ئیسرائیل و سێ وڵاتی عەرەبی پشتیوانی لە كورد دەكەن

ئیسرائیل و سێ وڵاتی عەرەبی پشتیوانی لە كورد دەكەن
مەوداپرێس- داهۆ سالم

بەپێی راپۆرتێکی سایتی "middle east eye"، یوسی کۆهین سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" مانگی رابردوو لەگەڵ بەرپرسانی  سعودیە، ئیمارات و میسر کۆبووەتەوە بۆ رووبەڕووبونەوە لەگەڵ کاریگەرییە ناوچەییەکانی تورکیا.

راپۆرتەکە لەلایەن David Hearst، پسپۆڕ لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 8ی ئەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی و میسر لەگەڵ ئیسرائیل پلانێکیان داڕشتووە بۆ پێشوازیکردن لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بۆ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی لەپێناو کەمکردنەوەی هەژموونی هەرێمایەتی تورکیا و ئێران".

دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکە مانگی رابردوو لە یەکێک لە پایتەختەکانی وڵاتانی کەنداودا ئەنجامدراوە کە بەرپرسانی باڵای هەواڵگری هەر چوار وڵاتەکە لەنێویاندا "یوسی کۆهین" بەڕێوەبەری مۆساد ئامادەی بوون، سەرچاوەکان لە کەنداوەوە کە ئاگاداری کۆبوونەکە بوون بە سایتی middle east eye یان راگەیاندووە.

بەشداربوانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون کەوا تورکیا رکابەری سەربازیی سەرەکییە لە ناوچەکەدا نەک ئێران، گفتوگۆی چەند پلانێکان کردووە لە دژی کاریگەرییەکانی تورکیا. رای لایەنی ئیسرائیلی لە کۆبوونەوەکەدا وابووە کە ئێرانییەکانیش کاریگەریی سەربازییان لە ناوچەکەدا هەیە بەڵام لەرزۆکە، بۆیە تواناکانی تورکیا گەورەتر و زیاترە و هەڕەشەی ڕاستەقینە لە تورکیاوەیە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و تاڵیبان لە "ئەبوزەبی" کراوە بەئامادەبوونی کاربەدەستانی سعودیە، ئیمارات و پاکستان وەک یارمەتییەک بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

بەپێی سایتەكە تەوەرێکی تر کۆنترۆڵکردنی "کارتی سوننی" بووە لە عیراق و کەمکردنەوەی هەژموونی تورکیا بەسەریانەوە بووە.

مژارێکی کۆبوونەوەکە، کە هاوڕابوون لەسەری، پاڵپشتیکردنی کوردەکانی سوریا بووە لە دژی هەوڵەکانی تورکیا بۆ لەناوبردنی YPG و باڵە سیاسییەکەی PYD.

هەروەها بەرپرسە هەواڵگرییەکان کۆکبوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عیراقدا و رێگری بکەن لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، لە دوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017 وە.




PM:09:16:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 2540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌