په‌یامی فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کان بۆ ساڵیادی ئه‌نفال

په‌یامی فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کان بۆ ساڵیادی ئه‌نفال
مه‌وداپرێس-
به‌بۆنه‌ی یادی 31 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال، فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ :

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

 وَمَن صقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا

صدق اللة العظيم

ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ مه‌به‌ست بڕوادارێك بكوژێت به‌ دۆزه‌خی ناكوتا سزا ده‌درێت و خودا غه‌زه‌بی لێ ده‌گرێت و نه‌فره‌تی لێ ده‌كات وئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی مه‌زنی بۆئاماده‌ ده‌كات.
دوای تێپه‌ڕبوونی ده‌یه‌ها ساڵ هێشتا هه‌ناومان بۆسۆی لێدێت و برینه‌كانمان خوێنیان لێ ده‌تكێت، نه‌ سۆراخێك له‌ قوربانیه‌كان هه‌یه‌ ، نه‌ سه‌بوری و ئارامیه‌ك بو دڵی ئه‌وانه‌ی له‌ ژیاندا ماوون. ئه‌مه‌ به‌ كورتی ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌یه‌ كه‌ رژێمی به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ ناوی لێ نا ئه‌نفاله‌كان.

ئه‌و تاوانه‌ یا راستتر بڵێین ئه‌و زنجیره‌ تاوانانه‌ی  رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامی دا سه‌ره‌تا به‌ كۆچپێكردنی كوردانی فه‌یلی ده‌ستی پێكرد، ئه‌وجا ره‌شه‌كوژی خه‌ڵكی سڤیل له‌ قه‌ڵادزه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ به‌هاری ١٩٧٤، دواتر رژێمی خوێناوی به‌عس پێشینه‌یه‌كی ترسناكی تۆماركرد به‌ بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ره‌داخ و چه‌نده‌ها ناوچه‌ی تری كوردستان به‌ جه‌كی كۆمه‌ڵكوژی كیمیایی و ده‌ستبه‌سه‌ركردن و به‌ كۆمه‌ڵ زینده‌به‌چاڵكردنی بارزانیه‌كان و هه‌تا تاوانكاریه‌كان گه‌یشتنه‌ لووتكه‌ به‌ رووخاندنی زیاتر له‌ ٤٥٠٠ گوند و شارۆچكه‌ی كوردستان وزینده‌به‌چاڵكردنی زیاتر له‌ ١٨٢٠٠٠ له‌ خه‌ڵكی سڤیل و راگواستنی سه‌ده‌ها هازاری تر و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵك و ماڵیان له‌ زنجیره‌یه‌ك ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی كه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕی:

1- ئۆپه‌راسیۆنی دۆڵی جافایه‌تی و ئابڵوقه‌ی سه‌رگه‌لو و به‌رگه‌ڵو ٢٣ی شوبات تا ١٩ی ئازاری ١٩٨٨.

2- ئوپه‌راسیۆنه‌كانی ناوچه‌كانی قه‌رداخ و بازیان ،ده‌ربه‌ندیخان له‌ ٢٢ی ئازار تا ١ی نیسان.

3- ئوپه‌راسیۆنه‌كانی ناوچه‌كانی گه‌رمیان و كه‌لار وباوه‌نوور وكفری ودووز وسه‌نگاو وقادركه‌ره‌م  له‌ ١ تا ٢٠ی نیسان.

4- ئوپه‌راسیۆنه‌كانی سنوری زێی بچووك و ناوچه‌كانی كۆیه‌ و ته‌قته‌ق و شوان و ئاغجه‌له‌ر له‌ ٣ی ئازار تا ٨ی ئایار.
5- ئوپه‌راسیۆنی ناوجه‌ی شه‌قڵاوه‌ و ره‌واندز له‌ ١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئاب.

6- ئوپه‌راسیۆنه‌كانی بادینان، ناوچه‌كانی ئامێدی و ئاكرێ و زاخۆ وشێخان و دهۆك ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئه‌یلولی هه‌مان ساڵ.

له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفالدا رژێمی به‌عسی شۆڤینی ته‌نها به‌ وێرانكردنی كوردستان و كۆمه‌ڵكوژی كوردانه‌وه‌ نه‌وستا به‌ڵكو ده‌ستی چوه‌ خوێنی هه‌موو پێكهاته‌كانی تری كوردستان و عێراق, له‌وانه‌ توركمان و كلدۆئاشوری و ئه‌رمه‌ن و كه‌مینه‌ ئاینی و مه‌زهه‌بیه‌كان وه‌ك كریستیان و ئێزدی و كاكه‌یی و شه‌به‌ك و ئه‌وانی تر.

هه‌ركات باسی ئه‌نفال ده‌كرێت ئه‌م دیمه‌نانه‌ له‌ یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا زیندو ده‌بنه‌وه‌.

1. كۆمه‌ڵكوژی و زینده‌به‌چاڵكردنی سه‌دان هازارهاوڵاتی سڤیل.

2. به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی دژی خه‌ڵكی سڤیل له‌ ده‌یان ناوچه‌.

3. وێرانكردنی ته‌واوی ژێرخانی ئابوری كوردستان به‌ روخاندنی گونده‌كان و راگواستن و له‌ناوبردنی دانیشتوانه‌كه‌ی.

4. وێرانكردنی ته‌واوی ده‌زگا خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌ قوتابخانه‌ و خه‌سته‌خانه‌ و پرۆژه‌كانی ئاو و كاره‌با هه‌تا مزگه‌وت و په‌رستگاكانیش.

5. ده‌ستبه‌سه‌ركردن و له‌ناوبردنی ته‌واوی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتنه‌ سنووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفاله‌كان.

6. ڕاگواستنی زۆره‌ملێی سه‌دان هه‌زار له‌ دانیشتوانی ناوچه‌كانی تر له‌ بارودۆخێكی زۆر نامرۆڤانه‌دا له‌ ناویاندا هه‌زاران ژن و منداڵ و پیر وپه‌ككه‌وته‌ بوون به‌ قوربانی.

7. ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سه‌دان هه‌زار له‌ هاوڵاتیان له‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێكان له‌ دوخێكی زۆر نامرۆڤانه‌دا.

8. په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی سوتاندن و وێرانكردنی ته‌واوی كوردستان وله‌به‌ین بردنی ژینگه‌ سروشتیه‌كه‌ی.

9. چاندنی ملیۆنان مین و كردنی كوردستان به‌ كێڵگه‌یه‌كی مینی گه‌وره‌.

بۆیه‌ له‌ ئێستادا ئێمه‌ ته‌نها یادی تاوانه‌ به‌دناوه‌كه‌ی ئه‌نفاله‌كان ناكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موانیش ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی خۆیان بۆ كاركردن له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی پاشماوه‌كانی ئه‌نفال وكه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار و كاریگه‌ریه‌كانی  له‌ سه‌رئه‌و قوربانیانه‌ی له‌ ژیاندا ماوون كه‌ ئه‌ركێكی له‌ پێشینه‌ی ‌حكومه‌ت و ئێمه‌یه‌ وه‌ك نوینه‌رانی گه‌ل و به‌ تایبه‌تیش كه‌سوكاری قوربانیان، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌و تاوانانه‌ ته‌نها  جینوسایدی مرۆڤه‌كان نه‌بو به‌ڵكو دره‌خت و دارو به‌ردیشی كردبووه‌ ئامانج و ده‌ستی له‌ هیچ نه‌پاراست، پێوه‌سته‌ سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و بكرێت كه‌ چاه‌رسه‌ری لای كه‌می ئه‌نجام و ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ بكات، بویه‌ داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ین:

1. به‌ فه‌رمی داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كورد بكات به‌و پێیه‌ی كه‌ حكومه‌تی ئێستا جێگره‌وه‌ی یاسایی رژێمی به‌عسه‌.

2. ده‌ستنیشانكردنی ١٤ی نیسان وه‌ك رۆژی یادكردنه‌وه‌ی ئه‌نفاله‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق.
3. دروستكردنی سندوقێك بۆ قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌نفاله‌كان له‌ رووی مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌.

4. تاوانه‌كانی ئه‌نفال بكرێته‌ به‌شێك له‌ مه‌نهه‌جی خوێندنی قوتابخانه‌كان و زانكوكانی عیراق و, دابین كردنی زه‌ماله‌ی خوێندن بۆ كه‌سوكاریان. 

5. بنیاتنانی سه‌نته‌رێك بو كۆكردنه‌وه‌ و پارێزگاریكردن و وه‌رگێڕانی ئه‌و دوكۆمێنتانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ ئه‌نفاله‌وه‌ و ناساندنیان له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات و له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.

6. بیناكردنه‌وه‌ی ئه‌و گوند و شاروچكانه‌ی له‌ ئه‌نفالدا روخێنران.

7. دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی یاده‌وه‌ری بۆ قوربانیانی ئانفال له‌ ی
8. عیراق ببێته‌ ئه‌ندام له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ پێی په‌یمانی رۆما.

9. گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌نفال بۆ مه‌حفه‌له‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ناساندنی وه‌ك تاوانی جینۆساید.

تاوانی ئه‌نفاله‌كان به‌رده‌وام وه‌ك په‌ڕه‌یه‌كی ڕه‌ش له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌مێنیته‌وه‌، ئه‌نفال برینێكی ساڕێژنه‌بووی جه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ و په‌ڵه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ به‌ ناوچه‌وانی ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌نجامیاندا و به‌شداریان تیاكرد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوی خۆیان نوقاند و بێده‌نگبوون له‌ ئاستیا.
دروود بۆ گیانی قوربانیانی ئه‌نفاله‌كان.

له‌ گه‌ڵ رێزو سڵاوی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی فیدراڵی
15ی نیسانی2019


PM:06:28:15/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌