فواد حسێن: پەیوەندیم بە سەرۆک کۆماری عیراقەوە نییە

فواد حسێن: پەیوەندیم بە سەرۆک کۆماری عیراقەوە نییە
مەوداپرێس

د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، چونکە لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە.

لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە تەلەڤزیۆنی رووداو، کە هیوا جەمال پێشکەشی دەکات، د. فوئاد حوسێن لەبارەی ئەو بودجەیەی بەغدا دەینێرێت گوتی "بەشی بودجەی هەرێمی کوردستان ئەگەر هەمووی پێکەوە حیساب بکەین لە 10 تریلیۆن دینار زیاترە، بەڵام ئەو بەشەی نێردراوە تەنیا بۆ مووچە بووە و بەشەکەی دیکەی نەهاتووە، واتە مانای ئەوەیە نیوەی بودجەی کوردستان نەهاتووە، ئەو نیوەیەش پەیوەندی بەو مەسەلەیەوە هەیە (رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت)".

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: دیدگای ئێوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەبارەی ئابووری و دارایی عێراقەوە چییە؟

فوئاد حوسێن: ئەم حکومەتە لەو رۆژەوەی دەستی بە کارکردن کردووە، ستراتیژیەتێکی ئابووری خستووەتە بەرچاو، ئەو ستراتیژیەتەش پەیوەندی هەیە بە دامەزراندنەوەی ئابووریی عێراق. دۆخی ئێستای عێراقیش جیاوازە لەو دۆخەی کە پێش دوو بۆ سێ ساڵ تێیدابوو. هەروەها ئێستا حکومەتێکی تازە لە بەغدا هەیە، ئەو حکومەتەش ستراتیژیەتێکی روونی هەیە، هەوڵدەدات ئەو ستراتیژیەتە لە چوار ساڵی داهاتوودا جێبەجێبکات. ئەو ستراتیژیەتەش پەیوەندی هەیە بە بونیادنانەوەی ئابووریی عێراق بەگشت.

رووداو: گەرەنتی بەردەوامبوونی ئەو بودجەیەی لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت چییە و چۆن دەتوانرێت بەردەوام بێت؟

فوئاد حوسێن: کاتێک یاسای بودجە لە گفتوگۆدابوو، زۆر کەس هەبوو باسی ئەوەی دەکرد کە عێراق مووچەی خەڵکی کوردستان نادات، ئەگەر بیشیدات بە نیوەیی دەیدات. تەنانەت کاتێک بودجە گەیشتە پەرلەمان گفتوگۆیەکی تووندوتیژ هەبوو، تەنانەت ئەو گفتوگۆیە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش هەبوو، دواییش کە قبوڵکرا، ماوەیەکی پێچوو تاوەکو بە فەرمی ناسرا. ئەو بابەتە جێی گفتوگۆ بوو لەنێوان ئەوانەی پشتگیری ئەو بودجەیەیان دەکرد و وایان راڤە دەکرد کە مووچەی خەڵکی کوردستان دێت، خەڵکی دیکەش هەبوون لەخۆیانەوە باسی ئەوەیان دەکرد کە مووچەی خەڵکی کوردستان نایەت. بەڵام بەهەرحاڵ ئەو پرسە لە بودجە جێگیرکرا، مووچەی خەڵکی کوردستان بەشێکە لەو یاسایە و ئێستا یاسایە، ئێمەش بەگوێرەی یاسای مامەڵە دەکەین، مووچەی خەڵکی کوردستانیش بۆ ئەو ماوەیەی رابردوو هاتووە، لە مانگی یەکەوە تاوەکو ئەو کاتە، بە بۆچوونی من بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە ململانێی سیاسی لەسەر ئەمە نابێت. ئێستا لە بەغدا ململانێی سیاسی هەیە، کەسانێک و حیزبانێک هەن دژی ئەو مەسەلەیەن، کەسانێکی دیکەش هەن پشتگیریان دەکەن. بەڵام بەهەرحاڵ ئەوەی لە دەسەڵاتی یاسایی ئێمەیە، ئێمە جێبەجێی دەکەین و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە مووچەی خەڵکی کوردستان بنێرین.

رووداو: پێتانوایە لە ئەمساڵدا هیچ گرفتێک یان بەربەستێک بۆ یاسای بودجەی بێتە پێشەوە، بەتایبەت سەبارەت بە هەرێمی کوردستان؟

فوئاد حوسێن: من باوەڕ ناکەم، گفتوگۆکە لەسەر ئەوەیە ئایا هەرێمی کوردستان داهاتی 250 هەزار بەرمیل رۆژانە رادەستی بەغدا دەکات یان نا. ئەو بابەتەش بەشێکە لە یاسای بودجە، بەڵام بەشێکی دیکە لە یاساکە ئەوەی کە پەیوەندی هەیە بە هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوەی لەسەر ئێمەیە مووچەکەیە و جێبەجێمان کردووە. ئەوەی پەیوەندیشی بە مەسەلەی نەوتەوە هەیە پێویستە بە زووترین کات گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەستپێبکات.

رووداو: کەواتە ئاگاداری ئەو هەوڵانەن کە باس لە دروستکردنی گرفت دەکەن بۆ ناردنی مووچە، بەتایبەتی هەندێک پەرلەمانتاری یەکێتی باسی ئەوە دەکەن کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە بنێرێت، ئەگەر نەینێرێت ئەوا حکومەتی عێراق مووچەکە دەبڕێت و جارێکی دیکە پاشەکەوت دروست دەبێتەوە؟

فوئاد حوسێن: بەڵێ ئاگادارم، ئاگادارم لەنێو کوردستانیش بیروڕای جۆراوجۆر هەیە، تەنانەت لەنێو پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بیروڕای جۆراوجۆر هەیە لەسەر ئەو مەسەلەیە. کەسانێک هەن وابیردەکەنەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات داهاتی 250 هەزار بەرمیلەکە رادەستی بەغدا بکات، کەسانێکیش هەن دەڵێن ئەگەر رێککەوتن نەبێت چن ئەو داهاتە رادەستبکەن. باشترین چارەسەر بۆ ئەو مەسەلەیە وایدەبینم و هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو دروست بێت و لەسەر ئەو مەسەلەیە دەست بە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ بەغدا.

رووداو: دەگوترێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتنێک هەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق تاوەکو سەری ساڵ ئەو مووچەیە 522 ملیار دینارە هەر بنێرێت، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزەکانی لە پارەی نەوت بداتەوە، لە دوای 2020ـەوە ئەوکات ئەو بابەتە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە راستە؟

فوئاد حوسێن: نا، باوەڕناکەم رێککەوتنی وا هەبێت، چونکە ئەگەر رێککەوتن هەبێت من ئاگادارم، رێککەوتن نییە، بەڵام یاسای بودجە هەیە، لە یاسای بودجە ئەو بڕگەیەی تێدایە، یەکێکی پەیوەندی بە ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، بڕگەیەکی دیکەی پەیوەندی بە ناردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل رۆژانە هەیە. ئەو دوو بڕگەیە هەردووکی لە یاسای بودجە هەیە، ململانێ سیاسییەکەش لەسەر ئەو دوو بڕگەیەیە. ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و بەرپرسیاریێتی منەوە هەیە، ئەوەیە کە مووچەکە بنێرین، منیش بەرپرسیارێتی خۆم جێبەجێکردووە و جێبەجێشی دەکەم و بەردەوامیش دەبم، بەڵام ئەوەی پەیوەندی هەیە بە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بۆ ئەمە پێویستە دەست بە دیالۆگ بکرێت.

رووداو: بەپێی یاسا، دەبێت ئەو داهاتانەی لەڕێگەی گومرگ و باجەوە لە سەرانسەری عێراق کۆدەکرێتەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ بەغدا، ئایا لەوەتەی ئێوە لە بەغدا دەستبەکاربوونە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان هاتووەتەوە بەغدا؟

فوئاد حوسێن: کۆمەڵێک کێشە هەبووە و هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەموو ئەو کێشانەش بە چەند سەعاتێک و چەند رۆژێک و چەند مانگێک چارەسەر نابن. ئێستا پەیوەندیییەکان نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە عێراق پەیوەندی باشن، کورد رۆڵی هەیە لە حکومەتی فیدراڵی و بەشێکین لە بڕیار. من بە باشی دەزانم ئەو پرسانە هەمووی گفتوگۆ بکرێت وەکو ئەوەی گفتوگۆمان کرد و گەیشتینە رێککەوتنێک لەسەر پرسی رسوماتی گومرگی. ئەوە ئاسان نەبوو، ئەویش نیمچە شەڕێکی سیاسی بوو، هەم لە بە‌غدا و هەم لە کوردستان، بەڵام ئەویش کرا. مەسەلەی بودجەش هەروا ئاسان نەبوو، نە ئاسان بوو ئەو بودجەیە بەم شێوەیە ئامادەبکرێت، جێبەجێکردنیشی هەروا ئاسان نەبوو. ئێستاش ململانێ هەیە لەسەر ئەو مەسەلەیە، بەڵام لە ئەنجامدا گەیشتینە رێککەوتنێک و مووچەی خەڵکی کوردستان هات. ئێستاش دەرگا کراوەتەوە و پێویستە بەردەوام بین لەو دیالۆگە؛ ئەو کێشانەی هەن چ ئەوانەی پەیوەندیان بەداهاتی ناوخۆوە هەیە، چ ئەوانەی پەیوەندیان بە باج و گومرگەوە هەیە پێویستە هەموویان بخرێنە سەر مێز و گفتوگۆ بکرێن و رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. هەروەها مەسەلەی نەوتیش پێویستە لە کۆتاییدا بگەینە رێککەوتنێک، ئەنجامی ئەو رێککەوتنە هەردوولا پێوەی پابەند دەبن، بەو پێیەی هەردوولا لەسەری رازی دەبن.

رووداو: ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا نەکات، حکومەتی عێراق دەتوانێت ئەو بودجەیەی بۆ مووچە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، ببڕێت؟

فوئاد حوسێن: ئەوە روونە کە بەشی بودجەی هەرێمی کوردستان ئەگەر هەمووی پێکەوە حیساب بکەین لە 10 تریلیۆن دینار زیاترە، بەڵام ئەو بەشەی نێردراوە تەنیا بۆ مووچە بووە و بەشەکەی دیکەی نەهاتووە. واتە مانای ئەوەیە نیوەی بودجەی کوردستان نەهاتووە، ئەو نیوەیەش پەیوەندی بەو مەسەلەیەوە هەیە، بۆیە پێویست بەوە دەکات گفتوگۆ بکرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی نەوت بکرێت هەم لە عێراق و هەم لە کوردستان. لەڕاستیدا ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دەست بەو گفتوگۆ و دانوستاندنی تەواوبکرێت لەسەر ئەو مەسەلەیە، بەڵام مەسەلەی مووچەی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت و دێت.

رووداو: پێتانوایە ئەو بڕوایەی لای هەندێک پەرلەمانتاری کورد دروستبووە کە مادام هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ و نەوت رادەستی بەغدا نەکات، بەغدا بۆ بودجە بنێرێت، لای پەرلەمانتاری دیکە دروست ببێت و گرفت بێتە پێشەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان سوور بێت لەسەر ئەوەی داهاتی ناوخۆ و نەوت رادەستی بەغدا نەکات؟

فوئاد حوسێن: ئەگەر لەسەر ئەو گفتوگۆیە بەردەوام بین، خەڵک هەیە دەڵێ هەر هیچ نەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بیروڕای جیاجیا هەیە لەنێو پەرلەمانی عێراقی و تەنانەت لەنێوان هێزە سیاسییە کوردستانییەکانیش، بەڵام هەم بەغدا و هەم هەرێمی کوردستان دەیانەوێت ئەو پەیوەندییەی ئێستا لە دایکبووە، بیپارێزن و بە چاکی بەردەوامبێت. دەشکرێت باسی کێشەکان بکەین، کێشەکانیش زۆرن، خۆ هەر ئەمە نییە. کێشەی دیکە هەن کە پەیوەندیان بە ناوچەکانی مادەی 140 هەیە، مەسەلەی مووچەی پێشمەرگە چارەسەر بووە، چەند پرسێکی دیکە هەن، ئەگەر هەموو کێشەکان دەستنیشانبکەین و کار لەسەر چارەسەرکردنیان نەکەین، هەروا دەمێنن، خەڵکیش هەیە دژی ئەو پرسانە ئیش دەکات، ئەمە راستە. بەڵام خەڵکێکی زۆریش هەیە دەیەوێت ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەدایکبووە، بمێنێت و فراوان بێت و بپارێزرێت، ئەو خەڵکانەش لە بەغدا خاوەن دەسەڵاتن.

رووداو: بەهۆی هەندێک پۆستەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت، خەڵک جۆرێک لە ترسی لەلا نیشتووە و دەڵێن رەنگە مانگی داهاتوو مووچەکە نەمێنێت، ئایا بەم دۆخەی ئێستا ئەو مووچەیە بەردەوام دەبێت؟

فوئاد حوسێن: ناردنی مووچە لە بەرپرسیاریێتی وەزیری داراییە، منیش هەم وەکو جێگری سەرۆکوەزیران هەم وەکو وەزیری دارایی ئەو ئەرکە کەوتووەتە سەر شانی من، وەکو چۆن مووچە بۆ کارمەندانی دیکەی عێراق دەنێرین ئەرکی منە مووچە بێت بۆ هەرێمی کوردستان. تاوەکو من لەوێ بم مووچە دێت، چونکە ئەوە دەسەڵاتێکی یاساییە نە مەسەلەیەکی کەسی، دەسەڵاتێکی یاساییە دراوە بە وەزیری دارایی. بە تەسەوری من سەرۆکوەزیران عێراقیش لەوە تێدەگات، بەڵام حەملەیەک هەیە لەوە تێدەگەم، حەملەکەش هەر لەنێو هێزە عەرەبەکان نییە، هەندێک لە عەرەبەکان پشتگیرمان دەکەن لەو بابەتە، هەندێکیش هەیە دژە. لەنێو کوردستانیش ئەو حەملەیە هەیە، بۆ ئەوەی ئەو بابەتە چارەسەر ببێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەست بە دانوستاندن بکەن، ئەمە رێگەی راستە، ئینجا ئەو دانوستاندنە چارەسەری کێشەکە ئەمڕۆ دەکات، سبەی دەکات، مانگی داهاتوو دەیکات ئەمە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام پێویستە پرۆسێسی دانوستاندن دەستپێبکات.

رووداو: وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رووداو باسی لەوەکرد، کە 3 مووچەی فەوتاوی 2018 پەیوەندی هەیە بە حکومەتی عێراقەوە و حکومەتی عێراق نەیناردووە، ئایا ئەو مووچەیە لەسەر بەغدایە، یان بۆ ئەمەش پێویست دەکات دانوستاندن بکرێت؟

فوئاد حوسێن: ئەگەر باسی ئەوە بکرێت لە کاتی خۆی کە حکومەتی هەرێم گەیشتە جۆرێک رێککەوتن لەگەڵ بەڕێز عەبادی کە ئەوکاتە سەرۆکوەزیران بوو، لە مانگی چوار گەیشتنە ئەو رێککەوتنە، ئەوکات منیش لەگەڵ کاک نێچیرڤان پێکەوە لە بەغدابووین، بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو حکومەتی عێراق مانگانە 317 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 285 ملیۆن دۆلار. ئەو رێککەوتنە لە مانگی 4ی 2018 کرا، ئێستا ئەمە خاڵێکە بۆ گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، بە بڕوای من لەو گفتوگۆیەی کە دەستپێبکات پێویستە ئەو مەسەلەیەش باسبکرێت، بەڵام رێککەوتنەکە لە بنەڕەتەوە لە مانگی 4 دەستیپێکرد.

رووداو: یەکەم بڕە پارە 522 ملیار دینارەکە کەلایەن بەغداوە نێردرا، گوترا هی مانگی 3یە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی هی مانگی 1ی پێدەدەین، پرسیارەکە ئەوەیە ئەو بڕە پارەیەی نێردرا هی مانگی یەک بوو یان مانگی 3؟

فوئاد حوسێن: مانگی یەک یاسای بودجە لە گفتوگۆدابوو، دوایی کە پەسندکرا ماوەیەکی پێچوو تاوەکو بە فەرمی پەسندکرا و دوایی رێنمایی وەزارەتی دارایی پێدەرچوو بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی. لە مانگی سێ پارەی هەرێم نێردرا، بەڵام بۆ مانگی یەک و دوو 317 ملیارەکەمان ناردبوو، کە مانگی سێ یاسای بودجە جێبەجێکرا ئەو جیاوازییەی لە مانگی یەک و دوو هەبوو، ئەویشی خرایەسەر.

ئێمە باسی مەسەلەی پێشمەرگەمان نەکرد، ئەویش مانگانە بڕی پارەی خۆی هەیە و وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر پیشانداوە و ئێستا لای وەزارەتی بەرگری عێراقە، پێویستە لەم رۆژانە ئەویش بێت بۆ کوردستان.

رووداو: ئەوەی بڕیاری لێدراوە بێت بۆ کوردستان بۆ مووچەی پێشمەرگە، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێن بەشی نیوەی هێزەکانی پێشمەرگە ناکات. ئایا ئەو بڕەی لە عێراقەوە بۆ پێشمەرگە دەنێردرێت بەپێی چ ژمارەیەکە یان لەسەر چ پێوەرێک دیاریکراوە؟

فوئاد حوسێن: لەنێو خۆشماندا ناکۆکی لەسەر ژمارەی پێشمەرگە هەیە. ئەوە کێشەیەکە پێویستە یەکلاببێتەوە. ئینجا لەگەڵ ئەوەی مووچەی پێشمەرگە هاتووە، داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە میلاکاتی پێشمەرگە بنێرێت بۆ بەغدا تاوەکو بە دیاریکراوی بزانن چەندە، کە ئەمە چارەسەربوو، ئەوکات بە سرووشتی گفتوگۆکە جیاوازە، بەڵام مەسەلەی ژمارە، خاڵی گفتوگۆیە.

رووداو: وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان گوتی نزیکەی 10 ملیار قەرزداری خەڵکن هی پاشەکەوتی مووچە، دەکرێت بەغدا قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ئەوەی هەندێک لەو پاشەکەوتە بداتەوە، واتە لەڕووی یاساییەوە رێگەی تێدەچێت؟

فوئاد حوسێن: دەکرێت ئەم پرسانە هەمووی بە دانیشتن و دانوستاندن چارەسەر بکرێت، ئەوەی روونە لەم چەند ساڵەی رابردوو پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا نەبوو، ئەگەریش پەیوەندی هەبووە، پەیوەندییەکی نێگەتیڤ بووە. جاربەجاریش دانیشتن هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی وانەبووە بۆ چارەسەری کێشەکان، ئێستا پێویست بەوە دەکات ئەو بابەتانە هەمووی باسبکرێن و چارەسەربکرێن.

رووداو: لە یاسای بودجەی 2019 رازین؟

فوئاد حوسێن: بەڵێ. بێگومان لە هەموو شتێک رازی نیت، چونکە لە کۆتاییدا ئەو یاسایە وەکو هەموو پرسەکانی دیکە لە سیستەمێکی وا فرە حیزبیدا رای جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، بەڵام بەگشتی وایدەبینم ئەم یاسایە زۆر باشترە لە یاسای ساڵانی پێشوو.

رووداو: جگە لە ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و خۆشتان کە هەوڵی زۆرتان دا بۆ یاسای بودجەی ئەمساڵ، کێی دیکە لە نوێنەرانی کورد رۆڵی هەبوو لەو یاسایە؟

فوئاد حوسێن: من باسی ئەوە ناکەم کێ رۆڵی هەبووە و کێ نەیبووە، بەڵام یەک شت روونە، ئەم یاسایە ئیشی وەزارەتی داراییە، وەزارەتی پلاندانانیش یارمەتیمان دەدات، گفتوگۆکەش لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی دەکرێت. بێگومان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی دیکەش کراوە، بەڵام ئەساسەکەی ئیشی وەزارەتی داراییە، لە لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەخرێتە بەرباس و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەساسی مەسەلەکە ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە من حەزدەکەم ئەوە باس بکەم کە ئەساسەکەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە هاتووە.

لەسەرەتاوە ئەگەر سەیر بکەین، ئەو پرۆژەیەی رەوانەی پەرلەمان کرا، ئەوە نەبوو کە من ناردبووم بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام کە زانیم ناڕەزایەتیم دەربڕی، دوایی ئەو بڕگەیەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو زیادکرا، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو بڕگەیە ئێمە ناردبوومان، بەڵام لەنێو لیژنەی دارایی بڕگەکە بەشێوەیەک گۆڕا، ئەوەی مووچەکە هەروەکو خۆی مایەوە، بەڵام بڕگەی نەوتەکە بەشێوەیەکی دیکە گۆڕا.

رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ سەرۆککۆمار چۆنە؟

فوئاد حوسێن: سەرۆککۆمار ئیشی خۆی هەیە و منیش ئیشی خۆم هەیە، پەیوەندی ئیشەکەی من بە سەرۆککۆمارەوە نییە، پەیوەندی ئیشەکەی من بە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیرانەوە هەیە.
سەرچاوە: رووداو


PM:12:10:09/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 10536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌