دەرباز كۆسرەت رەسوڵ : داوای‌ جێگرێكی سەرۆكی‌ هەرێمان كردووەو لەگەڵ پارتیش لەسەری‌ رێككەوتوین

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ : داوای‌ جێگرێكی سەرۆكی‌ هەرێمان كردووەو لەگەڵ پارتیش لەسەری‌ رێككەوتوین
مەوداپرێس-


 دەرباز كۆسرەت رەسول، وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نوێترین زانیاریی لەسەر پرسی گفتوگۆكانی‌ حزبەكەی و پارتی بۆ پێكهێنانی‌ كابینەی نوێی حكومەت ئاشكرادەكات و دەڵێت، وەك ئیستیحقاقی هەڵبژاردن داوای‌ جێگرێكی سەرۆكی‌ هەرێمان كردووەو لەگەڵ پارتیش لەسەری‌ رێككەوتوین.

دەرباز كۆسرەت رەسول وەزیری ئاوەدان كردنەوەی حكومەتی هەرێم لەسەر پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند"ئێمە داوای‌ پۆستی جێگرێكی سەرۆكی هەرێمان كردووە بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆمانی دەزانین ئەگەر بەراوردی بكەین بەو پۆستانەی لایەنەكانی‌ تر وەریانگرتووە لە گفتوگۆی پێكهێنانی‌ حكومەتدا".

وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم وتیشی "ئەو رێككەوتنەی هەمانە لەگەڵ ئەو لایەنانەی حكومەت پێكدەهێنن و بەتایبەت پارتی دیموكراتی‌ كوردستان و بەشێوەی مەبدەئی ئێمە رێككەوتووین لەسەری و پرسی زیادكردنی جێگرێكی تریش بۆ سەرۆكی‌ هەرێم پەیوەندی بەئێمەوە نییە وەك یەكێتی، بەڵكو پەیوەندی بە لایەنی یەكەمی براوەی‌ هەڵبژاردن و ئەو لایەنەوە هەیە كە ناڕازین".

‏‎سەبارەت بە تۆمەتباركردنی یەكێتی بە دروستكردنی ئاستەنگ  لەبەردەم پێكهێنانی‌ كابینەی نوێی حكومەت، دەرباز كۆسرەت رەسول وتی "ئەو قسانە زوڵمە لە یەكێتی نیشتیمانی‌ كوردستان دەكرێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی یەكێتی، ئەوا دەردەكەوێت كە یەكێتی حزبێكی تێكۆشەر و فیداكاربووە و تێكۆشانێكی زۆری‌ كردووە بۆ بەدەستهێنانی‌ ئەو دۆخەی ئێستا هەرێمی كوردستانی تێدایە و یەكێتی هەرگیز رێگرنەبووە لە خزمەتكردن و  پەكخستنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان".

سەرچاوە،  ماڵپەڕی راچڵكەین



PM:10:46:15/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌