسەی ماریوسف لەسلێمانی، له‌وباره‌وه‌ وتی‌: "مەلا نادر یه‌كێکە لەپیاوە ئاینیە رۆشنبیرەکانی ئەم شارە و ئێمە شانازی پێوە دەکەین کە خاوەنی رەفتاری جوان و پەیامی پێکەوە ژیانە".

ئه‌م هه‌سته‌ له‌ پێزانین بۆ مه‌لا نادر، له‌لای پیاوانی‌ ئاینی ئاین و بیروباوه‌ڕه‌كانی‌ دیكه‌ش دا به‌هه‌مانشێوه‌ درکی پێدەکرێت.

سەید سەرحەد کاکەیی، یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تیه‌ ئاینیه‌كانی‌ کاکەیی لە سلێمانی، دەڵێت: "ئاواته‌خوازین هەموو موسوڵمانەکان هاوشێوەی مه‌لا نادر بن، چونكه‌ ئەو دێتە لای ئێمە و نانمان لەگەڵ دەخوات بەبێ ئەوەی هەستبکەین کە سڵەمینەوەیەکی هەیە یان واهه‌ست بكه‌ین ئێمە لەدەرەوەی ئاینی ئەوین، هه‌ربۆیه‌ ئێمەش دەچینە ماڵ و مزگەوتەکەی".

هه‌ندێك له‌ ئاین و بیروڕاكانی‌ ئێستای‌ سلێمانی‌، پێشوتر په‌یڕه‌وكاریان نه‌بوه‌ یان زۆر سنور دار بوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك روداو و کرانەوەی زیاتر وایكردوه‌ رێژه‌یان له‌ شاره‌كه‌دا زیاد بكات، له‌وێنه‌ی‌ ئاواره‌بونی‌ ئێزیدییه‌كان له‌ پاش هێرشه‌كانی‌ داعش له‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 دا.

مه‌لا نادر، به‌ نیگه‌رانیه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ روخساریدا ره‌نگی ده‌دایه‌وه‌، چیرۆكی‌ کوشتنی پیاوێكی‌ ئاینیی ئێزدیی بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ وه‌كخۆی وتی‌ زۆر ئاشنا و هاوڕێی بوه‌. ئه‌م روداوه‌ش وای لێده‌كات درێژه‌ به‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وانی‌ ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ بدات و لێنه‌گه‌ڕێت ئه‌وه‌ی‌ داعش ویستویه‌تی‌ بۆ كوشتنی‌ فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیان، به‌دیی بێت.

حاکم قاسم عوسمان، یەکێکە لەپیاوانی ئاینی ئێزدی له‌ سلێمانی‌، به‌ شانازیه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مەلا نادر یه‌كێكه‌له‌و پیاوه‌ ئاینیه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌مو خۆشی و ناخۆشیه‌كیان دا به‌شدار بوه‌.

پێشیوایه‌ به‌هه‌وڵی ئه‌وجۆره‌ كه‌سایه‌تیانه‌، پێكه‌وه‌ ژیانێك له‌ سلێمانی‌ دا هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌، كه‌ نمونه‌ی‌ له‌ شوێنه‌كانی‌ دیكه‌دا كه‌مه‌.

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ته‌وژمی‌ ئاینی زه‌رده‌شتی‌ له‌ كوردستان و به‌تایبه‌تی‌ سلێمانی‌ و زیادبونی‌ شوێنكه‌وتوانی‌ ئه‌و ئاینه‌، زۆرجار په‌یڕه‌وكه‌ران خۆیان له‌به‌رده‌م هێرشی گوتاری‌ ئاینی پیاوانی‌ ئاینیی دا بینیوه‌ته‌وه‌، كه‌ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیان و ئازادیی بیروباوه‌ڕیان دروستكردوه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ (مه‌لا نادر) داكۆكیی له‌و باوه‌ڕدارانه‌ی‌ زه‌رده‌شت كردوه‌ و په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ به‌ستون.

ئاشنا عەبدولقادر، پیری زەردەشتیەکانە لە سلیمانی، وتی‌: مەلا هەبووە فەتوای کوشتن و سەربڕینی منی دەرکردوە، به‌ڵام مەلا نادر کەسێکی جیاوازه‌ لەهاوتاکانی و جگە لەوەی دێتە بۆنە ئاینیەکانمانەوە، هاوكات دۆستایەتی و نزیکی زۆرمان هەیە له‌گه‌ڵی دا.

مه‌لا نادر و هاوڕێكانی‌ له‌ پیاوانی‌ ئاینی ئاینه‌ جیاوازه‌كان، په‌یوه‌ندیه‌كه‌یان هه‌ر له‌ ئاستی هاوڕێیه‌تی‌ دا نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو پێكه‌وه‌ گروپێكیان دامه‌زراندوه‌ به‌ناوی‌ (پێکەوە ژیان) كه‌ له‌ نوێنه‌ری‌ سه‌رجه‌م ئاین و بیروباوه‌ڕه‌كان پێكدێت.

لەنمونەی مەلا نادر لەهەرێمی کوردستانەدا دەگمەنن یان ڕەنگە هەر نەبن ،بەڵام ئەم پیاوە سورە لەسەر بەردەوامیدان بەپەیامەکەی و دەڵێت: "كارمان ئه‌وه‌یه‌ هۆشیاریی له‌باره‌ی‌ پێکەوەژیانی ئاینەجیاوازەکان بڵاو بكه‌ینه‌وه‌ و قبوڵكردنی‌ یه‌كدیی قوڵ بكه‌ینه‌وه‌".

* ئەم راپۆرتە یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆژەی "تصالح"  کە لەلایەن هەردو رێکخراوی (CFI) و (MICT) لە رێگەی (ئەکادیمیای راگەیاندنی ئەڵمانی لە عێراق) بۆ رۆژنامەنوسانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامیان داوە.


PM:05:42:28/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 393 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌