هەسەدە سەوداسەریی خۆپاراستن لەگەڵ ئەسەد دەكات؟

هەسەدە سەوداسەریی خۆپاراستن لەگەڵ ئەسەد دەكات؟
مەوداپرێس- داهۆ سالم

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاری کشانەوەی لە سوریا راگەیاند، بڕیارەکەش بەرئەنجامی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ بوو. جارێ دەبێ ئەوە بزانین ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە هەموو شتێک نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک فاکتەر کە پێشتر هەبوون، هۆکاربوون بۆ ئەوەی ئەو دوو سەرۆکە لەماوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گۆڕانکاری گەورە و تەواو پێچەوانە بهێننە ئاراوە، بەجۆرێک نەک گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو جیهان و تەنانەت بەشێکی فراوانی ناوەندەکانی بڕیار لە واشنتۆن تووشی هەژان بکەن. بەئەندازەیەک ببێتەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا کە بەڕای چاودێرانی رۆژئاوایی "جەیمس ماتێس وێڕای پۆستەکەی راگری هاوسەنگی بووە لەنێو کابینەکەی ترەمپدا و سەنگی تایبەتی لە واشنتۆن هەبووە.

کەسایەتی دۆناڵد ترەمپ بەرهەمی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی کاپیتاڵیزمی مۆدێرنە. ئەو پارە و خەرجی کردووە بە پێوەر و وەک رییەکشن دەردەکەوێت لەبەرانبەر ئەو ناکۆکی و رقلێبوونەوەیەی لەنێوان جیهانی ئیسلامی و کۆمەڵگای رۆژئاواییدا هەیە.
 
ترەمپ پێشتر و لە مانگی 3ی 2018دا هەروا لەناکاو بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکای لە سوریا راگەیاند، بەڵام بە فشاری راوێژکارەکانی و ئەندامانی کابینەکەی ئەو بڕیارەی دواخست. دواتر بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی "سێ" ئامانجیان دیاریکرد بۆ مانەوەی هێزەکانیان لە سوریا کە بریتی بوون لە یەکەم، لەناوبردنی تەواوەتی داعش و نەهێشتنی مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی. دووەم، دەرچوونی هێزە ئێرانییەکان و گروپە وابەستەکانی لە سوریا. سێیەم، هێنانەئارای سیستمێکی سیاسی لە سوریادا کە مافی گشت نەتەوە و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت.

دوای چەند مانگێک، فشارە بەردەوامەکانی ئەردۆغان لەسەر کۆشکی سپی و گەمە و کارتەکانی تورکیا بۆ ئەوەی ئەمەریکا قایل بکات تەنها بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی قەوارەی کوردی لە رۆژهەڵاتی روباری فورات و باکووری سوریا کورت بوویەوە. فشارەکانی تورکیا لەسەر ئیدارەکەی "ئۆباما" و ترەمپیش زۆر جدی بوون. کۆشکی سپی بەدرێژایی ماوەی سێ ساڵ بە هەردوو ئیدارەکەشەوە لە هەوڵی قایلکردن و هێورکردنەوەی تورکیا بوون. واشنتۆن هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"ی بە رەگەزێکی گرنگ و کارا دەبینی لەسەر خاکی سوریا. بەدرێژایی سێ ساڵ دەیویست هەم تورکیا و هەم کارتی هەسەدەشی لەدەستدا بمێنێتەوە، بەڵام تورکیا سوربوو لەسەر ئەوەی یان دەبێت تورکیا یان کورد هەڵبژێرێت. بۆیە بەدڵنیاییەوە گەر کار بگاتە ئەوەی کە ئەمەریکا لە سوریادا لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت بێگومان ئۆپشنی یەکەم پەسەند دەکات.

بۆیە ئێستا دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا دۆخەکە ئاڵۆزبووە، چونکە یەپەگە "کە پێکهاتەی پێکهێنەر و بڕبڕەپشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە" ئەوانیش دەیانەوێت ئەگەر کار بگاتە ئەوەی لەنێوان سوریا و تورکیادا یەکێکیان هەڵبژێرن و ناوچەکانی بندەستیان رادەستی یەکێک لەو دوانە بکەن، بەناچاری یەکەمیان هەڵدەبژێرن.

لەئێستادا ئەم مانۆڕەی هەسەدە گرفتی بۆ رێکكەوتنەکەی ترەمپ و ئەردۆغان دروستکردووە، هەر بۆیە بەپەلە مەولود چاویش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا و سوپاسالارەکەی گەیشتنە مۆسکۆ. هەروەک چۆن لە باکوورەوە تورکیا و گروپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریا بەئامادەباشی تەواوەوە لە هێڵەکانی نێوانیان لەگەڵ هەسەدە لە ئانوساتدان بۆ ئەوەی لەکاتی پاشەکشەی سەربازانی ئەمەریکا هێرش بکەنەسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. بەهەمان شێوە سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی بەڕێکكەوتن لەگەڵ هەسەدە دەربازی رۆژهەڵاتی فورات ببن، بەتایبەت لە دەوروبەری شارۆچکەی "منبج" کە لە باشوورەوە سوپای سوریا لە ناوچەی "عرێمە" مۆڵیانداوە و لە باکووریشەوە لەوبەری روباری "ساجور"ەوە تورکەکان و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ئامادەباشیدان بۆ پەلاماردانی شارۆچکەکە، بەڵام تائێستا سەربازە ئەمەریکییەکان لەگەڵ یەپەگە جڵەوی شارەکەیان لەدەستدایە.

دواجار ئەم ئاڵوگۆڕە پێویستی بە رێکكەوتنە، چونکە ئەگەر ئەمەریکییەکان بکشێنەوە، هەسەدە هێندە توانای سەربازی هەیە رێگە لە پێشڕەویی تورکیا بگرێت تاکو سوپای سوریا دێتەناوەوە. لەم دۆخەشدا ئەوا نیوەی خواستی ئەردۆغان دێتەدی، چونکە ئەو جگە لەوەی دەیەوێ دەسەڵاتی کوردی نەهێڵێت هاوکات بەنیازە هاوشێوەی شارۆچکەکانی "باب، جەرابلس و عەفرین" ئەو ناوچانە کە هەسەدە لێی دەکشێتەوە بە یارمەتی سوپای ئازاد کۆنترۆڵ بکات. بۆیە ئەگەر دۆخەکە لەلایەن روسیا، ئەمەریکا و ئێرانەوە بە رێکكەوتن چارەسەر نەکرێت، مەترسی بەریەککەوتنی سوپای هەردوو وڵات هەیە و ئەمەش نە تورکیا و نە سوریاش نایانەوێت رووبدات. ئەم ئاڵۆزبوونە دواجار ئەشێ بە دوو رێگە چارەسەر بكرێت. ئەویش یان ئەوەتا ناوچەکانی خوارووی رۆژهەڵاتی فورات لە پارێزگای دێرەزوور کە بەم دواییانە لە دەستی داعش ئازادکراون و هاوسنووری پارێزگای "ئەنبار"ی عیراقە و لە دەستی هەسەدە دایە، بدرێت بە سوریا و لەبەرانبەردا ناوچەی منبج، گرێ سپی و ئەشێ جێگەی تریش بدرێت بە تورکیا. دەرفەتێکی تر بۆ گەیشتنە رێکكەوتن گۆڕینەوەی ناوچەکانی بندەستی هەسەدەیە لەلایەن روسیا، ئێران و سوریا بە پارێزگای ئیدلیب کە تائێستا لە بندەستی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا و سوپای تورکیادا ماوەتەوە و بۆ هەردوو بەرە گرنگی زۆری هەیە.

لەهەموو دۆخێکدا بە حوکمی جۆگرافیا و بەرفراوانی ناوچەکە، کارێکی ئەستەمە تورکیا بتوانێت بەیارمەتی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا تەواوی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات و باکووری سوریا کۆنترۆڵ بکات. گرفتێکی تر لە نزیک سنوورەکانی تورکیا هەبوونی پێگەی سەربازی رژێمەکەی ئەسەدە لە قامیشلۆ کە تەنها چەند سەد مەترێک لەسەر سنووری تورکیاوە دوورن. لە شاری حەسەکەش هێشتا چوار گۆشەی تەناهی رژێمی سوریا بوونی هەیە.

هەموو ئەمانە رێکارەکانی بەشکردنی کێکەکەیە لەنێوان تورکیا و سوریا. ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوەیە لە پەراوێزی گۆڕانکارییەکاندایە و تەنها هیوایەک مابێتەوە ئەوەیە درێژەکێشانی رەوشەکە چانسێک دەبەخشێت بۆ ئەوەی بەلانی کەمەوە "کۆبانێ، قامیشلۆ، سەرێکانی و ناوچە زۆرینە کوردەکانی تر" نەکەونە رێکكەوتنی گۆڕینەوە لەنێوان تورکیا و سوریا، چونکە خواستی ئەردۆغان "ئەگەر بۆی بلوێ" زیاتر دەستگرتنە بەسەر ناوچە کوردییەکاندا. بۆیە دەبێ هەسەدە هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچە کوردییانە بەشێوەی لامەرکەزی لەئێستادا لەلایەن کورد و رژێمی سوریاوە بەڕێوەببرێن.

دوا مانۆڕ لەبەردەستی یەپەگە و کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە خودی بڕیارەکەی ترەمپ چ لە کۆشکی سپی و کۆنگرێس لەلایەک و وڵاتانی ئەوروپاش لەلایەکی تر رەخنەگر و نەیاری زۆرە. ئەم دژبەیەکی و ئاڵۆزبوونەش لەنێوان کاراکتەرە سەرەکییەکانی سەرگۆڕەپانی سوریا ئەشێ ببێتەهۆی دواکەوتنی پاشەکشەی سەربازانی ئەمەریکا. راستە بڕیاری کشانەوەکە لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە دەرچووە و دواتریش چەند جارێک جەختی لێکردووەتەوە ، بەڵام هێزی دامەزراوەیی و بەرژەوەندی قوڵی ئەمەریکای لەپشتەوە نییە. ئەمەریکاش هێندەی بۆی بکرێت ئەو ناوچانە بۆ سوریا چۆڵناکات تەنانەت پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا هەڵوێستی نەرێنی لە دژی هەسەدە بنوێنن ئەگەر بیانەوێت ناوچەکانیان ڕادەستی ئەسەد بکەنەوە.




AM:12:57:31/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 699 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌