رۆمانه‌كه‌ی فرۆشی به‌رچاوه‌
به‌ختیار عه‌لی‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بووه‌وه‌

رۆمانه‌كه‌ی فرۆشی به‌رچاوه‌<br>
به‌ختیار عه‌لی‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بووه‌وه‌
مه‌وداپرێس ـ 

به‌ختیار عه‌لی‌ نوسه‌ر و رۆماننوسی ناسراوی باشوری كوردستان، له‌هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كدا بۆ شاری سلێمانی، مشتومڕێكی رۆشنبیریی و هزریی دروست ده‌كات، چ به‌هۆی لێدوان و كار و به‌رهه‌م و كۆڕه‌كانیه‌وه‌ بێت، یان به‌هۆی ئه‌و ره‌خنانه‌وه‌ بێت كه‌ به‌ره‌ی ره‌خنه‌گر له‌و نوسه‌ره‌ی ده‌گرن.

له‌ ئێستادا به‌ختیار عه‌لی‌ به‌هۆی دوو بابه‌ته‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی به‌رچاو بووه‌ته‌وه‌، بابه‌تی یه‌كه‌م بریتیه‌ له‌ زمانی به‌كارهێنراو له‌ نوسینه‌كانیدا، به‌تایبه‌ت رۆمان، ره‌خنه‌ له‌و زمانه‌ گیراوه‌ كه‌ رۆمانه‌ نوێیه‌كه‌ی (ده‌ریاس و لاشه‌كان)ی پێ نوسیوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی ره‌خنه‌گران یان ئه‌وانه‌ی‌ قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه‌، پێیانوایه‌ زمانه‌كه‌ی لاوازه‌ و تۆمه‌تباریان كردووه‌ به‌ختیار عه‌لی‌ بایه‌خ به‌ زمان نادات.

ره‌خنه‌گرتن له‌ زمانی‌ نوسین لای‌ به‌ختیار عه‌لی ره‌خنه‌یه‌كی كۆنی نوێیه‌ و له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رهه‌مێكی نوێدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. 

ئارام سدیق به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ره‌هه‌ند له‌ شاری سلێمانی، كه‌ رۆمانه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، بۆ مه‌وداپرێس وتی:"‌ئه‌وانه‌ی‌ ره‌خنه‌ له‌ زمانی نوسینی به‌ختیار عه‌لی‌ ده‌گرن، كۆڵه‌وارن و چاویان به‌ داهێنانه‌كانی‌ ئه‌و نوسه‌ره‌دا هه‌ڵنایه‌ت".   

به‌ختیار عه‌لی‌ له‌ رۆژانی رابردوودا خودی خۆی به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی كرد له‌ ناوه‌ندی ره‌هه‌ند له‌ شاری سلێمانی، به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی ئارام سدیق، نزیكه‌ی دوو هه‌زار له‌ رۆمانی (ده‌ریاس و لاشه‌كان) فرۆشراوه‌ و به‌ختیار خۆی واژۆی ده‌كرد.

بابه‌تی دووه‌م كه‌ به‌ختیار عه‌لی‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ یان مشتومڕی دروست كردووه‌، بریتیه‌ له‌ دروستكردنی په‌یكه‌رێك بۆ ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی ره‌هه‌نده‌وه‌ و فرۆشتنی هه‌ر دانه‌یه‌كی به‌ نرخی 40 بۆ 45 هه‌زار دینار، كه‌ ئارام سدیق ده‌ڵێت: فرۆشی باش بووه‌. 

سه‌باره‌ت به‌و ره‌خنانه‌ی‌ گیراون و پێیانوایه‌ نه‌ده‌بوو به‌ختیار عه‌لی‌ رێگه‌ی بدابایه‌ په‌یكه‌ری بفرۆشرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ره‌هه‌ند له‌ سلێمانی وتی:"ته‌نیا به‌ختیار عه‌لی‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یكه‌ر بۆ 10 كه‌سایه‌تی دروستكراوه‌، شه‌شیان له‌ ژیاندان، سه‌ره‌تا به‌ به‌ختیار ده‌ستی پێكردووه‌، ئه‌و سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ته‌نیا موڵكی خۆی نییه‌". 

ئارام سدیق روونیكرده‌وه‌: ئێمه‌ دوای‌ ته‌واوبوونی په‌یكه‌ره‌كان پرسمان به‌ به‌ختیار عه‌لی‌ كرد، ئه‌و ده‌ستخۆشی كرد، وتی تازه‌ دروست كراوه‌. 

به‌ختیار عه‌لی‌ نوسه‌ری ناسراوی باشوری كوردستان، كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات (ئه‌ڵمانیا)، ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ بوو گه‌ڕابووه‌وه‌ شاری سلێمانی.





PM:04:59:11/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 339 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌