"بەچاوی خۆم بینیم كەویستیان ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیر بكەن"

مەوداپرێس-

وردەكاری كودەتاكردن بەسەر ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئاشكرا دەبێت و شایەتحاڵێكی دەڵێت بەچاوی خۆم بینیم كەویستیان ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیر بكەن.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی  لەسەر زاری "مارتن چولۆڤ" ی  پەیامنێری   نووسیویەتی  "شەڕی نێوان پاسەوانەكانی بەغدادی و كودەتاچیەكان دوو رۆژی خایاندوە و سەرجەم چەكدارانی هەڵگەڕاوەش كوژراون".

رۆژنامەكە راپۆرتێكەی  "مارتن چولۆڤ"ی پەیامنێری لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەناونیشانی "سەركردەی رێكخراوی داعشم بەچاوی خۆم بینی" بڵاوكردوەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، شایەتحاڵێك پێی راگەیاندووە شەڕی نێوان پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی و چەكدارە كودەتاچییە بیانیەكان دوو رۆژی خایاندوە و لە كۆتاییدا سەرجەم ئەو چەكدارە كودەتاچییانە كوژراون، شەڕەكەش لە گوندی "كشمە"ی سەربە ناوچەی باخۆز بووە كە بەكۆتا مۆڵگەی رێكخراوەكە دادەنرێت لە سوریادا و دەكەوێتە پارێزگای دێرزۆرەوە.

ئەو شایەتحاڵە كە ناوی جومعە محەمەدە و تەمەنی 53 ساڵە و لەو گوندەدا بووە بۆرۆژنامەی گاردیان وتویەتی " بەچاوی خۆم بینیم دەیانوسیت  ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیر  بكەن. شەڕێكی زۆر قورس رویداو نێوان خانووەكان هەموو كرابوون بە تونێل و زۆرینەی چەكدارە كودەتاچییەكانیش تونسی بوون، لەو دوو رۆژەدا ژمارەیەكی زۆریش لە هاووڵاتی ناوچەكە كوژران و لەشەڕەكەدا ئەبوبەكر بەغدادی  رزگار كرا".

جومعە باسی لەوەشكردوە، دوای ئەو پێكدادانە، بەغدادی رویكردوەتە باخۆز و خۆی و پاسەوانەكانی لەو ناوچەیەدا بوون و دواتر هەڵاتن. وتوشیەتی "هەموو كەس دەیزانی سەركردەی رێكخراوی داعش لە كام خانوە لەگەڵ پاسەوانەكانیدا دەژی. هەرگیز نەدەهاتە ناوەڕاستی شارۆچكەكە و ئۆتۆمبێلێكی ئۆپڵی سوریشی بەكاردەهێنا".

ئەو شایەتحاڵە رونیكردوەتەوە، رێكخراوەكە پاداشتی بۆ هەر كەس دانابوو سەركردەی كودەتاچییەكان یان "ئەبو موعاز جەزائیری"یان بۆ ببات یان بكوژێت، كە شەڕكەرێكی بیانی پێشووی رێكخراوەكە بوو.

بەپێی زانیاریەكانی گاردیان، كودەتاكە لە 10-1-2019دا روویداوە و سەركردەی كودەتاچییەكان كە یەكێك بوە لە متمانەپێكراوترین سەركردە بیانیەكانی ناو رێكخراوەكە لەلای بەغدادی، رزگاری بوە و لەناوچەكە هەڵاتوە و روویكردووەتە بیابانەكان.
دەزگا هەواڵگریەكانی وڵاتان پێیانوایە "ئەبو موعاز جەزائیری" سەركردەی ئەو كودەتایە بووە، هەرچەندە رێكخراوەكە راستەوخۆ تۆمەتباری نەكردوە، بەڵام خەڵاتی بۆ كوشتنی داناوە.

پێشتریش چەند جارێك هەواڵی كودەتا بەسەر بەغدادی و كوشتنی لەلایەن چەكدارانی رێكخراوەكەوە بڵاوكراوەتەوە، لەدیارترینیان ساڵی 2015 بوو لە شاری موسڵ، كە كودەتاكەی ناو داعش شكستی هێنا و رێكخراوەكە دەیان چەكداری بەتۆمەتی كودەتا لەسێدارەدا.
ماوەی چەند رۆژێكە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی دوا مۆڵگەی رێكخراوی داعش لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"وە لە شارۆچكەی باخۆز لە پارێزگای دێرەزۆری سوریا دەستیپێكردوە. دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەش، چەندین چەكداری داعش بەجلوبەرگی مەدەنییەوە خۆیان تێكەڵی هاووڵاتیان كرد و هەوڵی هەڵاتنیاندا، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانەوە دەستگیركران.

ئامادەكاری راپۆرتەكەش پێیوایە چەكدارانی داعش لەو شارۆچكەیەدا چەندین دیلی بیانییان شاردوەتەوە لەناویشیاندا "جۆن كانتالی" رۆژنامەنوسی بەریتانی و دەیانەوێت لەكاتی پێویستدا لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە مامەڵەیان پێوەبكەن.

بەپێی زانیاریە هەواڵگرییەكان، باخۆز كە كۆتا مۆڵگەی داعشە، زیاتر لە 500 چەكداری رێكخراوەكەی تێدایە و زۆرینەیان بیانین و چاوەڕێ دەكرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچەیە و پاككردنەوەی تەواوی سوریا لەدەست ئەو رێكخراوە لەلایەن هێزەكانی سوریا دیموكرات "هەسەدە"وە رابگەیەنرێت، كە زۆرینەیان كوردن و لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە سەرپەرشتی دەكرێت".
سەرچاوە، رۆژنامەی گاردیان
وەرگێران، كەناڵی knn



PM:01:54:11/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 3421 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌