كەشتیەكی ئەڵمانی بەناوی ئایلان كوردی ناونرا

كەشتیەكی ئەڵمانی بەناوی ئایلان كوردی ناونرا
مەوداپرێس-

لە رێوڕەسمێكدا لە دورگەی (پالما دی مایۆركا)ی ئیسپانیا، ناوی ئایلان كوردی منداڵە كۆچەرە خنكاوەكەی رۆژئاوای كوردستان لەو كەشتییە ئەڵمانییە نرا، كە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا كاردەكات بۆ رزگاركردنی ئەو كۆچەرانەی گیردەخۆن.

میدیا جیهانیەكان بڵاویان كردەوە " لە رێوڕەسمی ناونانی كەشتییە ئەڵمانییەكە، عەبدوڵڵا كوردی باوكی ئایلان و تیمای خوشكی ئامادەبوون".

 باوكی ئایلان  لە وتەیەكیدا رایگەیاند، خۆشحاڵن ئەو كەشتی فریاگوزارییەی ئەڵمانیا ناوی كوڕەكەیانی هەڵگرتووەو پێویستە هەرگیز كوڕە بچوكەكەمان لە یاد نەكرێت".

عەبدوڵڵا كوردی وتیشی  "زۆرێك هاوبەشی غەمی ئێمەن بۆ لەدەستدانی هاوسەر و منداڵەكانم، هەزارانی خانەوادەی دیكەش هەن، كە بەوپەڕی كارەساتبارییەوە كوڕ و كچەكانیان لەو رێگایەدا لەدەستداوە".
ئایلان تەمەنی تەنها سێ ساڵان بوو، كە ساڵی 2015 لەگەڵ رەیحانەی دایكی و غالب برای لە دەریای ئیجەی نێوان توركیا و یۆنان گیانیان لەدەستدا.

ئایلان ساڵی 2015 لەگەڵ خێزانەكەیدا لە دەریای ئیجەدا كەوتنە ناو ئاوەوە، بەڵام خنكا و پاشان تەرمەكەی لە كەناراوەكانی توركیادا دۆزرایەوە، لەوكاتەشەوە بۆتە سیمبولی كارەساتباری رێگای قاچاخی گەیشتن بە ئەوروپا.

ئەو كەشتییەشی ناونراوە "ئالان كوردی" كە زیاتر بە ئایلان ناسراوە، خاوەندارێتییەكەی بۆ رێكخراوی "سی. ئەی"ی ئەڵمانی ناحكومی دەگەڕێتەوە و پێشتریش ناوی پرۆفیسۆر ئەلبێرخت بینك-ی هەبووە و لە رۆژی 10-2-2019ەوە كراوەتە "ئالان كوردی"



AM:10:49:11/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌