"بۆ هه‌ناسه‌ ده‌گه‌ڕێین و نایدۆزینه‌وه‌"
چیرۆكی هه‌ژێنه‌ری بریندارانی‌ كیمیایی له‌ غه‌ریبیی

چیرۆكی هه‌ژێنه‌ری بریندارانی‌ كیمیایی له‌ غه‌ریبیی" class="imagc" src="imgnews3/1912019926800_50632890_10213499333623878_4826899042854240256_n.jpg" />
مه‌وداپرێس ـ 

ئه‌گه‌رچی‌ سێ ده‌یه‌ به‌سه‌ر كیمیابارانكردنی كورددا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه‌ له‌ عیراق به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام هێشتا كاریگه‌ریی ماوه‌ و قوربانیانی ئه‌و تاوانه‌ مرۆییه‌ تا ئێستا به‌دوای‌ چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن.

كامیل عه‌بدولقادر كه‌ برینداری كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ له‌ باشوری كوردستان كه‌ له‌ 16ی‌ ئاداری 1988 ئه‌نجامدرا، ئێستا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ "ئه‌ڵمانیا"، له‌ نوسینێكدا كه‌ له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ستی خۆی خستووه‌ته‌ڕوو. 

ئه‌و برینداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا چاوی به‌ بریندارێكی تری كیمیاباران (عمران نیك دوست) كه‌ كورده‌ و له‌باره‌یه‌وه‌ نوسیویه‌تی: برا و هاوئازارم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەشاری سەردەشتی شەهید کاک ( عمران نیک دوست) (۳۱ ساڵ)ە دەناڵێنین بەدەست گازی ژەهراوی کیمیاییەوە، ئەو لە (۱۹۸۷/٦/۲۸) ڕژێمی بەعسی عێراق و بەفەرمانی صدام حسین ژەهر باران کراو منیش لە ( ۱۹۸۸/۳/۱٦).

كامیل عه‌بدولقادر كه‌ وته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ قوربانیانی كیمیاباران، لەو ڕۆژگارەوە تا ئەمڕۆ بەدوای هەناسەدا دەگەڕێین و نایدۆزینەوە.

ئه‌و، كه‌ به‌ "سیمبولی كیمیاباران" ناسراوه‌ و ئێستا له‌ ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت و چاوه‌ڕوانی‌ "چاندنی سییه‌كان"ه‌ هه‌ر له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی: ئەوە چوار ساڵ زیاترە نازانم لە دەرەوە باران دەبارێ، تەرزەیە یاخود بەفرە، نازانم گەرمە یاخود ساردە، نازانم کۆڵان و بازاڕ جمەی دێ یاخود کشوماتە، نازانم هاوڕێ و هاودەماکانم چەنیان ماون و چەنیان مردوون، هەندێکیان ناوبەناو پێم دەڵێن هێشتا زیندوین! ، بەڕاستی زۆر ناخۆشە بژیت و ئاگاشت لە دنیا نەبێت، یان بژیت و چواردەورەکەت مامەڵەی مردووت لەگەڵ بکەن!

ئه‌شكان وه‌یس كوڕی‌ كامیل عه‌بدولقادر له‌ فه‌یسبوك وه‌ك هه‌ستێك بۆ باوكی كه‌ له‌ غه‌ریبی و دوور وڵاتییه‌ نوسیویه‌تی: لە باوکێکی ساغ زیاتر بەخێوت کردین، زیاتر فێری جوانی ڕەوشتت کردین، زیاتر ئێمەت نزیک کردەوە لە اللە، باوکە گیان خوای گەورە شیفات بدات و بەزووترین کات بەیەکمان شاد کاتەوە ان شا‌و اللە. 

كامیل عه‌بدولقادر خۆی سه‌باره‌ت به‌ غه‌ریبی و مانه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا، به‌مجۆره‌ هه‌ستی خۆی له‌ فه‌یسبوك نوسیوه‌: نەخۆشی و غەریبی و دابڕان وەک سێ گورگی برسی پەلاماریان داوم، خوایە تۆ نەبێت کەس بەهانامەوە نایەت، وەرە بەهانامەوە توانام نەما. 

له‌ مانگه‌كانی‌ كۆتایی ساڵی‌ رابردوودا فیلمێكی دیكیۆمێنتاری سه‌باره‌ت به‌ كامیل عه‌بدولقادر به‌ناونیشانی (كامیل به‌ شوێن هه‌ناسه‌دا ده‌گه‌ڕێت)، به‌رهه‌مهێنرا و نمایش كرا، باسی‌ ژیانی ئه‌و برینداره‌ی كیمیایی ده‌كات كه‌ چۆن به‌ جیهاندا به‌دوای‌ هه‌ناسه‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌رهه‌مهێنه‌رانی فیلمه‌كه‌ش وتیان: ده‌مانه‌وێت ئازاری كامیله‌كان بگه‌یه‌نینه‌ جیهان.

كامیل عه‌بدولقادر زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی (هیلۆس)ه‌ له‌ شاری‌ (ئێسن)ی‌ ئه‌ڵمانیا، پێشتر خۆی نوسی: چاندنی‌ سی‌ له‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا بۆ كه‌سێك بكرێت، ده‌بێت یان ئه‌ڵمانی‌ بێت یان مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ پێدرابێت، كه‌ تا ئێستا له‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا مافی‌ مانه‌وه‌م پێنەدراوە.

ئه‌و بۆ میدیای كوردیی وتی: "دكتۆره‌كان پێم ده‌ڵێن به‌رده‌وام پێویستت به‌ چاودێرییه‌، له‌ ڕووی‌ جه‌سته‌یشه‌وه‌ ده‌بێت بۆ چاندنی‌ سی كێشت 55 كیلۆبێت كه‌ من ئێستا كێشم 50 كیلۆیه‌، ده‌بێت زمانیش بزانم چونكه‌ ده‌خرێمه‌ ژورێكی‌ تاكه‌كه‌سی‌ و هیچ وه‌رگێڕێك له‌گه‌ڵم نابێت، تا دێمه‌وه‌ سه‌ردۆخی‌ ئاسایی خۆم، ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌نجامنه‌دانی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌م ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و تێچووه‌ی‌ كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌م پێویستم ده‌بێت". 

كامیل عه‌بدولقادر ده‌ڵێت: "گۆڕین و چاندنی‌ سییه‌كانم پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ تێده‌چێت، ده‌بێت ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌ڵمانیا یان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق  ڕۆڵیان هه‌بێت له‌ هاوكاریكردنم ئه‌وان قه‌رزداری‌ منن و ده‌بێت حكومه‌تی‌ عێراق به‌تایبه‌ت كه‌هه‌ڵگری‌ هه‌مان ناوی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌یه‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ كرد،  خۆی‌ بكات به‌ خاوه‌نم له‌ كاتی‌ پێویستدا".

كامیل كه‌ بۆ جاری‌ دووه‌مه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر چۆته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا، یه‌كێك له‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ڕۆژانه‌ خزمه‌تی‌ ده‌كات له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌و به‌درێژایی‌ ئه‌و ساڵه‌ له‌ خێزان و سێ كوڕ و كچه‌كه‌ی‌ دووره‌.

وتی: "پێشتر نامه‌یه‌كم ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق كردووه‌ و به‌ده‌نگمه‌وه‌ هات، داوای‌ دوو شتم كردووه‌ ئه‌وانیش له‌ ڕوووی‌ ئینسانییه‌وه‌ هاوكاریم بكرێت و مافی‌ مانه‌وه‌م له‌وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا پێبدرێت، هاوكات خێزان و منداڵه‌كانم بۆ بهێن تا لێره‌ خزمه‌تم بكه‌ن".

كامیل پێشتر بۆ سایتی خه‌ندانی رونکردەوە: سه‌ره‌ڕای‌ هه‌وڵه‌كانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، به‌ڵام حكومه‌تی‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت، ده‌توانی‌ بۆ سێ مانگ كه‌سوكاره‌كه‌ت بهێنی‌ و "هه‌رچه‌نده‌ نوسینگه‌ی‌ كاك به‌رهه‌م وتوویانه‌ كه‌سێكت بۆ دابین ده‌كه‌ین تا منداڵه‌كانت ده‌گه‌ن، هه‌روه‌ها باڵیۆزی‌ ئه‌ڵمانیاش له‌ عێراق داوای‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا كردووه‌ كه‌ مافی‌ مانه‌وه‌م بۆ ده‌ستبه‌ربكرێت و ڕاوێژكاره‌كانی‌ د.به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌رخه‌تن له‌گه‌ڵم و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌م كه‌ ئه‌نجامێكی‌ هه‌بێت". 

كامیل عەبدولقادر ئەوەشی خستەڕوو، "من ئێستا پێویستم به‌وه‌یه‌ جیاواز له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ هێنراوه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا بۆ چاره‌سه‌ر خزمه‌تبكرێم، چونكه‌ كه‌سێك له‌سه‌ره‌ مه‌رگدا بێت نابێت به‌و شێوه‌یه‌ ئیهمالبكرێت و له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ ئه‌ڵمانیا و عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ خزمه‌تم بكه‌ن، ئومێد ده‌كه‌م  به‌ هه‌وڵی هه‌موولایه‌ك  به‌ربه‌سته‌كانی‌ به‌رده‌مم لاببرێت".

كامیل عەبدولقادر، له‌ پاش  20 ساڵ كاری‌ خۆبه‌خشی‌ له‌ پاش كیمیابارانی‌ هه‌ڵەبجه‌ ڕۆژ له‌ دوای‌ ڕۆژ ته‌ندروستی‌ خۆشی‌ وه‌ك به‌ركه‌وتووه‌یه‌كی‌ چه‌كی‌ كیمیای‌ ڕووی‌ له‌ خراپی‌ ده‌كرد، ئێستا جگه‌ لە کامیل 300 كه‌سی دیكه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستیان به‌ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ره‌، به‌تایبه‌ت 40 كه‌سیان بارودۆخیان باشن نییه‌ به‌رده‌وام پێویستیان به‌ چاودێرییه‌، كامیل ده‌ڵێت،  ئەگه‌ر ئه‌وانه‌ چاودێری‌ نه‌كرێن بارودۆخیان وه‌ك منی‌ لێدێت.



AM:11:27:19/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 425 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌