گواستنه‌وه‌ی گه‌نم راده‌گیرێت

گواستنه‌وه‌ی گه‌نم راده‌گیرێت
مه‌وداپرێس-

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق رایگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی راگرتنی گواستنەوەی گەنمی لەنێوان پارێزگاکانی عیراق دەرکردووە.

عەمید یەحیا رەسوول،گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووه‌ "عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی2019  دەستەی خاڵە سنوورییەکان، فەرماندی پاسه‌وانانی سنوور ، هەموو دەزگا ئەمنییەکان و خاڵەکانی پشکنینی نێوان پارێزگاکانی راسپاردووە، کە رێگەنەدرێت بە گواستنەوەی گەنم لەنێوان پارێزگاکاندا".

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەی عادل عەبدولمەهدی، عەمید یەحیا رەسوول وتویه‌تی "گواستنەوەی گەنم، تەنها بە رێگەی بارهەڵگرەکانی وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە کاری گواستنەوەی گەنمی دەروازەی سنووری ئاوی ئوم قەسر دەکەن، دەبێت بارهەڵگرەکان بەڵگەی فەرمی و سەلمێندراویان لابێت و سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بن، ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە رێگە نەدرێت بە هیچ هەنگاوێکی بەقاچاخبردنی گەنم".
 


PM:05:53:20/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌