ریفراندۆم لە گێژاوی غەفڵەت و تەخویندا

ریفراندۆم لە گێژاوی غەفڵەت و تەخویندا
مەوداپرێس- داهۆ سالم

هەروەک بۆ هەموو پێشهات و کارەساتەکانی تر، پارت و بزاڤە کوردییەکان هەمیشە لە هەڵپەی ئەوەدان لەبری لێکۆڵینەوە و شەن و کەوکردنی هۆکار و کەموکورتییەکان، هەریەکە و لە هەوڵی ئەوەدایە کەمترین ئۆباڵی بکەوێتە ئەستۆ. لەلایەکی تر لە هەڵپەی شاردنەوەی راستییەکاندان بە تۆمەتبارکردنی یەکتر. ئەمەش لەڕێگەی چەواشەکردنی رای گشتی و پەردەپۆشکردنی هەڵە و نەنگییەکان. لەکاتێکدا دەبێ پسپۆڕان و کارناسانی کایەی سیاسی بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە و ئەکادیمییانە دوور لە رەچاوکردنی لایەنداری سیاسی و هەست و سۆز لێکدانەوە بۆ ئەو دەرئەنجامەكان بکەن و ژیرانە و واقیعییانە خاڵە لاواز و دۆخە لەبەرچاو نەگیراوەکان دەستیشان بکەن.

رووداو و کارەساتی شومی دوای ریفراندۆم یەکێکی ترە لە وێستگەکانی شکستی بزاڤی ناسیۆنالیستی کوردی لەدوای رێکكەوتننامەی "سایکس- پیکۆ" و جەنگی جیهانی دووەمەوە. ئەم نسکۆیەش وەک رووداوە مێژووییەکانی تر رەهەندی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی هەیە. ریشەی قوڵتری هەیە و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین ئەزموونی حوکمڕانی کورد لەدوای راپەڕینەوە. شازدەی ئۆکتۆبەر کەڵەکەبووی هەڵە بەردەوام و چارەسەرنەکراوەکانی سەرجەم کایەکانی حوکمڕانی هەر لە بوارەکانی دیموکراتیزەکردن، سوپای نیشتمانی، داهات و دەستاودەستی دەسەڵات کە هیچ کام لەو بوارانە نەگەیشتبوونە ئاستێکی دڵخۆشکەر. شازدەی ئۆکتوبەر دەریخست ئەوە مەترسی بەرۆکی هەرێمی نەگرتووە ئەگینا ئەوەتە بەیەک پرۆسە دەرکەوت"نە پارە، نە هێزی بەرگری، نە یەکڕیزی و نە پاڵپشتی نێودەوڵەتیشمان نییە" واتە دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم پیشانیدا لەماوەی 26 ساڵی رابردوودا هیچ کام لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەوڵەتمان بونیاد نەناوە.

لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێک لەو فاکتەرانە بدەینەوە و قەبارەی هەر یەکێکیشیان سەبارەت بەو لێکەوتەیە بخەینەڕوو کە ئایا رەوشی ناوخۆ تاچەند کاریگەری هەبووە و زەمینەی ناوچەی و جیهانی لە چ دۆخێکدا بوو لە سەروبەندی ریفراندۆمدا. بە دیوێکی تردا پەیوەندی نێوان وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان "عیراق، ئێران، تورکیا و سوریا" لە چ ئاستێکدا بوو.

وەک ئاشکرایە دۆزی کورد هەمیشە بەهۆی ناکۆکی نێوان ئەو وڵاتانەی کوردسانیان بەسەردا دابەشکراوە دەرفەتی مانەوە و بەرخۆدانی بۆ رەخساوە، چونکە هەر یەکێک لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان هەڵگری رەگەزی جیاواز و دژبەیەکن لەگەڵ ئەویتریان. ئەوان ناکۆکی ریشەیی قوڵیان لەگەڵ یەکتر هەیە وەک "مەزهەبی، نەتەوایەتی و تەنانەت مێژوویش". بۆیە سروشتی پەیوەندی ئەو چوار دەوڵەتە بەجۆرێکە تەنها لەسەر کەیسی کورد کۆکن. ئەویش ئەوکاتە کۆک دەبن کە پرسی کورد هەڵدەکشێ و لە ستراتیژی ئەواندا دەگاتە هێڵی مەترسی، ئا لەم بارەدا هەموو جیاوازییەکانییان وەلا دەنێن و کوردۆفۆبیا کۆیاندەکاتەوە.

دوای هاتنی داعش و هەرەسی سوپای عیراق، کە هەرێمی کوردستان بە رەهایی دەستیگرت بەسەر ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەت کەرکوک و گەیشت بە رووباری دیجلە لە میحوەرەکانی هەولێر و هەروەها بەنداوی حەمرین، لەلایەکی ترەوە شۆڕبوونەوە لە خاپورەوە بەرەو شەنگال کە سنورێکی دوور و درێژی هاوتەریبی رۆژئاوای کوردستان لەخۆ دەگرێت. بۆیە هێدی هێدی تارمای پەیکەرێکی گەورەی کوردی لە ناوچەکەدا کەوتە پێش چاوی دوژمنان.

ئەمانەو کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە، دەرکەوتنی هەیبەت و رۆڵی پێشمەرگە بەجۆرێک سەنگی هەرێم و پایتەختەکەی رکابەری بەغدای دەکرد. بە ئەندازەیەک هەرێم ببووە وێستگەیەکی دیپلۆماسی گرنگ لە دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەنگۆی ئازایەتی پێشمەرگە وەک هێزێکی سیکۆلار و میانڕەو دوور لە دەمارگیری ئایینی و نەتەوایەتی رووبەرێکی فراوانی میدیای جیهانی داگیرکردبوو. ئەمە وێڕای هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی رۆژئاوا بۆ ئەو هێزە.

هاوکات بەهۆی جەنگی ناوخۆی سوریا و درێژەکێشانی لەو وڵاتەدا، هەر لەسەرەتاوە ئامرازێکی یارمەتیدەربوو بۆ سەرهەڵدان و پێشڤەچوونی دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان. هەر لە سەرەتای چەخماخەی بەهاری عەرەبی لە ئاداری 2011 لە سوریادا، چەند کاراکتەرێک لە گۆڕەپانی ململانێکەدا دەرکەوتن لەوانە "رژێمی ئەسەد، ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو، گروپە جیهادییە توندڕەوەکان و کورد".

لەگەڵ توندبوونەوەی فشارەکان لەسەر رژێمەکەی ئەسەد لە ساڵانی سەرەتای ئاڵۆزی سوریا، دیمەشق کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ کوردانی سوریا وەک رێگەیەکی ناچاری بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەسەڵاتەکەی. ئا لەم کاتەدا تورکیا بەهەموو هێزێکی دیپلۆماسی، سیاسی، دارایی و سەربازی لە کەڵکەڵەی رووخانی ئەسەد دا بوو، بەڵام کە شەڕ درێژەی کێشا نە ئۆپۆزیسیون و نە ئەسەدیش نەیانتوانی رەوشەکە لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە. لەپەنای درێژەکێشانی نائارامییەکەدا تا دەهات گروپە توندڕەوەکانی وەک "داعش و بەرەی نوسرە- باڵی قاعیدە لە سوریا" تەشەنەیاندەکرد و زاڵدەبوون بەسەر گۆڕەپانی ئۆپۆزیسیۆندا. کار گەیشتە ئەوەی  ئەمەریکا و ناتۆ هیوایان بە ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەو نەما. تەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر دۆخی ئۆپۆزیسیۆندا هات هێزی کوردی بە رێبەرایەتی یەپەگە دەسەڵاتی فراوان بوو، بە جۆرێک ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دواجار لە دەمی پەلاماری داعش بۆ سەر کۆبانێ لە سێپتێمبەری 2014 دا ئاشنابوون ئەڵتەرنەتیڤی کورد بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا. ئیتر لێرەوە رۆژ بە رۆژ پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی دژی داعش و هێزی کوردی لە سوریا پتەوتر بوو. دواتر مانەوەی رژێمی ئەسەد و هەڵکشانی دەسەڵاتی کوردی و بێ هیوابوون لە توانای ئۆپۆزسیۆن بۆ رووخانی رژێم، وەرچەرخانێکی مێژووی و ناسروشتی بەدوای خۆیدا هێنا کە نزیکبوونەوە و رێکكەوتنی تورکیا بوو لەگەڵ دوو نەیاری مێژوویدا کە ئێران و روسیا بوون. لێرەوە تورکیا بەبێدەنگی لەگوتاری رووخانی ئەسەد پاشەکشەی کرد و کەوتە سەودا و مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بۆ بەرگرتن لە هەژموونی کورد. سەرئەنجام کەیسی کورد دوو هەرە نەیاری کۆکردەوە کە تورکیا و ئێران بوون. جا بۆیە نزیک بوونەوەی تورکیا لە ئێران، واتە نزیک بوونەوە لە هەرسێ وڵاتە داگیرکەرەکەی تری کوردستان، چونکە سوریا و عیراقیش بەواقیعی حاڵ و دابەشبوونی مەزهەبی، ئێران بە مەرجەعی بەرژەوەندی باڵا و هاوبەشی هەردوو وڵات دادەنرێت.

ئا لەو کاتەی مەترسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئەم جەمسەرە ناکۆکانە لە رۆژهەڵاتی ناویندا کۆدەکاتەوە، هەرێمی کوردستانیش جاڕی ریفراندۆمی دا. ئیتر دوژمنانی کورد راچەڵەکین و هەنگاوەکانیان خێراترکردەوە بۆ پێشگرتن لەو مەترسییە مێژووییە کپکراوە. بۆیە تورکیا کە پێشتر دەستپێشخەر بوو بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی قەوارەیەکی دیفاکتۆ لە رۆژئاوای کوردستان سەریکرد بە ماڵی کۆنە نەیارەکەیدا لە تاران بەوپێیەی رۆژئاوای کوردستان بە بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان لەڕووی جیۆگرافی و کولتووری و سیاسییەوە رەهەند و کاریگەریی زیاتری لە کوردستانی باکووردا هەیە، بەڵام ئەمجارەیان کە جاڕی ریفراندۆم درا بەوپێیەی دەمێک بوو هەرێمی کوردستان چ لەڕووی ئابووری و چ لەڕووی پەیوەندی سیاسییەوە بە دۆستی تورکیا دەهاتە ئەژمار بەتایبەت دەسەڵات لە هەولێر و بەرەی ریفراندۆم، ئەمجارەیان ئێرانیش ناچار بوو هاوشێوەی تورکیا سەر بە ئەنکەرەدا بکات، بۆیە لێرەدا رۆڵی پیلانگێڕی لە دژی کورد هاوسەنگ بوو لەنێوانیاندا و هەردوو دەوڵەت لە ریزبەندی مەترسی بەهێزبوونی کورد لە ناوچەکەدا هاوتابوون. لێرە و لەوێ هاوشێوەی کۆبوونەوە بازنەییەکانی ساڵانی دوای راپەڕینی باشووری کوردستان سەردانی شاندەکانیان لەنێوان هەردوو وڵات گەرموگوڕ بوو.

بۆیە کاتێک بڕیاری ریفراندۆم درا، ئێران و تورکیا دەمێک بوو ناکۆکییەکانیان لەبەرانبەر مەترسی بەرەو پێشڤەچوونی دۆزی کورددا وەلا نابوو. بە جۆرێک کە لەدوای ساڵی 1994 و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە لێکگەیشتن و کاری پێکەوەیی لەو جۆرە لەنێوانیاندا چێ نەبوو بوو. ئەمە ئەو خاڵە گرنگە بوو کە لە هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیرابوو.

لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانیش زەمینەی سیاسی لە خراپترین دۆخیدا بوو. متمانەی نێوان جەماوەر و دەسەڵات لاواز بوو. لایەنەکان چ بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات و چ خودی لایەنەکانی نێو دەسەڵات لە ئاستێکی لە پەیوەندییەکی ساردوسڕ و ناچاریدا بوون. تەنانەت پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان بە رێکارێکی دوور لە  بەها دیموکراسییەکان داخرابوو. لەکاتێکدا دەبوو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی هەستیار و ئێجگار چارەنووسسازی لە بابەتی ریفراندۆم، لە پارلەمانەوە بڕیاری لەسەر درابا. بەدەر لەوەش لە رەوشێکی وەهادا نەک دەبوو دامەزاوەیەکی لەوچەشنە ئەکتیڤ بوایە، بەڵکو دەبوو پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان زۆر نۆرمەڵ و لە ئاستێکی سەروو پێویستی قۆناغەکەدا بوایە. هەموو ئەمانە لەسەر ئاستی ناوخۆ دەبوو پێش جاڕدانی ریفراندۆم زەمینەسازی بۆ بۆبکرایە. گونجاوتر بوو بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم یان ئەنجام نەدانی هەمووان تێیدا بەشداربوونایە. دەبوو بەرپرسیارێتی مژارێکی لەو چەشنە لە ئەستۆی پەرلەمان و تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکاندا بوایە، بۆ ئەوەی هەموان بەرپرس بوونایە لە ئاکام و دەرهاویشتەکانی.

هۆکارێکی تری وابەستە بە رەوشی نێوخۆوە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بوو. ئەم پۆستە وەک بەڵایەک هەر لە سەرەتای تەواوبوونی ویلایەتی دووەمی بارزانییەوە و درێژکردنەوەی لە 30 ی جونی 2013 دا گومان و خەوشی لەسەر ئایندەی سیستەمی سیاسی هێنایە ئاراوە. دواتریش یەکلانەکردنەوەی دەسەڵاتەکانی و دیارینەکردنی ماوەی سەرۆکایەتی، هەموو ئەمانە بوون بە پرسیاری جدی لەسەر ئاییندەی پرۆسەی دیموکراتی، کە بەشێکی زۆر لە سیاسەتوانان و چاودێران وێنای سیستمێکی تۆتالیتارییان بۆهەرێم دەکێشا. جا بۆیە ئەم پۆستە خەون وخولیا و ئایندەی تەواوی خەڵکی خستبووە ژێر پرسیارەوە. بەشێکی زۆری بژاردەی سیاسی دڕدۆنگ و رەشبین کردبوو. هەموو ئەمانە هۆکاری پەرش و بڵاوی نێوماڵی کوردبوون پێش بڕیاردان لە ریفراندۆم. بەجۆرێک بەشی هەرە زۆری هێزە سیاسیەکانی گۆڕەپانەکە لەترسی سزای مێژووی و ئەخلاقی، درەنگانێک و بە ناچاری چوونە پاڵ پرۆسەکە. ئەمەش بۆ ئەوەنەبوو کە شەیدای مانەوە و ژیان بن لە پەنای عەرەبی عیراقدا، بەڵکو بەرئەنجامی یەکتر نەخوێندنەوە و حیساب نەکردن و پەراوێزخستن بوو. ئەمە جگە لەوەی ناشەفافی لە داهات، بەتایبەت دۆسیەی "نەوت" ڕەگەزێکی تری بێمتمانەیی و زویربوونی نێوان شەقام و دەسەڵات بوو.

پاش شکستی ریفراندۆم و گەلەکۆمەکێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، سەرەتا وڵاتانی دۆست دیاربوو، کە بە ئاشکرا رایانگەیاند کە "لەم پرۆسەیەدا لەگەڵتان نابین". نەیاران و دوژمنانی کوردیش بێ شاردنەوە بە زمانێکی رەوان وتیان " بێدەنگ و دەستەوەستان نابین" و ئامادەکارییان بۆ کاردانەوە راگەیاند. یەکەم هەنگاوی پراکتیکییان داخستنی دەروازە سنوورییەکان بوو. تەنانەت داعشیش چووە پاڵ پیلانگێڕییەکە، ئەویش بەوەی کە بۆ یەکەمجار دوو شارۆچکەی بەبێ بەرگری رادەستی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی کرد کە ئەوانیش " تەلەعفەر و حەویجە"بوون، کە هەردوو شارۆچکەکە هاوسنووری هێڵەکانی پێشمەرگە بوون و هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەش لەسەروبەندی ریفراندۆمدا بوو.

خودی ریفراندۆم هەڵە نەبوو، چونکە خواستی هەموو تاکێکی کورد دیارە سەربەخۆیی دەوێت، هەربۆیە نەدۆستانی کورد و نە دوژمنانی چاوەڕێی ئەنجامی ریفراندۆمیان نەدەکرد. ئەوان نەیانووت دەنگ بە نەخێر بدەن، ئەوان وتیان نابێ ریفراندۆم بکەن، چونکە باش دەزانن کورد چی دەوێت و لە بنچینەدا باوەڕییان بە ئۆپشنی نەخێر نییە لە پرۆسەکەدا. بۆیە هەموو کورد مەبدەئیەن لەگەڵ ریفراندۆم و جیابوونەوەیە لە عیراق، بەڵام ئەم رێکارە بەبێ زەمینەسازی ئەنجامدرا. میکانیزمی دروست بۆ بڕیاردان لە ئەنجامدانی پرۆسەکە لەبەرچاو نەگیرا. خوێندنەوەی ورد و لۆژیکی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی نەکرا، حیسابات و هەڵسەنگاندن بۆ کاردانەوە هەرێمییەکان هەڵەبوون.

ئێستاش یەکتر تۆمەتبارکردن و تەخوینکردن درێژەدانە بەهەڵە، بۆیە هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێت. سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور لەبری سەرقاڵبوون بە شان تەکاندن و چەواشە کردنی شەقام و هەڵهاتن لە بەرپرسارێتی، ئەبێ لەو هۆکارانە بکۆڵێتەوە کە "بریت مەکگۆرگ، هاکان فیدان و قاسمی سولەیمانی" کۆکردەوە. وانە لە دەرئەنجام و لێکەوتەکانی ریفراندۆم وەرگرێت و خۆی بۆ دەرفەتی تر ئامادەبکات.




PM:05:08:22/12/2018






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌