حکومه‌تی عیراق ده‌رماڵه‌ بۆ ئه‌م دوو چینه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌کات


حکومه‌تی عیراق ده‌رماڵه‌ بۆ ئه‌م دوو چینه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌کات
مه‌وداپرێس-‌ 

سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵ و کارمەندانی تەندروستی سلێمانی  به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌شیان بڵاوکردەوە که‌ تێدا هاتووه‌، حکومەتی عیراق بڕیاریدا بە زیادکردنی دەرماڵە بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵ و کارمەندانی تەندروستی.

ئەمڕۆ سێشەمە 5ی ئازاری 2019 سه‌ندیکای ئه‌ندازیارانی کشتوکاڵ و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌شیان بڵاوکرده‌وه‌ تێدا هاتووه‌، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی 3ی ئەم مانگەدا بڕیاریداوە بە زیادکردنی دەرماڵەی ئەندازیارانی کشتوکاڵی بە ڕێژەی 35%  بۆ ئەو ئەندازیارانەی لە دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەوام دەکەن، هەروەها بە ڕێژەی 50% بۆ ئەو ئەندازیارانەی لە پڕۆژەکاندا کاردەکەن.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆ کارمەندانی تەندروستییش 30%ی دەرماڵەی مەترسیی زیادکراوە بۆ سەر دەرماڵەی 50%ی پێشوویان و، بەو پێیەش بڕی دەرماڵەی مەترسیی کارمەندانی تەندروستی بۆ رێژەی 80% زیادکراوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، هاوشێوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق دەرماڵەی ئەندازیارانی کشتوکاڵ و کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت.

حکومەتی عێراق لە بڕیارێکدا کە رۆژی 3ی ئەم مانگە لەلایەن مەهدی عەلاق ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران بە وەکالەت دەرچووە، بڕیاریدا بە زیادکردنی دەرماڵەی ئەو دوو توێژەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.



PM:07:24:05/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 1454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌