به‌رهه‌م ساڵح هاته‌ده‌نگ
"ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ده‌ستكه‌وته‌ بۆگشت جیهان"

به‌رهه‌م ساڵح هاته‌ده‌نگ<br>
مه‌وداپرێس ـ 

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له ‌كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا پێشوازی له‌ ئه‌لكسه‌نده‌ر دی كرۆ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی به‌لجیكا کرد و بانگهێشت نامەیەکی فەرمی وڵاته‌که‌شی پێشکه‌ش بە سه‌رۆک کۆمار کرد بۆ سه‌ردانی به‌لجیکاو یه‌کێتی ئه‌وروپا و هاوکات سه‌ردانه‌که‌شی به‌ گرنگ وه‌سفکرد .

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ سه‌ركه‌وتنی عێراق به ‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتنی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ به‌سه‌ر به‌ره‌ی شه‌ڕ و تاریك په‌رستیدا، بۆیه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌‌ ده‌ستكه‌وته‌ بۆ گشت جیهان‌، ڕۆڵی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیشی له‌ به‌شداریكردن له‌و جه‌نگه‌دا به‌رز نرخاند.

له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی كرد به‌ ‌پێویستی چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی هه‌مووان بۆ خۆ ئاماده‌كردنی قۆناغی دوای داعش، هاوكات داوای له ‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ پشتیوانیكردنی عێراق له ‌دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و پێویستی پیاده‌كردنی به‌رنامه‌ و پلانی بوژاندنه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ زیان لێكه‌وتووه‌كان به ‌هاوكاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان .

جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكاش سه‌ركه‌وتنی عێراقی به‌سه‌ر ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ پشتیوانیكردنی عێراق كرده‌وه‌ له‌ گشت بواره‌كاندا.


PM:05:01:18/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 1869 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌