چی لە هەگبەکەی جەواد زەریف و قاسم سولەیمانیدایە

چی لە هەگبەکەی جەواد زەریف و قاسم سولەیمانیدایە
مەوداپرێس_ داهۆ سالم

هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی لەناکاوی محەمەد جەواد زەریف لە درەنگانێکی 25ی فیبریوەریدا ئاهەنگ و خۆشحاڵی لەنێو باڵی توندڕەوەکانی ئێراندا گەرمکرد.

"زەریف وەک قومارچییەک کە گرەوی لەسەر متمانەکردن بە وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا جۆن کێری دەکرد و دۆڕا،"حەمید ڕەزایی ئەندامی پێشووی پەرلەمان، سەربە باڵی توندڕەو وای ووت.
مەحمود نەباڤیان ڕایگەیاند" سوپاس بۆ خوا، ئەو کەسەی لەپشت شکستهێنانی ڕێکەوتننامەکانی سەعدئاباد، پاریس، ژنێڤ و لۆزانەوە بوو دەستی لەکارکێشایەوە."
جەواد کەریمی گۆدووشی ئەندامی مەجلیسی شورا، بەگەرمی دەستی هاوڕێ پەرلەمانتارەکەی گوشی و ووتی" دڵنیابە زەریف کۆتای هات.

دەرکەوت باوەڕکردن بە ڕۆیشتنی وەزیری دەرەوە هێشتا زوو بوو. ئەوە بوو بە ڕەوایەتییەکی نوێ و بڕیاردانێکی بەهێزەوە گەڕایەوە بۆ پۆستەکەی دوای ئەوەی چەند گوزارشتێکی پاڵپشتی لە کۆمەڵێک لە بژاردەی فەرمانڕەوای ئێرانەوە پێگەیشت. لەسەروو هەموویەوە، ستایشی یەکێک لە کەسایەتییە جەماوەرییەکان دڵی توندڕەوە ئێرانییەکانی دامرکاندەوە و پێگەی زەریفی بەرزکردەوە، ئەویش قاسمی سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو.

سولەیمانی پاڵپشتی زەریف بوو وەک بەرپرسی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوە و جەختی کردەوە کەوا بەرپرسانی باڵا بەتایبەت ڕابەری گشتی عەلی خامنەیی پاڵپشتی زەریفن. لێدوانەکانی دوپاتکردنەوەی نامەکەی حەسەن ڕۆحانی بوو کە دەستلەکارکێشانەوەکەی زەریفی ڕەتکردەوە، کە تێیدا ڕایگەیاند ئەو لەگەڵ دەستەی دیپلۆماسی دا  هاوڕان کەوا وەزیری دەرەوە بەرزترین کاربەدەستە کە سیاسەتی دەرەوە پیادە دەکات.  

پاڵپشتیەکەی سولەیمانی بۆ زەریف لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەی ئەتۆمییە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە لەگەڵ ئێران و پیادەکردنی هەڵمەتی  ئەوپەڕی فشار لەدژی ئێران، هەموو ئەوەی کە ڕۆحانی بە هەستیارییەکی زۆرەوە لەمەڕ دیپلۆماسیەت و فراوانکردنی کرانەوە بونیادی نابوو لەناوبرد.  سەرەڕای ئەو بەڵێنەی لەدوای ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی یەوە لە بواری ئابووریدا دابووی، ڕۆحانی ڕووبەڕووی داڕمانی ئابووری بویەوە بەهۆی سەپاندنەوەی سزا ئابووریەکان لەلایەن ئەمەریکاوە، وە باڵی توندڕەوەکان ڕایانگەیاندبوو کە نابێ متمانە بە ئەمەریکا بکرێت.

هەرچەندە سلێمانی لەلایەن گشت باڵە جیاوازەکانی تارانەوە ستایش دەکرێت، بەڵام خاوەن ڕێزێکی تایبەتە لەلای هێزە کۆنسێرڤەتیڤەکان، وە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هاوسەنگی هێز لە ناکۆکییە سیاسیە نێوخۆییەکانی ئێراندا. بۆچوونەکانی بواری سیاسی باڵی توندڕەوەکانی بەرتەسک کردەوە کە دەیانویست سیاسەتی دەرەکی زەریف تێکبشکێنن و بە بێئاگا ئەژماری کردن و لەبەرەی بەنیامین نەتەنیاهۆی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل ئەژماریکردن کە دەمودەست بە زەریف ی ووتبوو"باش لەکۆڵبووەوە."

سەرەڕای سنورداری سیاسی و مەرجدارکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن دامودەزگا هەڵنەبژێردراوەکانەوە، سیستەمی سیاسی ئێران یەک ڕەنگ و ڕەق نیە. بەپێچەوانەوە، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە ململانێی توند ناسراوە لەنێوان ئەو لایەنە رکابەرانەی لە هێڵی گشتی سیاسەتی نێوخۆی و دەرەکی لەیەکتر جیاوازن. لەم کایە سیاسیەدا، باڵێک بە بەردەوامی دەیەوێ نەک تەنها زەریف بەڵکو ئەیەوێ هەرچی لە دەستی دێت بیکات لەپێناو شکست هێنان بە کابینەکەی حەسەن ڕۆحانی.

گروپەکە بە بەرەی چەسپاندنی شۆڕشی ئیسلامی ناو دەبرێن، بەزۆری بە بەرەی خۆڕاگری"محور المقاومە" بانگ دەکرێن، کە چەند ساڵێکە لە هەوڵی لەناوبردنی ڕیفورمخواز و میانڕەوەکانن لە سەر شانۆی سیاسی ئێران. ڕابەری ڕۆحییان ئایەتوڵا محەمەد تەقی مسباح یەزدی یە، کە کەسێکی ڕیشەگەرای دژبە ڕۆژائاوا یە و بەوە ناسراوە کە بەدوای سیستەمێکی گۆشەگیری هاوشێوەی کۆریای باکورە بۆ ئێران.

مانگی ئۆگەستی ڕابووردوو، میسباح یەزدی هۆشداری دابە ئێرانییەکان لەمەڕ متمانەکردن بە هەر هێزێکی دەرەکی چ ڕۆژئاوایی یان ڕۆژهەڵاتی بێت، ووتی "ئەبێ دان بەوەدا بنێین و بڵێین خوایە، ئێمە هەڵەیەکی نەفرەتیمان کرد. تکایە بمانـبەخشە کە گەشبین بوین بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریکا و گفتوگۆ لەگەڵ دوژمن دا. ...تکایە بمانبەخشە کە گەشبین بووین بە ئەوروپیەکان، زیاتر دووا " هەندێک دڵیان داوە بە ڕووسیا و چین؛ ئەوانەش دیسان هەڵەدەکەن."

 لە چەند مانگی ڕابووردوودا، ژمارەیەک پارلەمانتاری سەربە بەو گروپە پرۆژەیاسایەکیان گەڵاڵەکرد بۆ لێپێچینەوە لە زەریف، ڕۆحانی و تەنانەت علی لاریجانی سەرۆکی پارلەمان بە ڕێکەوت نەبوو کە هەندێک لە کەسایەتییە سیاسیەکان دەمودەست  بەرەی خۆڕاگرییان بە بەشێک لە هۆکاری داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی زەریف دانا.

ساڵی ڕابووردوو، گروپەکە بەیاننامەیەکی بەهێزییان لە ئێراندا بڵاوکردەوە لە گردبوونەوەیەکدا لە شاری قوم. پەیامەکە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ژیانی ڕۆحانی لێکدرایەوە، ئەگەر سەرلەنوێ دەس بە گفتگۆ بکاتەوە لەگەڵ ئەمەریکادا. خوێندنەوەی بەیاننامە بەدناوەکە، " ئەی ئەوانەی دروشمتان گفتوگۆیە، حەوزی مەلەوانییەکەی فەرەح چارەنوستانە،" بە گریمانەیی ئاماژەبوو بۆ سەرۆکی پێشوو ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی کە ماوەیەکی زۆر پاڵپشتی ڕوحانی بوو دوای ئەوەی کە گوایە لە کۆشکەکەی فەرەح پەهلەوی هاوسەری دواین شاهەنشای ئێراندا مەلەوانی کردبوو، وە لە جەنیوەری 2017 دا بەشێوەیەکی تەمومژاوی گیانی لەدەستدا.

کۆبوونەوەکەی قوم لەلایەن پیاوە ئایینیە کۆنەخوازەکانەوە ئەنجامدرا، لەنێویاندا ئایەتوڵا گەورەکانی وەک ناسر مەکاریم شیرازی و حسێن نوری هەمەدانی خامنەیش بەتوندی ڕەخنەی لەو داخوازیانە گرت کە داوای لابردنی ڕۆحانی دەکەن و بە " خزمەتکردن بە پلانی دوژمنان" ی لەقەڵەم دا. 

دەستلەکارکێشانەوەکەی زەریف پیشانی دەدات، ئایدۆلۆژیای باڵی توندڕەو کە دەوری بەرەی خۆڕاگری داوە پاشەکشەدەکات لە تێکدانی دیدگای ڕۆحانی بۆ ئێران لە ناوەوە و دەرەوە.

زۆربوونی چەلەحانێی باڵی توندڕەو لەئێراندا، بۆ ساڵانی کۆتای سەرۆکی ڕیفۆرمخوازی پێشوو محەمەد خاتەمی دەگەڕێتەوە، کە هەوڵەکانی بۆگەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتای لەگەڵ ئەمەریکادا بێ ئەنجام بوو. پاڵپشتی ئێران بۆ ڕوخانی ڕژێمی تاڵیبان لەلایەن ئەمەریکاوە لە دووای ڕووداوەکانی 11 ی سێپتێمبەرەوە بە ئەژمارکردنی ئێران وەک بەشێک لە "بەرەی خراپە-محور الشر" لەلایەن سەرۆک "بووش"ەوە وەڵام درایەوە. ڕاگرتنی پرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆم لەساڵی 2003 لەلایەن ئێرانەوە وەک بەشێک لە ڕێکەوتنی لەگەڵ ئەوروپادا، بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر لەندەن، پاریس و بەرلین شکستی هێنا لە گەیشتن بەڕێکەوتن.

شکستی خاتەمی ڕێگەی بۆ هەڵکشانی سەرۆکێکی باڵی توندڕەو مەحمود ئەحمەدی نەژاد خۆشکرد. کەواتە ئەگەر ڕابووردوو سەرەتایەک بێت، سەرەڕای پاشەکشەکردنیان بە گەڕانەوەی زەریف وەک وەزیری دەرەوە، بەرەی خۆڕاگری و لایەنە کۆنسێرڤەتیڤەکانی تر ڕێگەیان بۆ خۆشدەبێ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020 و 2021 دەسکەوت بەدەست بهێنن، مەگەر  ئەوروپا ڕووبەڕووی فشارەکانی ئەمەریکا بوەستێتەوە و بەڵێنی بەشداریکردن بدات لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران. دەرئەنجامی ئەم ململانێ فرە ڕەهەندییە هێشتا ڕوون نیە، بەڵام بەدڵنییاییەوە لەهەموو بارێکدا زۆرگرنگ دەبێت.

سەرچاوە-monitor


PM:05:31:06/03/2019