ئەردۆغان شکستی پلانەکانی دەخاتە ئەستۆی ئەمەریکا، ئیسرائیل و کورد

ئەردۆغان شکستی پلانەکانی دەخاتە ئەستۆی ئەمەریکا، ئیسرائیل و کورد
مەوداپرێس- داهۆ سالم

ئاژانسی DEBKA لە راپۆرتێکدا کە لە 3 ی فێبریەردا بڵاوکراوەتەوە رایدەگەیەنێت، دەزگای هەواڵگری تورکیا کە بە MIT ناسراوە لەم هەفتەیەدا، داود باغستانی سەرۆکی دەستەی "دۆستایەتی ئیسرائیلی-کوردی" لەگەڵ سێ کەسی تر لە دەستەکە دەستگیرکردووە بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ PKK و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و ئیسرائیل.

بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی  DEBK، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەیەوێت لەو رێگەیەوە ئەولایەنانە بکاتە ئامانج کە رێگربوون لە بەردەم پلانە سەربازییەکانیدا لە سوریا، کە خۆی لە ئەمەریکا، ئیسرائیل و کوردەکاندا دەبینێتەوە، بۆیە دەیەوێ بە بەردێک سێ نیشان بشکێنێت.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرۆکی تورکیا دەزانێت توانای جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانی لە سوریا نییە و نایەوێ شەرمەزارببێت. بۆیە دەیەوێ وای نیشان بدات کەوا دەزگا نهێنییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا لەناودەبەن.

هەر بەپێی سایتەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا  هۆشیداری توندییان داوەتە ئەردۆغان کەوا لێناگەڕێن سوپای تورکیا ئەو ناوچە کوردییانە داگیربکات کە لەلایەن YPG وە بەڕێوەدەبرێن.

راپۆرتەکە دەڵێت، هەرچەندە ئەردۆغان دەزانێت رووسیاش هەروەک ئەمەریکا رێگرە لەبەردەم پلانەکانیدا لە سوریا، بەڵام بوێری ئەوەی نییە خۆی لەقەرەی رووسیا بدات، چونکە دەزانێت رووسەکان دەتوانن لە سوریا سزایان بدەن.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا، هاتووە دەزگای هەواڵگری تورکیا دەیەوێ ئاراستەی رووداوەکان لە کوشتنی رۆژنامەنووسی سعودی "جەمال خاشفقچی"ەوە بگۆڕێت بۆ ئە دەستگیرکراوە کوردانە.

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە باغستانی و هاوڕێکانی بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە بەرژەوەندیی پەكەكە دادگایی دەکرێن.



PM:03:11:06/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 2013 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌