مه‌لا رۆژبه‌یانی، له‌دایکبوونه‌وه‌ تا شه‌هیدبوونی

مه‌لا رۆژبه‌یانی، له‌دایکبوونه‌وه‌ تا شه‌هیدبوونی
مه‌وداپرێس-نه‌رمین عوسمان


دوای چەن رۆژێک لە تیرۆرکردنی مێژوونووسی ناوداری کورد مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی، کاک (ناسری سینا) لە ڕادیۆی (زایەڵە) لە سویدەوە، ڕۆژی پێنجشەممە (٥/٤/٢٠٠١) گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی سەبارەت بە تێرۆری مامۆستا ڕۆژبەیانی، لەگەڵ مامۆستا (محەمەدی مەلا کەریم) دا سازدەکات لە بەغدا. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە پوختەی ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەیە.

مامۆستا مەلا جەمیلی کوڕی مامۆستا مەلا ئەحمەدی (فەرقان) لە هەرێمی کەرکوک لە کوردستانی عێراق، زانایەکی گەورەی ئەدەب و مێژووی کورد بوو، لە سێ چارەکی دووەم و سێیەم و چوارەمی سەدەی بیستەمدا و تا کۆچی دوایی کردنی لە ئێوارەی ٢٠٠١/٣/٢٦ دا.
لە حوجرەکانی فەقێی کوردستانی عێراقدا، خوێندنی مەلایەتی تەواو کردووە و لە گەلێ لە مزگەوتەکانی کەرکوک و دێهاتی دەوروبەری کەرکوک و لە داقوق و قزرابات و کوت و بەسرە و گەلێ شوێنی تر مامۆستایەتی و پێشنوێژی و خوتبەخوێنی جومعەیبکردووە. لە ساڵەکانی سییەوە دەستی داوەتە بووژاندنەوەی ئەدەبی کۆنی کورد و لەگەڵ دەرچوونی گۆڤارەکانی «ڕووناکی، گەلاوێژ، دەنگی گێتی تازەدا کە یەکەمیان مامۆستایان محەمەد شیت مستەفا و حسێن حوزنی موکریانی و دووەمیان مامۆستایان ئیبراهیم ئەحمەد و فایەق هۆشیار و عەبدولقادر قەزاز و عەلائەدین سەجادی و سێیەکمان مامۆستا تۆفیق وەهبی دەریان کردووە، خاوەنی یەکێک لە قەڵەمە دیار و بەبڕشتەکان بووە.

لە ساڵانی چلدا لەسەر نیشتمان پەروەریی و تێکۆشانی لە دژی داگیرکەرانی ئینگلیز گیراوە و بۆ چەندین ساڵ بەندیی زیندانی نوگرە سەلمان و پاشان زیندانی عەمارە بووە.

پێش ئەوەش لە دوا ساڵەکانی سییەکاندا، سێ ساڵ بەندیی کراوە و یەکێک بووە لەو بەندییانەی کەناڵی ئاوی حەویجەیان لێداوە و ئەو دەشتەیان پێ ئاودێریی کراوە. لە زیندانی نوگرە و عەمارەدا وەک تێکۆشەرێکی دڵ بە خۆشەویستی کورد و کوردستان ئاوەدان، ماوەیەکی باش کاتی خۆی بە وەرگێڕانە سەر عەرەبیی شەرەفنامەی بدلیسی و تەئریخی سلێمانییە و وڵاتی ئەمین زەکی بەگەوە بەسەر بردووە. ئەم دوو کتێبەی پاشان لە ساڵانی پەنجادا لە بەغدا بە چاپ گەیاندووە. پاش بەربوونی بە وەزیفە گەڕاوەتەوە بۆ سەر مەلایەتییەکەی و بە کرداریش خەریکی خزمەتی مێژووی کورد بووە، کە گۆڤاری «هەتاو» لە هەولێر و «هیوا»ش لە بەغدا دەرچوون، مامۆستا مەلا جەمیل یەکێک بووە لەو بنووسە چاپوک و چالاکانەی هەر لە سەرەتاوە هاوکاریی لەگەڵیان کردووە و لە بەرهەمی لێشاو کردووی خۆی بێبەشی نەکردوون. پێش دەرچوونی ئەم دوو گۆڤارەیش هاوکاری لەگەڵ مامۆستا «گۆران» ی مەزن کردووە و زۆر جار بابەتی بەپێزی بۆ ڕۆژنامەکەی وی ناردووە.

لە دوای شۆڕشی «١٤ ی تەمووز» ی ١٩٥٨ ـەوە، ئەویش وەک هەزاران نیشتمانپەروەری تری کورد، گوڕی داوەتەوە بە خەباتەکەی و لەپێناو مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەیدا دڵسۆزانە تێکۆشاوە، پاش وەرگەڕانەوەی ڕژێمی «قاسم» لە ڕێبازی دیموکراسی و پشتهەڵکردنی لە ئامانجە دیموکراسییەکانی گەلی عێراق و بەتایبەتی گەلی کورد، مامۆستا مەلا جەمیل قۆناغێکی نوێی لەبەر زەبروزەنگکردن بەخۆیەوە دیوە و چەندین ساڵ لە کەرکوک و بەغدا و سەماوە و ناسریە زیندانی بووە. پاش بەرەڵڵاکردنی بەغدای بەجێهێشتووە و چۆتەوە بۆ کوردستان و لەوێش سەقامگیر نەبووە و بەناچاریی کۆچیکردووە بۆ ئێران و لەوێش ژمارەیەکی زۆر وتار و نامیلکەی بە کوردی و فارسی لەبارەی ئەدەب و مێژووی کوردەوە نووسیوە، کە هەندێکیان لە عێراق وەرگێڕدراونەتە سەر عەرەبی و بڵاو کراونەتەوە.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخانی ڕژێمی «حەمەڕەزا شا» کە ئەوەندەی پێنەچوو ناوەرۆکی شۆڕش بەتەواوی گۆڕا و لە شۆڕشێکی جەماوەرییەوە بوو بە کودەتایەکی ئاخوندیی پاشکەوتوو، مامۆستا مەلا جەمیل تێگەییشت کە ژیان و کاری لە چوارچیوەی ئەو ڕژێمەدا بۆ ئاسان نابێت، بۆیە دیسانەوە ناچار گەڕایەوە بۆ عێراق و لە بەغدا نیشتەجێ بوو. ئەمجارە دەرفەتی خەریکبوونی بە ئەدەب و مێژووی کوردەوە لەچاو لەوەپێش گەلێک بۆ ئاسان کرا، وەزیفە و خانووی بۆ دابینکرا و لە «کۆڕی زانیاری عێراق» یشدا، «دەستەی کورد»، لە چەند لیژنەدا بوو بە ئەندام و دەرگای هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی لە ڕوودا ئاواڵە بوو. لەم ماوەیەدا چالاکانە کەوتەوە نووسین و بڵاوکردنەوە و تا کۆچی دوایی کردنی دەیان وتاری ئەدەبیی و مێژوویی و ڕەخنەیی بڵاوکردەوە، لەگەڵ چەندین کتێب و نامیلکەی نایاب و دانسقەدا، کە لێرەدا ناوی هەندێک لەو کتێب و نامیلکە و وتارانە دەگێڕینەوە:

1. شەرەفنامە – وەرگێڕان بۆ عەرەبی
2. سلێمانی و وڵاتی – وەرگێڕان بۆ عەرەبی
3. یاداشتەکانی مەئمون بەگ – وەرگێڕان بۆ عەرەبی، لەگەڵ شوکر مستەفا
4. مێژووی حەسەنوەیهی‌و عەییاری
5. فەرمانڕەوایی موکریان
6. شۆڕشی کورد لە کوردستانی تورکیا
7. میرنشینی بەنی عەییاری
8. دینەوەر و ناودارانی
9. خانەقین
10. مەندەلی
11. داقوق فی التأریخ
12. دەوڵەتی بەنی شەداد
13. وڵاتگیری ڕەشەخاکی عێراق
و چەندین کتێب و بابەتی و تر.

لە ئێوارەی ٢٦/٣/٢٠٠١ کەسانێکی تاوانباری تا ئێستا نەناسراو، دەچنە ماڵی مامۆستا مەلا جەمیل و بە کەڵک وەرگرتن لە کوژاندنەوەی کارەبا و تەنیایی مامۆستا و پیریی و بەساڵاچوون و بێدەسەڵاتی ئەو، دەستیان تێچووە و بەشێوەیەکی زۆر ناجوامێرانە لە تەمەنی (٩١) ساڵیدا زۆر دڕندانە شەهیدیان کردووە، بۆ سبەینێ کە بەو کارەساتە زانراوە، پاش بەجێهێنانی هەر دابونەریتێکی دەوڵەتیی کە بۆ کۆڵینەوە لە تاوانەکە و دۆزینەوەی ئەوانەی کردوویانە پێوستن، دۆستان و ناسیاوان و قەدرزانانی فەزڵ و ئەدەبی مامۆستا، تەرمەکەی لە ماڵەکەی خۆیەوە بۆ زێد و ماوای منداڵیی ئەو لە کەرکوک بەڕێدەکەن و لەوێ بە خاکی ئارامگای ئەبەدیی دەسپێرن. ئەوانەی لەوێ بەشداری پرسەی بوون دەڵێن دەمێک ساڵە کەرکوک پرسەی وای بەخۆیەوە نەدیوە، جگە لە جەماوەری بەرفراوانی گەل لە کەرکوک و هەر وا بەرپرسانی دەوڵەتیی و حیزبیی و ڕێکخراوە گشتییەکان بەشداری پرسەی بوون، لە بەغداش یەکێتیی نووسەرانی عێراق پارچەیەکی ڕەشی گەورەی بە دەرگاکەیەوە هەڵواسییبوو کە هەواڵی کۆچی ڕەحمەتیی لێ نووسرا بوو، ڕۆژنامەی «هاوکاری» و هەر وا پاشبەندی کوردیی ڕۆژنامەی عیراق یش هەواڵی ناخۆشی ئەم مەرگە ناوەختەی مامۆستایان ڕاگەیاند.

تیرۆرکردنی ناجوامێرانە و دڵڕەقانەی مامۆستا مەلا جەمیل، زامێکی قوڵی لە دڵی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و لە دەروونی هەموو دڵسۆزێکی ئەدەب و مێژووی کورددا بەجێهێشتووە کە ماوەیەکی زۆری دەوێ تا ساڕێژ دەبێت. هەمیشە هەر زیندوو بێت یادی مامۆستا مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانیی کوردی نەترس و نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە و ئەدیب و مێژوونووسی هەڵکەوت.


سه‌رچاوه‌: کوردستانی نوێ


PM:07:46:02/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌