شێخ جەعفەر: گۆڕان هۆکارى رێکنەکەوتنى پارتى و یەکێتییە

شێخ جەعفەر: گۆڕان هۆکارى رێکنەکەوتنى پارتى و یەکێتییە
مەوداپرێس_

له‌وتووێژێکی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌هه‌مانکاتدا به‌رپرسی هێزه‌کانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ باس له‌ هۆکاری دواکه‌وتنی واژۆکردنی ڕێکه‌وتنه‌که‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتی ده‌کات، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ ده‌کاتبه‌ بۆچونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانیه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر زیادکردنی جێگرێک بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم.

ده‌قی وتووێژه‌که‌:
"هۆکاری دواکه‌وتنی واژۆکردنی ڕێککه‌وتنی پارتی و یه‌کێتی، ڕه‌نگه‌ پارتی کێشه‌ی هه‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕان"
لەسەرەتای وتووێژەکەدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری دواخستنی واژۆکردنی ڕێککه‌وتن له‌نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ دوێنێدا، وتی" ئه‌و لێکتێگه‌یشتن و ڕێککه‌وتنه‌ی له‌نێوان پارتی و یه‌کێتیدا کراوه‌ وه‌ک خۆیه‌تی و جێگیره‌ هیچ گۆڕانکارییه‌کی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی منیش وه‌ک خۆی نازانم به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی بزانم براده‌رانی پارتی ئێستا سه‌ردانی حیزبه‌کانی تر ده‌که‌ن وه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک کێشه‌-شیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه‌ دواخرا به‌ڵام ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌جێگه‌ی خۆیه‌تی و له‌م ڕۆژانه‌شدا کۆتایی پێدێت."

"ڕه‌نگە ئێمە لەزۆرشت وازمان هێنابێت لەبەر بەرژەوەندی خەڵک "
شێخ جه‌عفه‌ر ده‌ڵێت: دیارە بەرژەوەندی خەڵک لەسەر و هەموو شتێکەوەیە، ئەو دۆخەی لەماوەی ڕابردوو ڕویدا خەڵک زۆر لە دڵەڕاوکێ و نا ئارامیدا بوو چونکە پەیوەندی پارتی و یەکێتی کاتێک بەرەو تێکچوون دەڕوات وەک پەیوەندی نێوان لایەنەکانی تر نیە چونکە دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر "ئەمنیەت " و هەموو دۆخەکان ڕه‌نگە ئێمە لەزۆرشت وازمان هێنابێت لەبەر بەرژەوەندی خەڵک لەسەرۆکایەتی هەرێم بڕیارە بدرێتە یەکێتی جا ئەگەر یەکێک بوو یا بووە دوو جێگر ئەوە جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان."
"ئەگەر جێگری سەرۆکی هەرێم( لەپشکی گۆڕان ) ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم"
سەبارەت بەوەی بۆچی یەکێتی پێداگری دەکات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا به‌رپرسی هێزه‌کانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ وتی" ئێستا لەگۆڕەپانەکەدا پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزن(هێزی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس) لەبەر ئەوە ئەو پۆستانەی پەیوەندی بەهێزی چەکدارەوەیە یا دەبێت یا لەژێر دەسەڵاتی پارتی بێت یاخود لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا بێت، هەم بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و یەکخستنەوە و دروستکردنی سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، ئاسایشی یەکگرتوو، وە پۆلیسی یەکگرتوومان هەبێت بۆ ئەم هەرێمە تا ئەم هێزانەمان بە یەکگرتووی هەبێت ."

بەڵام بۆ نابێت لای بزوتنەوەی گۆڕان بێت کە ئەوان هێزی سێیەمن لەکوردستان؟

لەوەڵامدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت" لەبەر ئەوەی ئەوان هێزی چەکدارییان نیە، هێزی چەکدار لەلای پارتی و یەکێتیە لەبەر ئەوە دەبێت ئەوان بڕیار بدەن لەسەر هەنگاوەکانی یەکخستنەوە و یەکگرتن لەبەر ئەوە هەتا ئێوارە لایەنێکی تر بێت بڕیار لەسەر هێزی پێشمەرگە و هێزی حەفتا بدات من خۆم یەکێک لەوانەی گوێی لێ ناگرم، خۆ ئەگەر ڕوویدا جێگری سەرۆکی هەرێم( لەپشکی گۆڕان ) ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم چونکە ئەو نە پەیوەندی پێوە هەیە نە دەتوانێت بڕیار بدات، من دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوە ئەو چۆن دەتوانێت؟

بەڵام وەک یەکێتی ئێوە باسی بە دامەزراوەیی دەکەن؟ کاتێک کەسێک لە پۆستێکدایە لەهەر حیزبێک بێت و سەر و پۆستەکەی تۆ ببێت نابێت لەڕووی یاساییەوە تۆ فرمانەکانی جێ بەجێ بکەیت؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە ڕۆژنامەنوسەکەی دەنگی ئەمریکا (ژیار)ی وت" دادە گیان حەقە لەو بابەتە تێبگەن ئەمڕۆ واقیعێک هەیە هێزەکان لای پارتی و یەکێتین دەبێت ئەوان بڕیار بدەن چۆن کەسێکی تر لەلایەنێکی تر لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە بێت بڕیار لەسەر پارتی و یەکێتی بدات بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانیان، ئەمە واقیعە خۆ ئەوە بە زۆرە ملێ نابێت."

"ئێمە حەقی گۆڕان-مان نیه‌"
سەبارەت بە نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بە پێدانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم بە یەکێتی؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕایگه‌یاند" ئێمە حەقی ئەوانمان نیە ئێمە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتن دەکەین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە نە قسە نە ڕێککەوتن دەکەین، گۆڕانیش لەگه‌ل ئێمە ڕێکەوتنی نەکردووە، جا نەگۆران بێت ڕاوێژ بە ئێمە بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت نە ئێمەش دەچین بۆ لای ئەوان هەردولامان بەجیا لەگەڵ لایەنی پێکهێنەری حکومەت کە (پارتی-یە)ڕێکدەکەوین."

"ئه‌وه‌ بوختانه‌ و درۆش ده‌کات"
شێخ جەعفەر ڕەتیکردەوە یەکێتی چاوی لەسەر پۆستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت و وتی" ئێمە هیچ کات لەکۆبونەوەکانماندا لەگەڵ پارتی قەت نەچوین داوای پۆستێکی بزوتنەوەی گۆڕان بکەین ئەوەی دەڵێت وایە یا ئەوە پۆستی گۆڕانە و ئێمە چاومان لێیەتی ئەوە بوختانە و ە"درۆ-ش" دەکات، بۆشاییەک هەیە لەهەرێمی کوردستان کە نەبونی سەرۆکی هەرێمە بۆیە پێویستە سەرۆکێک بۆ ئەم هەرێمە دیاری بکرێت."

" پارتی به‌ڵێنی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی پێداوین و له‌هه‌مواری یاسا-شدا جێگری ده‌که‌ن "
ئه‌ندامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان جه‌ختی کرده‌وه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ کاروباری هێزه‌ چه‌کداره‌کان دراوه‌ به‌یه‌کێتی و وتی" پارتی به‌ڵێنی پێداوین یه‌کێک له‌پۆسته‌کان جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ کاروباری هێزه‌ چه‌کداره‌کانه‌ ته‌واو ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر کراوه‌ له‌گه‌ڵ پارتی وه‌ ده‌بێت له‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش جێگیر بکرێت."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پارتی ده‌یه‌وێت یه‌کێتی ڕازی بکات به‌ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ کاروباری هێزه‌ چه‌کداره‌کان له‌بری جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم؟ شێخ جه‌عفه‌ر ڕه‌تی کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند" ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر کراوه‌ ته‌واو بوو ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ر له‌نوێ دانوستان ده‌ستی پێکرده‌وه‌ دیاره‌ شتی نوێ دێته‌پێش."

"ئەگەر هەر پاشگەزبونەوەیەکی تێدا بێت سەرلەنوێ دەبێت دەست بکەینەوە بە دانوستان و وتووێژ ئەویش خوا دەیزانێت چەندی تر دەخایەنێت"
دوێنێ دوو شەمە لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند" داواکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم لە لایەن یەکیتیەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی یه‌کێته‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ڕازی کردنی هه‌موو باڵه‌کانه‌ وه‌ دۆزینه‌وه‌ی پۆسته‌ بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ناو ئه‌و باڵانه‌دا داوای پۆست ده‌که‌ن." )

لەوەڵامدا شێخ جەعفەر دەڵێت" وەڵامی من هەر ئەوەیە ئێمە لەگەڵ پارتی گەیشتوینەتە ڕێککەوتن لەم چەند ڕۆژەدا واژۆ دەکرێت ئەوەی لەسەری گەیشتوینەتە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن ئەگەر هەر پاشگەزبونەوەیەکی تێدا بێت سەرلەنوێ دەبێت دەست بکەینەوە بە دانوستان و وتووێژ ئەویش خوا دەیزانێت چەندی تر دەخایەنێت، هەرچەندە من پێم وانیە پارتی پاشگەزبێتەوە وە ئێمەش هەروا بۆیە دەگەینە ڕێککەوتن و پارتی بە دڵنیایی ڕازی بووە بە پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان بە یەکێتی."
"حەز دەکرێت با پەنجا جێگریش هەبێت"
کوێستان محەمەد لە وتوێژەکەدا ئەوەشی وتبوو" " له‌ساڵی 2005 وه‌ یه‌ک جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم بووه‌، جێگره‌که‌ بۆ هه‌ردوو کاروباره‌که‌" کارگێری وه‌ سه‌ربازی بووه‌." بێگومان جێگره‌که‌ی گۆڕان ده‌توانێت هه‌ردوو ئه‌رکه‌که‌ به‌ڕێوه‌ببات"

بەڵام شێخ جە'فەر شێخ مستەفا دەڵێت" هەر جێگرێک کاری خۆی دەبێت کارەکانیان دیاری دەکرێت، ئەگەر کاری هەریەکەیان دیاریکرا لێکتێگه‌یشتن هه‌بوو هیچ پێکدادانێک دروست نابێت و لێکتێگه‌یشتن دروست ده‌بێت بێگومان "حەز دەکرێت با پەنجا جێگریش هەبێت ."

هەروەها وتیشی " هەرکەس دابنرێت خۆی حیمایەی هەیە، ئۆفیسیش مەگەر بە "هەوەس" خۆی بیەوێ گەورەی بکات بێگومان هەرشتێک بتەوێ دروستی بکەی ئیمکانیەتی مادی دەوێ خۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە بەلاش ناکرێت."

"پۆسته‌کانی یه‌کێتی"
دەربارەی ئەو پۆستانەی یەکێتی وەریدەگرێت، شێخ جەعفەر وتی" جگە لەشەش وەزارەت، پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم، جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان هەروەها چەند دەستەیەکیش وەردەگرین، بەڵام هێشتا کاندیدەکانمان دیاری نەکردووە و باسی ئەوەمان نەکردووە کێ لە چ پۆستێک دادەنرێت."

" وەک یەکێتی ئیمانی تەواومان بەوە هەیە هەموو لایەنەکان بەشداربن لەحکومەت و دژی پاوانخوازین"
شێخ جەعفەر ئەوەشی وت" وەک یەکێتی ئیمانی تەواومان بەوە هەیە هەموو لایەنەکان بەشداربن لەحکومەت و دژی پاوانخوازین حەزدەکەین گۆڕان و هەموو لایەنەکانی تر ئەوانەی پێگەیان هەیە بەشدار بن لەحکومەت و پێکەوە خزمەتی میللەت بکەین."
سەرچاوە: دەنگى ئەمریکا


PM:01:45:09/04/2019