ئه‌وه‌ی نه‌تزانیوه‌ له‌سه‌ر 8ی مارس

ئه‌وه‌ی نه‌تزانیوه‌ له‌سه‌ر 8ی مارس
مه‌وداپرێس- سازگار ئه‌حمه‌د

8ی مارسی هه‌موو ساڵێک به‌ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکراوه‌ که‌ له‌م رۆژه‌دا له‌ هه‌موو جیهاندا مه‌راسیمی تایبه‌ت به‌ ژنان به‌ رێوه‌ ده‌چێت، دیاریکردنی ئه‌م رۆژه‌ وه‌ک رۆژی جیهانی ژنان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1857.

مێژووی 8ی مارس

له‌ 8ی مارسی 1857 ژنانی کارگه‌ی رستن و چنین له‌ شاری نیۆرکی ئه‌مریکا له‌ به‌رامبه‌ر که‌می کرێ و کارکردنی زۆر ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌شێکی زۆری ژنانی گرته‌وه‌ و به‌رده‌وامی هه‌بوو ئه‌مه‌شبووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه‌ وه‌ک رۆژی جیهانی ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی ژنان دیاریبکرێت، له‌ 8ی مارسی 1908 له‌دوای تێپه‌ربوونی 50 ساڵ به‌سه‌ر ناره‌زایه‌تیه‌کانی ژنان له‌ ساڵی 1857 ژنانی کارگه‌ی رستن و چنین که‌تان له‌ نیۆرک له‌گه‌ڵ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م رۆژه‌ به‌هۆی کاری زۆر و مووچه‌یه‌کی که‌م ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی، خاوه‌نی ئه‌و کارگه‌یه‌ به‌هاوکاری پاسه‌وانه‌کانی کارگه‌که‌ بۆ رێگری له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کان ئه‌و ژنانه‌ی زیندانی کرد له‌ شوێنی کاره‌کانیان و به‌ هۆکارێکی نادیار ئاگر که‌وته‌وه‌ له‌ کارگه‌که‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی 129 ژن به‌هۆی ئاگره‌که‌وه‌. 

به‌هۆی روودانی ئه‌م رووداوه‌وه‌ رۆژی 8ی مارس وه‌ک رۆژێک بۆ ناڕه‌زایه‌تی ژنان له‌به‌رامبه‌ر نادادپه‌روه‌ریه‌کان دیاریکرا و بووه‌ ره‌مزێک بۆ مێژوو.

ئەو رووداوانەی کە لە یادکردنەوەی 8ی مارسدا رووی داوه‌

لەكۆنگرەی "كوبنهاگن" لە ساڵی 1910 كە تێیدا جاڕی 8ی مارس درا وەك رۆژی جیهانی ژنان دواتر چەندین خۆپیشاندان و داواكاری سەبارەت بەدەستەبەری مافەكانی ئافرەتان و یەكسانیان لەگەڵ پیاو لەزۆربەی ووڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو بەتایبەتیش لەیادی ئەو رۆژە لەوانەش :

- لە مارسی ساڵی (1911) خۆپیشاندانی ملیۆنی لە (ئەوروپا )بەرپاكرا بۆ داواكاری مافەكان وەك (دە كاتژمێر كاركردن – كرێی یەكسان لەگەڵ كرێی پیاوان – مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن ) .

- لە مارسی ساڵی (1913) ئافرەتان لە (روسیا) كۆبوونەوەی نهێنیان ئەنجامدا بۆ خۆ ڕێكخستن لەپێناو دابینكردنی مافەكانیان .

- لە مارسی (1914) ئافرەتان لە(ئەڵمانیا ) داوای مافی دەنگدانیان كرد .

- لە مارسی (1915) ئافرەتان لە (ئۆسڵۆ) داكۆكیان لە مافەكانیان كرد و داوای ئاشتیان كرد .

- لەمارسی (1917) ئافرەتان لە (سان بیترزبورغ) خۆپیشاندانیان كرد بۆ دابین كردنی ( نان و گەڕانەوەی پیاوان لە بەرەكانی شەڕ ) .

- لە مارسی (1921) لینین جاڕی رۆژی 8ی مارسی دا وەك رۆژی ژنان.

کەی رۆژی 8ی مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان ناسێنرا

لە بەرامبەر هەموو ئەو داواكاری و خۆپیشاندانەی ژنان كەزۆربەی وڵاتانی جیهان گرتەوە كەبزوتنەوەكانی ئافرەتان پێی هەڵسان لە شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردوو، نەتەوە یەكگرتوەكان لە ساڵی 1977 بڕیاری دا رۆژی 8ی مارس وەك رۆژی جیهانی ژنان بناسرێت، لەو كاتەوە تاكو ئێستا لەم روژەدا بەشێوازی جیاجیا لەوڵاتانی جیهان یادی دەکرێتەوە.

ھێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیھان، لە چوارچێوەی خێزان، کۆمەڵگا وە یان شوێنی کار ژنان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، یاسای مەزھەبی و پیاوسالاری دژە ژن لە زۆر وڵاتی دواکەوتووی جیھان ژنان ئازار دەدات و کاری پێدەکرێت.

سێ لە سەر چواری نەخوێندەوارەکانی جیھان ژنانن، ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانی ئاوارەیی شەڕەکانن، دیاریکردن جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، قاچاخ و کڕین و فرۆشتنی ژنان، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توندوتیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف و …ھتد، نمونەی بندەستی ئاشکراە کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت.

زیاتر لە سەد ساڵ بە سەر مێژوی دەست نیشانکردنی ئەم رۆژە وەک رۆژی جیھانی ژن تێدەپەڕێت، بەڵام ھێشتا ھۆکار زۆرن بۆ ژنان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان، لەم رۆژەدا لە سەرتاسەری جیھان بێنە مەیدان بۆ بەرگری لە مافە سەرەتایەکانی ژنان.

بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف چەندین بیانووی جۆراوجۆری دیکه بڵاودەبێتەوە، تاوانبارانیش بەسزای خۆیان ناگەن یاخود لەڕێگەی سوڵحی عەشایەریەوە چارەسەر دەکرێت تاوانبار هیچ سزایەک نادرێت، ئەمەش وایکردووە کە توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان روو لەزیادبوون بکات.


PM:01:42:08/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌