ئەنجوم زوهدی: باوکم یەکەم کەس بووە لە سلێمانی تابلۆی دوکانەکەی بە کوردی نووسیووە

ئەنجوم زوهدی: باوکم یەکەم کەس بووە لە سلێمانی تابلۆی دوکانەکەی بە کوردی نووسیووە
مەوداپرێس_ نه‌رمین عوسمان


چەند ژنە کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی کورددا هەن کە لەبواری جیاجیادا کەسانی لێوەشاوەو چالاک بوون، بەڵام هەرگیز ئەو چالاکییانەیان نەکردووەتە بانگەشەو کایەیەک بۆ خۆناساندن، لەوبارەیەوە لە ماوەی رابردوودا خاتوو نەرمین عوسمان کە بۆ خۆشی ژنێکی چالاکی بواری پەروەردەو تێکۆشەرێکی کایەی سیاسیشە زنجیرەیەک سەردان و بەسەرکردنەوەی دەستپێکردووە بۆ گفتوگۆو هەڵدانەوەی لاپەڕە پرشنگدارەکانی ژیان و کارو چالاکیی ئەو خانمانەی کوردستان کە وەک سەربازی ون خزمەتێکی زۆریان بە چەند نەوەیەک کردووە لە بواری جیاجیادا، بەڵام نەوەی نوێ وەک پێویست ئاشنا نییە بە بەخشش و کۆششە مرۆڤدۆستامەکانیان، بۆیە بەسوپاسەوە خاتوو نەرمین پوختەی ئەو گفتوگۆیانە و ئەرشیفی وێنەو بیرەوەرییەکانی ئەو خانمە چالاکوانانە دەنووسێتەوەو بۆ دەربازکرنیشیان لە فەوتان و لەبیرچوونەوە، پێشکەشی کوردستانی نوێ-ی دەکات و کوردستانی نوێش ناوبەناو وێنەکان و چیرۆکی ژیانی پڕ بەخششی ئەو کەسایەتییانە بڵاودەکاتەوە.

چاوپێکەوتنی ئەم جارەم لەگەڵ خاتوونێکە، پڕە لە جوانیی جۆراوجۆر بەهەموو ماناکانییەوە، ژنێکە لەو ژنانەی کە سەربانە کۆنکرێتیەکەی سیاسیەتی شکاندووە، تا دەنگی نەتەوەکەی و ژن بگەیەنێتە دنیای پیاوان و دنیای دەرەوەش، بە هیچ جۆرێک سڵی لە بەربەستە دواکەوتوو و چەقبەستووەکانی کۆمەڵ نەکردۆتەوە و سڵیشی لە دوژمن نەکردۆتەوە، بەشی زۆری ژیانی بۆ خزمەتکردن و خەباتکردن تەرخانکردووە، ژنێکی بیرتیژ، هەموو هەنگاوەکانی ژیانی خۆی دیکۆمێنت کردووەو بەشانازییەوە تۆماریکردووە. ئەو ژنەش خاتوو ئەنجومە کە نۆبەرەی دایک و باوکی بووە و لەساڵی (1932) لە خانوویەکی تەنیشت مزگەوتی گەورەی لەسلێمانی لە دایکبووە. لە بنەماڵەیەکی پێشکەوتووخوازو خوێندەوارو ئایینی پەروەردە بووە، باپیرە گەورەی کاتب سەرکاری (کاک ئەحمەدی شێخ) بووە، ئەوەندە ئایین دۆست بووە، مەلیک مەحمودی نەمر نازناوی زوهدی پێداوە کە(لە زاهیدەتەوە وەریگرتووە). هەروەها نزیکایەتیشیان لەگەڵ بنەماڵەی حەفیدەکاندا هەبووە، هەروەها باپیری ئەنجووم خان، شێخ محەمەد زوهدی لە ئیستانبوڵ خوێندویەتی و دواتر مامۆستایەتی کردووە لە نێوان ساڵانی (1919 – 1940)داو لە پیاوە رۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆی ئەژمارکراوە.

لەبواری پەروەردەو فێرکردندا زۆر لێهاتوو بووە، هەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی و دڵسۆزیی بۆ وڵات زۆر بووە، پشتگیریی بزووتنەوەی شێخی نەمری کردووە، هەر لەبەر ئەوەش رژێمەکانی عیراق و ئینگلیز بەچاوی ئۆپۆزسیۆن سەیریان کردووەو ناردوویانە بۆ دوورترین گوند بۆ کاری مامۆستایەتی وەک (فەقێ‌ جنە، هۆمەر قەوم ، و… هتد)، کە ئەو شوێنانە هیچیان رێگەی ئۆتۆمبێلیان نەبووە، بەڵام رۆلێکی بەرچاویشی بینیووە لەهۆشیارکردنەوەو بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی.
هەروەها باوکی خاتوو ئەنجوم رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە خەبات و تێکۆشان لەسەر پرسە نەتەوایەتییەکان، تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووەو زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی زانیووە کە بەشێکی بەهۆی خوێندنی ئەو سەردەمەوە فێری بووە.
باوکی خاتوو ئەنجوم سەرەتای سیاسەتی لە حزبی هیواوە دەستپێکردووە و دواتریش بووە بە پارتی، دوای جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیش ئیتر رێڕەوی خەباتی بۆ ناو باڵی مەکتەبی سیاسی دەگوێزێتەوە تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بووە لە چالاکی نەتەوەیی و لە (17 / 7 / 2000) کۆچی دوایی کردووە.

خاتوو ئەنجوم لەوبارەیەوە دەگێڕێتەوەو دەڵێت: «باوکم بەهۆی هەڵوێستی کوردایەتییەوە دووجار گیراوە، جاری یەکەم لەساڵی (1953) سێ‌ مانگ و نیو لە زیندانی مەرکەزیی لە بەغدا گیراوە، جاری دووەمیش لەساڵی (1963) و ماوەی ساڵێک و (45) چل و پێنج رۆژ لەبەغدا بەندکراوەو لەوێ‌ زۆر نەخۆش دەکەوێت».
هەروەها دەڵێت:»باوکم یەکەم کەس بووە لە سلێمانی تابلۆی دوکانەکەی بە کوردی نووسیووەو هەڵواسیووە و لەتابلۆکە نووسرابوو:

پێڵاوی چاک ئەدروێ‌ لەم دوکانە،
بۆ شاگردانی مەکتەب نرخ هەرزانە
عبداللە زهدی خاوەن دوکانە
لەرێی نیشتمان سەر بە قوربانە

دوای راپەڕینیش بەشداریی هەموو کۆڕو کۆبوونەوە و هەڵبژاردنەکانی کردووەو لە تەمەنی (90) ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
ئەنجوم خان روونیشیکردەوە کە ئەوان پێنج خوشک و برا بوون، گەورەکەیان خۆی بووە و دوای ئەویش رووناک خانە کە لە ساڵی(1937) لەدایک بووەو خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی عیراقیە تەواوکردووە و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە و زانکۆشی لە بەغدا تەواوکردووە لەبەشی زمانی ئینگلیزی، دواتریش لە ئامادەیی کچان وانەی ئینگلیزی وتۆتەوە.
پاشان گێڕایەوەو وتی: روناکی خوشکم لە زانکۆی بەغدا بووە لە ناو قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتدا خەباتی کردووە، هاوڕێی نزیکی درەخشان حەفید، ژیان عیززەت، سورەییا محەمەد، لەتیف مەحمود سامی بوو، بەهۆی هاوسەرگیریی چووە بۆ هەندەران، دوای (3) مانگ نەخۆش کەوت و تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە.

لە (31 / 3 / 1967) منداڵی دووەمی کاک سەردار دێت کە لە دایکبووی (1939)یە، لەمنداڵیەوە توانای هونەریی دەردەکەوێت کە قۆناغی ناوەندی تەواودەکات، دەچێتە بەغداو پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواو دەکات و لە شەقڵاوە دەبێتە مامۆستای هونەر. دواتر دەچێتە ئەمریکاو لەوێ‌ لە کۆلێجی مونتری سیتی لە بەشی هونەر وەردەگیرێ و تەواوی دەکات و دەیەها پێشانگای لەسەر هەڵەبجەی شەهیدو نەورۆز کردووەتەوە، ئێستاش هەر لە لۆس ئەنجلۆس نیشتەجێیە.

سێیەمیان کاک سەرچڵ دێت کە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو دەکات و بە زمالەیەک لەگەڵ (100) خوێندکاری کورد (لە نێوان (300) زمالەی عیراقی)دا دەچێتە سۆڤێت و لەوێ‌ کۆلێجی پزیشکی تەواودەکات و چالاکوانێکی خوێندکارانی کورد بووە لە ئەوروپاو لەلایەن شاسوار ئەمین جەلال (شەهید ئارام) ەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پسپۆڕی لە پزیشکی منداڵاندا هەیەو بەهۆی رژێمی بەعسەوە لەچەند وڵاتێکی تر خزمەتی کردووە، وەک جەزائیرو سعودیە و ئێستا لە ئینگلتەرا نیشتەجێیە.
دوای ئەو کاک بەختیار کە لە ساڵی (1945) لەدایکبووە، قوتابخانە سەرەتایی و ئامادەیی لەسلێمانی تەواوکردووەو کۆلێجی ئەندازیاریی مەدەنی لە شاری بەسرە تەواوکردووە، چالاکوانێکی سەرسەختی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بوو، هەروەها پێشمەرگەی ناو شار بووە، دوای دامەزراندنی لە سلێمانی سەرپەرشتیی دروستکردنی بینایی زانکۆی سلێمانی کردووە.
دواتر لە (2 / 4 / 1974) پەیوەندیی بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و دوای هەرەس گەڕاوەتەوەو بەهۆی بەشداریی لە شۆڕشەوە دەگوێزرێتەوە بۆ باشووری عیراق بۆ شاری ناسرییە، دوای چەند مانگێک دەچێتە هەندەران و لە ئەمریکا دەگیرسێتەوە، لەپاڵ کارەکەیدا کە بەئەندازیارێکی سەرکەوتوو ئەژمار دەکرێت، لە ئەمەریکا واز لە کوردایەتی ناهێنی و لەوێ‌ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا رێکخراێکی نێودەوڵەتی بەناوی (کرا KRA) دروست دەکەن ، ئامانجی ئەو رێکخراوە یارمەتیدانی منداڵانی کوردستان بووەو ماوەیەکی باش لە کوردستاندا چالاکی جۆراو جۆریان دەکرد.

پاشان سەبارەت بە وێستگەکانی تەمەنی خۆی، ئەنجوم خان دەگێڕێتەوەو دەڵێت:
«سەرەتا لە باخچەی ساوایان دەستم پێکردووە، کە خاتوو زارای عیززەت بەگ سەرپەرشتیی دەکردو دوای ئەوە چوومە خوێندنگای (سدیقە) کە لە گەڕەکی حەوشی گەورە بوو و بەڕێوبەرەکەمان ناوی فاتمە قەفتان بوو، مامۆستاکانیشمان (مونیرە قەفتان، مونیرە مستەفا ، بەهیمە مەعروف، نەعیمە ئەحمەد، نیعمەت، زینەت قازی و ئامینە حەسەن ) بوون.
لە منداڵییەوە خولیای وەرزشم هەبوو و هەندێ‌ جووڵەی جومناستیکیم دەکردو بەشداریم لە چالاکیی وەرزشی قوتابخانە دەکرد، بەجلی وەرزشییەوە کە لە قوماشی تافتە بۆمان دەدورا و یەک پارچەیی بوو لەدواوە بە زنجیر دادەخرا پان و بەرین بوو.
لەساڵەکانی (1947 – 1948 – 1949) لەهەموو خۆپیشاندانەکانی شیوعیەکان بەشدار دەبووم لە ژێر کاریگەریی پوورە خانم و مامە رەئووفم بەهۆی ئەوەی لە یەک ماڵدا دەژیاین.
لەکاری رێکخستندا لای گەلاوێژی مام ئەحمەد بووم، دوای ئەو بەرپرسەکەم بوو بە رەئووفی مەلا فاتم، ماڵیشمان نزیک یەک بوو، بەڵام بەهۆی چالاکی زۆری دژ بە رژێمی پادشایی گیراو سزای کوشتنیان بۆ دەرکرد و شەهیدیان کرد».
هەروەها دەڵێت: «من لەو کاتانەدا زۆر چالاکیم دەکرد، وەک بڵاوکراوەو نووسراوەکانیانم دەهێناو بەدەست دەمنووسیەوە و چەند ژمارەشیان پێویستبوایە ئامادەم دەکرد.

سەرقاڵی خوێندن بووم و لەساڵی (1952) چوومە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لەشاری بەغدا، ئەوکات (3) ساڵ بوو، لەوکاتەی کە لەوێ دەمخوێند، سەرباری ئەوەی کە لەوانە زانستییەکاندا زۆر باش بووم، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە فێستیڤاڵەکاندا لە وەرزش زۆر دەرکەوتبووم، کە چوومە پۆلی سێیەم، پسپۆڕیی دابەشدەکرا بۆ دوو بەش (بەشی گشتی) و (بەشی وەرزش) ئیتر بەڕێوبەری خانەی مامۆستایان (مامۆستا ئەدیبە) وتی: دەبێ‌ بچیتە بەشی وەرزش.
لەساڵی (1955) لە خانەی مامۆستایان دەرچووم و لە (18 / 10/ 1955) دامەزرام بە مامۆستا لە مەرگە سەر بەناحیەی بنگرد، ئەوکات پارێزگاری سلێمانی (عومەر عەلی) بوو، من لەچاو هاوڕێ‌ دەرچووەکانم ناردمی بۆ دوورترین شوێن و عومەر عەلی وتبووی» ئەمانە شیوعین هەتا دوور بن هێشتا کەمە».
دوای دوو ساڵ مامۆستایەتیم لە مەرگە بە بڕیاری بەڕێوەبەری پەروەردە لە (5/ 9/1957) گواسترامەوە بۆ سلێمانی و لە قوتابخانەی (سدیقە) کە لەدواییدا بوو بە قوتابخانەی نیشتمان، بەڕێوەبەری خوێندنگاکەمان رەوان شاد (شەفیقە سەعید) بوو مامۆستاکانیش (بەهیە مەعروف، جوان ئەحمەد عەزیز، گەلاوێژ مەحمود، شەفیقە ئەحمەد) بوون، یەک ساڵ مامەوەو بەهۆی ئەوەی تاکە مامۆستا بووم پسپۆڕیی وەرزشیم هەبوو، داوایان لێکردم بۆ وتنەوەی وانەی وەرزش لە قوتابخانەی (ئامادەیی و ناوەندیی کچانی سلێمانی کە ئەوسا تاکە ناوەندی و ئامادەیی کچان بوون لە شاری سلێمانیدا بە تەنیشت مزگەوتی گەورەوە بوو، لەهەمان بینایەی قوتابخانە، قوتابیانی (فنونی بیتی) هونەری ماڵیان دەخوێندو بەڕێوەبەرەکەی مامۆستا گەلاوێژ عەزیز بوو، بەڕێوەبەری هەردوو خوێندنگاش نەسرینی مامۆستا مەزهەر بوو، کە بەڕێوەبەرێکی لێهاتوو و هاوکار بوو بۆ من و هاوکارانم و بە تایبەتی مامۆستا لویزە کاکە حەمە کە وانەی هونەری ماڵی لابوو فیستڤاڵێکی هونەری و وەرزشیمان رێکخست و توانیمان جووڵانەوەیەک بخەینە قوتابخانە سێ‌ دەوامەکەوە، هەردووکمان بەگیانی وەرزشی و هونەرییەوە ئەو جۆرە چالاکییانەمان ئەنجام ئەداو هەندێ‌ خوێندکاری لێهاتوو دەرکەوتن لەوانە (سوعاد رەشید ، وەزیرە رەشید، شەونم ئیسماعیل حەقی، روناک محمد ساڵح، بێگەرد فەقێ‌، پەخشان موفتی، عایشە فەقێ‌ عەلی، پەخشان محەمەد فەرج و…هتد).
جگە لەوەش هەموو ساڵێک بەشداریمان دەکرد لە چادرگە و پێشبرکێی باسکەو بالە و بەو هۆیەوە پەیوەندیمان لەگەڵ خوێندکاران پتەو کردبوو.

راشیگەیاند: کاتێک کە شۆڕشی (14) ی تەمووز ساڵی (1958) بەرپابوو و رژێمی کۆماری بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دروستبوو، کارو چالاکی پارتەکان و جموجۆڵیان ئازادکراو فراوانترو ئاشکراتر بوون، لەوانەش پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، یەکەم کەس کە پەیوەندیی پێوە کردم و هانی دام بۆ کارکردن، باوکم بوو، دواتریش بەهۆی ئەوەی رووناکی خوشکم خوێندکاربوو لە بەغداو کچێکی چالاک بوو لەناو ریزەکانی (پ.د.ک) و (قوتابیان) و(ئافرەتان) و لە (18 / 7 / 1958) پەیوەندیی پێوەکردم بەمەبەستی رێکخستنی ریزەکانی یەکێتی ئافرەتان لە سلێمانی و ناردنی بروسکەی پیرۆزبایی بۆ سەرۆک کۆمار عەبدولکەریم قاسم و ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، ئێمە لیژنەیەکی باڵای یەکێتی لە ماڵی مامۆستا نەعیمە ئەحمەد خێزانی مامۆستا هەمزە کۆبووینەوە، ئەو خوشکانەش زۆربەیان ئەندامی (پ.د.ک) بوون: لەوانە (مامۆستا مونیرە قەفتان، نەعیمە ئەحمەد، شەفیقە سەعید، بەهیمە مەعروف، ئەنجوم زوهدی ، گەلاوێژ مەحمود، جوان ئەحمەد عەزیز، درخشان جەلال حەفید، روناک زوهدی)، لەو سەردەمەشدا لێپرسراوی (پ.د.ک) (کەمال محەمەدی حاجی تایەر) بوو و هەروەها لێپرسراوی لیژنەی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کاک حیلمی عەلی شەریف بوو.
هەروەها دەڵێت: لە مانگی ئایاری 1959 بەشداریم کرد لە کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوکاتەی کە تازە مەلا مستەفا لەسۆڤێت گەڕابۆوە، چەند جارێک سەردانمان کردو داوایان لێکرد کە بەشداریی کۆنگرە بکات و رەزامەندی دەربڕی، بۆ یەکەم جار ژن بە هەڵبژاردن گەیشتە ناوەندی بڕیارو بوو بە ئەندامی لیژنەی مەرکەزی، ئەویش رەوانشاد ناهیدە شێخ سەلام بوو، ئەندامانی کۆنگرە لە هەموو لایەکەوە هاتبوون لە سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و بادینانەوە، لە (15/ 12/ 1961) لەگەڵ شاندێک سەردانی عەبدولکەریم قاسممان کرد و باسی لەو یاسایانەی دەکرد کە لەو سەردەمانە دەریکردبوون وەک (خۆماڵیکردنی نەوت) و یاسای دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیاران، لە مانگی (8 / 1959) وەک شاندێکی کوردی بەشداریم کرد لە فیستڤاڵی جیهانی لاوان و قوتابیان لە ڤیەننا بەشداربووان لە هەموو عیراق (300) کەس بوون (100) ئەندامی کوردی تێدا بوو و لێپرسراوی شاندەکەش (مامۆستا رەحیم عەجینە) بوو و لێپرسراوی شاندی کوردیش شەهابی شێخ نوری بوو، ئەو ژنانەی کە بەشداریمان کرد (بەهیمە مەعروف ، جوان ئەحمەد عەزیز ، گوزیدە مەحمود، نهایەت مستەفا، گەلاوێژ عەزیز، ساحیبە نوری ، ئەنجوم زوهدی) و لەو فیستڤاڵە جیهانییە لەگەڵ برایانمان چالاکی جۆراو جۆرمان ئەنجامدا بە مەبەستی ناساندنی کوردو کەلتور و هونەری کوردی.
بەهۆی ئەوەی مامۆستای وەرزشی بووم، پەیوەندیەکی باشم لەگەڵ خوێندکارەکاندا هەبوو، زۆربەیانم هێنایە ریزەکانی یەکێتی ئافرەتانەوەو لەدواییشدا ورد ورد خۆمان رێکخست و لیژنەیەکی باڵای ئافرەتانمان پێکهێنا لەم بەڕێزانە: (بەهیمە مەعروف) کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی بوو پەیوەندییەکی فراوانی هەبوو، (مونیرە قەفتان) کەسایەتیەکی بەرزو چالاک بوو سەرپەرشتی زۆربەی کارەکانی (ی.ئا.ک)ی ئەکرد، (مامۆستا لویزە کاکە حەمە) بوو بە لێپرسراوی ژمێریاری، هەروەها خوشکە پەخشان میرزا غەفورو منیش (ئەنجوم زوهدی)، دواتریش لە گەرەکەکان لیژنەمان دروستکرد و پەیوەندییان بەلیژنەی سەرەکییەوە هەبوو، هەروەها بارەگایەکمان بۆ (ی.ئا.ک) بە کرێ‌ گرت نزیک ماڵی حاجی رەشیدی مەلا برایم.

لە ساڵی (1960) نوێنەرمان نارد بەدیاریی جلی کوردیەوە بۆ وڵاتی چین نوێنەرەکەمان خاتوو ناجیە عەزیز بوو.
لەو ماوەیەدا چەند جارێک شاندمان ناردە شاری بەغدا بۆ سەردانی باڵادەستانی ئەو سەردەمە وەک عەبدولکەریم قاسم و مەهداوی بەمەبەستی رێگەپێدان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی بۆ رێکخراوەکەمان (ی.ئا.ک) ، دەیانوت بڕۆن لەگەڵ یەکێتی ئافرەتانی عیراق کاربکەن و نامانەوێ‌ دوو رێکخراوی ئافرەتان هەبێ‌ لە عیراق.

خاتوو ئەنجوم وتیشی : دواتر من و دادە لویزە نێردراین بۆ لای ( رابگە) (یەکێتی ئافرەتانی حزبی شیوعی) و لەوێ‌ لەگەڵ (نزیهە دلجین) سەرۆکی کۆمەڵەی رابیتە بوو قسەمان کردو چەند جارێک لەگەڵیان کۆبووینەوە و دوای گفتوگۆی زۆریش رەزامەندییان دەرنەبڕی و بارەگاکەیان داخستین، لەوکاتەی بارەگاکەیان داخستین لیژنەکانمان زۆر فراوان بوو و ژمارەی ئەندامان و لایەنگرانمان زۆر بوون، ئیتر دوای داخستنی بارەگاکە کۆڵمان نەداو خانوویەکمان گرت بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، چونکە پارتی دیموکرات مۆڵەتی فەرمی کارکردنی رێپێدرا بوو، چالاکییەکانمان فراوانترکرد و خولی دورومان و چنینمان کردەوە کە هەردوو بەڕێزان لویزە و مامۆستا مونیرە قەفتان سەرپەرشتیان دەکرد، هەروەها جلی کوردی ژنانیان ئامادەدەکرد بۆئەوەی ئامادەبێت بۆ کردن بەدیاری بۆ میوان و شاندو سەردانەکانمان.

تا (11 / ئەیلولی / 1961) چالاکییەکانمان بۆ ئاشکرا بوون، بەڵام دوای بەرپابوونی شۆڕش لەو وادەیەدا ئەو کەسانەی کە چالاک بوون و دیار بوون رژێم کەوتە گرتن و راونانیان ، هەندێک کەوتنە بەردەستی رژێم و گیران و هەندێکیش بەرەو شاخ رۆیشتن و چالاکی پێشمەرگایەتیان دەستپێکرد، لەو کاتانەدا هەردوو رەوان شاد مام جەلال و عومەر دەبابە لە ناو رێکخستن و هاووڵاتیان کۆڕو کۆبوونەوەیان دەکرد بۆئەوەی رای کادران و خەڵک بزانن ئایا شۆرش دەستپێبکەن یان نا؟
لەبەر رۆشنایی ئەو کۆبوونەوانەش بەیانێکی مێژووییان دەرکردو پارتی دیموکرات پشتگیریکردنی ئەو جووڵانەوەیەی کرد، ئیتر جۆرێکی تر لە ئەرک و چالاکی کەوتە سەر ئافرەتانی کوردستان لەناو شار رۆڵێکی پڕ شانازییان گێڕا، دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی یارمەتی و کەوتینە دوورینی جلی ژێرەوە بۆ پێشمەرگەو کڕینی چەک و تەقەمەنی و ناردنی بۆ دەرەوە بۆیان ، ئەو چالاکییە بەسەرپەرشتی مامۆستا مەعروف بوو، پەیوەندی گشتی رێکخراوە دیموکراتی و لق و ناوچەکانی (م.س) بە من سپێردرا، ئەو بەیانەی کە پارتی دیموکرات بۆ پشتگیریی شۆڕشی ئەیلول دەریکرد لە (1962) من کەوتمە رۆنیوکردنی، دوای ئەویش هەر بەیانێک دەربچوایە من رۆنیوم دەکردن، کاک حەمە چاوشین کە ئەوسا خوێندکار بوو فێری رۆنیوی کردم، ئیتر بەیانەکەی بەتایپ کراوی بۆ ماڵێکی نهێنی لە یەکێ‌ لە کۆڵانەکانی برایم پاشا کە ئەوسا هەر چەو رێژبوو ماڵی شەهید جەلیلم دەبرد، منیش هەموو ئێواران دەچووم ، کەمتر خەڵک دەیبینیم چونکە ئەو سەردەمانە ئێواران لەماڵەوە دەبوون، کاکە حەمە چاوشین کە ئەو رۆنێو کۆنەی لەهەر شوێنێکی ماڵەکە بشاردایەوەو بیپێچایەوە منیش دوای بەکارهێنانی بە هەمان شێوە هەڵم دەگرتەوە. لەکاتی رۆنێو کردنی دەنگی رادیۆمان بەرزدەکردەوە بەمەبەستی داپۆشینی دەنگی رۆنێۆکە، کاتێ‌ لێدەبوومەوە رۆنێوکەم بە هەمان شێوە دەپێچایەوەو هەڵم دەگرت و بەیانەکانیشم وەک منداڵی مەلۆتکەدەپێچایەوە و لەباوشم دەکرد و بەرەو گەڕەکی ئەسحابەسپی دەردەچووم و لەماڵی ( خوشکە ئامینە مامە مین) یاخود ماڵی (ناهیدە مەسرەف) دامدەنا تابەیانی، بەیانیان دەچووم و دەمبرد بۆ دابەشکردنی لەوێشەوە هەر بەپێ‌ دەگەڕامەوە ئەو کارانەم هەموو بە پیادە کردووە.

ئەمە زۆری خایاند هەتا شک و گومان کەوتە سەر ماڵی شەهید جەلیل کە ماڵێکی بەڕێز و کوردپەروەر بوون.
پاشان وتی: بە خۆشحاڵییەوە پێش دوو ساڵ ئەو خێزانەم دۆزییەوەو پەیوەندیمان نوێ‌ کردەوە.
لە (15/5/1962) بەشداریم لە کۆبوونەوەی (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان) کرد بەمەبەستی دامەزراندنی ئەو یەکێتییە لەگەڵ هاوڕێیانم کە بەداخەوە زۆربەیان کۆچی دواییان کردووە لەوانە (درەخشان جەلال ، بەهییە مەعروف، روناک زوهدی ، مەحمودی مەلا عزەت، رەفعەت مەلا، باقی سەعید و…هتد) و بەشداریی هەموو کۆڕو کۆبونەوەو کۆنگرەکانیم کردوە وەک یەکێک لەدەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ، لە (21 / 3 / 1963) بەشداریمان کرد لە کۆبونەوە فراوانەکەی پارتی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانی کوردستان بەسەرۆکایەتی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی، هەروەها بەبەشداری شێخ لەتیفی حەفید، عەباسی مامەندانی و زۆر سەرۆک و عەشرەتی تر هەروەها بەشداریی نووسەرو رۆشنبیر مەسعودی مەلا محەمەدی مەلای گەورەی کۆیە و لە ژنانیش (نەجیبە خانی مەلای گەورە – بەهیە مەعروف – درەخشان جەلال عەزیز – سورەییای مەلای گەورە هەروەها خۆم). ئەم کۆنفرانسە بۆ هەڵبژاردنی شاندێک بوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی ئەوکاتە کە رژێمی بەعس بوو لە ( 8 / شوباتی / 1963) دەسەڵاتیان گرتبووە دەست ، لە (5 / 4 / 1959) شاندێکی چیکۆسلۆڤاکی هاتبوونە عیراق و داوەتی حزبی شیوعی بوون لەبەغدا چاویان بە لایەنە عەرەبەکان کەوتبوو، لە دواییدا هاتنە سلێمانی و پەیوەندییان بەئێمەوە کرد، ئێمەش هەموو چالاکییەکان و بیرو بۆچوونەکانمان بۆ ڕوونکردنەوەو پێشانمان دان و سەردانی لیژنەی هونەرییان کردو لەوێش دەستە رەنگینەکانیان بینی و هەندێ‌ جلی کوردیمان پێشکەش کردن و دەیان وێنەو فیلم و دیکۆمێنتیان لە گەڵ خۆیان بردەوە، ئەو گەشتەیان تەنها بۆ عیراق نەبوو، بەڵکو بۆ زۆر شوێنی تری جیهان بوو لە دوایدا ئەو سەردانەیان کرد بە کتێبێک لە نێوان (1959 — 1964) لەو کتێبە باسی نەتەوەی کورد و کوردستانیشیان زۆر بە جوانی کردووە، هەموو ئەو دیکۆمێنتانەی کە لای ئێمە دەستیان کەوتبوو تیایدا بڵاوکراونەتەوە، هەروەها لەو سەردانەش لە ماڵی بەهیە مەعروف و لویزە بەشێ‌ لە چالاکییەکانمان بەنان خواردنەوە بۆ ئەنجامدان.

لە (1 – 4 / شوباتی / 1963) رۆژانی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەسترا، دوو رۆژی ئەو کۆنگرەیە لەماڵی ئێمە بە نهێنی بەستراو رۆژێکیش لەماڵی جەمال شاڵی بوو.
ئەو کۆنگرەیە شێوەیەکی زانستیانەی هەبوو، دروشمەکانمان:
ڕ‌- کوردستان یان نەمان.
ب‌- بەشیری خاوێن و کوردایەتی منداڵەکانمان گۆشت دەکەین.
ج- با چرای زانستی هەڵکەین لەهەموو ماڵێکی کوردستاندا.
هێمای کۆنگرەکەمان کۆترێکی ئاشتی بوو، بڕیاریش درا گۆڤاری (دایکایەتی نوێ‌) ببێتە زمانحاڵی یەکێتیەکەمان کە هێشتا دوو ژمارەی لێدەرچوو بوو.
لەدرێژەی گفتوگۆکەماندا وتی:
هەروەها نوێنەری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بووم لە دوو لیژنەی رێکخراودا:
ڕ‌- نوێنەر بووم لەناو ئەو لیژنە باڵایانە کە بۆ رێکخراوە دیموکراتیەکان دروست بوون (ی.ق.ک) کە فوئادی مەلا مەحمود سەرپەرشتی دەکردو (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان) کە محمودی مەلا عزەت سەرپەرشتی دەکرد و نوێنەری لاوانی کوردستان کە کەریم فەندی سەرپەرشتی دەکرد و پێیان دەوت کەریمی مەکتەبە، چونکە (بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی) بوو، ئەو لیژنەیە مانگی جارێک کۆدەبووینەوە بۆ مەبەستی تاووتوێ‌ کردنی باری سیاسی و یەک هەڵوێستی.

ب‌- هەروەها نوێنەری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بووم لە لیژنەیەکی بەرزی ئاشتیخوازان، ئەو لیژنەیە بە سەرپەرشتی ئیسماعیل شاوەیس بوو، نوێنەران ( محمدی حاجی تایەر نوێنەری پارتی بوو، نازەنین قەفتان نوێنەری کۆمەڵەی ئافرەتان (رابگە) بوو، هەروەها نوێنەری حزبی شیوعی و چەند کەسایەتیەکی تر)، ئەویش مانگی جارێک کۆدەبووینەوە بۆ یەکخستنی هەڵوێست و نەهێشتنی کێشەکان لە شارەکاندا.
ئەو ژنانەی کە زۆر چالاک بوون لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ( گەلاوێژ فەتحوڵڵا، ژیان عەلا‌دین، پەخشان غەفور، ئافتاو کەریم، ئامینه مامه مین، عایشه عەلی، عایشه رەسوڵ ، سنەوبەر قادر، شوکریە حسێن، لوتفیە ئیبراهیم، نەسرین خێزانی ئەحمەد بچکۆل، نەجیبە حاجی ئەوڕەحمان، خەدیجە سابیر، باجی خانم، نەسریە قەزاز، روناک شێخ جەلال، موعەزەز عەزیز، شەفیقە عەلی، و زۆری تریش)، وتیشی: «داوای لێبوردن دەکەم کە هەندێکیان ناویانم بیرچۆتەوەو ئەو برادەرانەی کە لەو ماوەیەی خەباتماندا لێپرسراومان بوون:(حیلمی عەلی شەریف، عزەت تاهیر، کەریمی مەلا عارف، فەقێ‌ عەلی توتنچی، حەسەن حسێن، عوسمان بەکر، سمکۆ فەخروڵڵا، کامیل بەشیر) هەریەکەو بە پێی کات و دەرفەت و لایەنێک».

ئەو وتی: لە ئێوارەی رۆژی هەینی (10 / 10 / 1963) لە کاتژمێری (7)ی ئێوارە لەدەرگا درا، کاتێ‌ دەرگایان کردەوە ماڵ پڕ بوو لە پۆلیسی چەکدار، ئێمەش هەموومان لەماڵ بووین جگە لەباوکم کەگیرابوو لەلایەن رژێمەوەو لە زیندانی ناوەندی بەغدا بوو، هەروەها پورە مەلیحیشم هەر گیرابوو بەناوی شیوعیەتەوە، چونکە پارتی بەعس حەملەیەکی زۆر گەورەی توندوتیژی دەستپێکردبوو بۆ سەر هەموو سیاسییە کوردو عەرەب و شیوعی و نیشتمانپەروەر و پارتی دیموکراتیش، پۆلیسەکان ناوی هەموومانیان پرسی کە هاتنە سەر ناوی من، وتیان « فەرمانی گرتنی تۆمان پێیە، خۆت کۆبکەرەوەو وەرە لەگەڵمان»، دایکم وتی: «دەبێ‌ منیش لەگەڵی بگرن و ناهێڵم بە تەنها بیبەن»، ئەوانیش پەیوەندییان کردبوو بە بەرێوەبەری پۆلیسەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و رازی بوون، سەرەتا ئێمەیان بردە (گرتوخانەی پۆلیس) لەپشت بینای سەرای سلێمانیەوە بوو، ئەو شەوە لەوێ‌ هێشتیانینەوە بۆ بەیانی سواری پشتی لۆری کراین، ئەوسا چوون بۆ بەغدا بەقافڵە بوو بەدوو قۆناغیش دەڕۆیشتین، یەکەم قۆناغ تاکو کەرکوک و لە کەرکویشەوە بە شەمەندۆفێر بردینیان بۆ بەغدا، شەمەندۆفێرەکە بە دەربەندیخاندا تێدەپەڕی، دایکم تەنها گیانی دایکایەتی وای لێکردبوو بێت لەگەڵمدا دەنا هیچ کەسمان نە لەکەرکوک و نە لەبەغدا نەدەناسی بۆ ئەوەی بچێتە ماڵیان، بەڵام خۆشبەختانە سەرداری برام بە هاوکاری برادەرێکی بەناوی قادری مرور لەناو پۆلیس توانیبووی جلی پۆلیس وەربگرێ‌ و شوێن قافڵەکە بکەوێ‌ و ئێمەش لەوە بێئاگا بووین، کاتێک لە کەرکوک دابەزین و بینیمان دایکم ئارام بۆوە، کەوتنە پشکنینی جانتاکەم هەرچی پێم بوو بردیان و منیان خستە زیندانەوەو نەمزانی ئەوان چییان بەسەرهات، کەچوومە ژووری زیندانەوە بینیم (سینە جەباری، زەکیە بابان، پەخشان) کە هەر سێکیان شیوعی بوون لەوێ‌ بوون، ئەو خوشکانە بەهۆی ئەوەی لەناو رێکخستنی حزبی شیوعییەوە زۆر قاڵببوونەوە و زۆریان بینیبوو ئامۆژگاری بەسوودیان کردم.
پاش (10) رۆژ مانەوەم لە گرتووخانەی کەرکوک بە شەمەندۆفێر رەوانەی بەغدایان کردم، دایکم و سەرداری براشم هەر بە هەمان شەمەندۆفێر هاتبوون و نەماندەتوانی قسە لەگەڵ یەک بکەین، من دوو پۆلیسم لەگەڵدا بوو کاتژمێری (10)ی شەو گەیشتینە بەغدا و منیان بردە (ئەمنی عامە) ئیتر دایکم و سەردارم نەبینییەوە.

هەر کە گەیشتم کەوتنە جنێو بە کوردو هەڕەشە کردن ، ئەو دەزگایە کەسی لێنەبوو جگە لەو پیاوەی کە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکردم. پیاوێکی ترسناک بوو، چاوێکی تانەی لەسەر بوو، بە جنێو و هەڕەشەوە هات بەرەو پیرم و شەپازلەیەکی زۆر بەهێزی پیا ماڵیم، چاوم پڕ بوو لەئاو گوێم کپ بوو وتی «تۆش دەتەوێ‌ ببی بە وەزیر وەک نزیهە دلێمی، تا کاتژمێری (12) ی شەو لە جنێو نەوەستاو زۆر رەق تیژ بوو بەرامبەر بەکورد، منیش بێدەنگ بووم هیچ وەڵامیکم نەدەدایەوە، (12) ی شەو جێبێکیان هێناو پاڵکی پێوەنام بۆ ناو جێبەکەو منیان بردە (قێر النهایە)، کە جێگەی دادگای شەعبی مەهداوی بوو، لەوێ‌ لە ژوورێکی تەقەمەنی حەرەسی قەومی دایاننام و لەسەر تەپڵەکێک ، خۆم لە عەباو بەتانییەک پێچابوو، تاکو بەیانی چای رەشیان بۆ دەهێنام و بەزۆر دەرخواردیان دەدام و تابەیانی گوێم لە هاواری ژن بوو، ئەشکەنجەیان دەدان، منیش دەموت: »ئەوە مسجلەیە بۆئەوەی ئیعتیراف بکەم» و نەم دەهێشت کارم تێبکا، ئەو دوو شەوەی لەو ژوورە بووم زوو زوو (ش.ت) یان دەناردەلام بۆئەوەی قسەم لێ‌ دەربهێنێ‌ و پرسیاری جۆراوجۆری لێدەکردم بۆئەوەی هەڵەیەک بکەم و وشەیەک بدرکێنم و ناوەناویش دەیوت: «هەرچی دەزانی زوو بیڵێ‌ با وەک ئەو شیوعیانەت لێنەکەن تۆ کوردی با زوو بەربی» و دەیوست هەڵمبخەڵەتێنێ‌، ئەو ژنە جاسوسی رژێم بوو، گرتنەکەشم بەهۆی ئەوەی منداڵکارێکی (-15 16) ساڵی بەیانێکی پێگیرابوو و من دەمناسی لەرێگای هەندێ‌ برادەرەوە ماوەیەک لەماڵی ئێمە دەیخوێند، وتبووی: « ئەو بەیانە هی ئەوانە»، وتبوشی من ناردوومەوتە دەرەوە کە لێپرسراوی ئافرەتانم و پەیوەندیی راستەوخۆم بە مامۆستا کامیل بەسیرەوە هەیە، چونکە ئەوسا لێپرسراوی لقی سلێمانی بوو ئەو کوردە هەردووکمانی دا بەگرت.
دادگای لێکۆڵینەوەیان بۆ دانام بە سەرپەرشتی (عەممار عەلوش) پیاوێکی دڕندەو خراپ بوو، منیش مردنم خستبووە بەرچاوی خۆم و دەموت ئیعتراف لەسەر کێ‌ بکەم، خوشکەکەم و هاوڕێکانم لێپرسراوەکان و قوتابیەکانم، ئەو هەموو سیقەیە بدۆڕێنم. مانەوەم لەو ژوورەی کە بۆیان دانابووم زۆر هیلاکیان کردبووم و جار جاریش دەیانبردمە ژوورێک دەیان نووسراوی بەیان و ناوی خەڵکی تێدا بوو کە گوایە ئەمانە ئیعترافیان کردووە. هەموو جۆرە رێگایەکیان گرتەبەر بۆ بەدەستهێنانی سەرەداوێک، بەڵام توانیم خۆم دەربازبکەم لە پرسیارەکان و بەرەو رووبوونەوەکان، ئەو (عەممار عەلوش)ە، دەیان ترسی نیشان دەدام جارێک دەیوت بڕۆن ئەو پەتە بێنن با هەڵیواسم بە پانکەو جارێ‌ دەیوت بڕۆن ئەو گازە بێنن با نینۆکی دەربێنم ئەو لێپرسینەوانەو هەڕەشەو شەوانی ترسی هەر بەدەم خۆشە گێڕانەوەی لەگەڵ ئەوانەشدا یەک تۆزقاڵ ورەیان بەرنەدام و لە خۆڕاگریم کەمیان نەکردەوە، دوای (15) رۆژ عەممار عەلوش ناردی بەشوێنما لە حەوشەکە وتی:» بێگوناح دەرچووی بڕۆ» منیش هیچ پێکەنینم پیشان نەدا، وتی:«چییە باوەڕناکەی؟ بڕۆ»، منیش رۆیشتم و بەجانتایەکی خاڵی لە قێر النهایە دەرچووم و تاکسیەکی پیاو باشیک بۆم وەستاو وتی: « کوێت ئەوێ‌ ئەتبەم، منیش ئەمزانی زۆربەی جار سەرداری برام لە ئوتێلێکی سەرجادەی رەشید دادەبەزی و وتم « بمبە بۆ ئەوێ‌»، پارەی تەکسیەکەم لە خاوەن ئوتێلەکە وەرگرت، خاوەن ئوتێلەکە وتی « دایکت و سەرداری برات رۆژانە لە بەیانیەوە زیندان بە زیندان بەدوای تۆدا دەگەڕێن».

ئیتر بەیەکتری شاد بوینەوەو گەڕاینەوە بەرەو سلێمانی، لەسلێمانیش هەموو ئافرەتان و خزمان پێشوازیەکی گەرمیان لێکردم شوێن لەماڵەکە نەمابوو ئیتر کە هاتمەوە پەیوەندیم کردەوە بەڕێکخستنەکەی خۆمەوە و بەردەوام بووم لە خەبات و بەتین تر لە جاران.
لە (5 / 2 / 1966) بە فەرمانێکی پارێزگار دوورخرامەوە بۆ باشووری عیراق بۆ کەربەلا، هەروەها پورە مەلیحیشم بۆ بەسرە.
لە (9 / 2/ 1966) گەڕاندینیانەوە بۆ سلێمانی لەسەر رۆشنایی رێکەوتنی ساڵی (1966) و چوومەوە سەر کارەکەی خۆم وەک سەرپەرشتیاری وەرزشی تا ( 2/ 4 / 1974) کە شۆڕش بەرپا بووەوە.
لەساڵی (1964) و لەکاتێ‌ دووبەرەکی کەوتە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی زۆرماندا کە ئەو دووبەرەکییە نەکەوێتە ناو ریزەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەڵام بێسوود بوو، ئیتر ئێمە لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی ماینەوە، هەرەوەها بەهیە مەعروف و درەخشان حەفید و روناک زوهدی و ژیان عزت و مونیرە قەفتان و زۆرێک لە خوشکانی تر بەردەوام بووین لەرێکخستن و فراوان کردنی، لەهەمان کاتدا بڕیار درابوو کە لەهەردوو رێکخستنەکەوە (قیادەی مەرکەزی) و باڵی (مەکتەبی سیاسی) بەردەوامبین و بەیەکەوە کاربکەین، بۆیە ئێمەی ئافرەتانی باڵی مەکتەبی سیاسی لەهەمان شانەدا ماینەوە (گەلاوێژ فەتحوڵڵا و درخشان و ئافرەتانی شانەی مەرکەزی هاتنە ناو شانەکە مانەوە).

کە ( شەونم نەجمەدین – چیمەن حەسەن – سەبریە ئەحمەد) رێکخەرمان گۆڕدراو کۆبوونەوەکانمان بەردەوام بوو بێ‌ گیروگفت دەڕۆیشت بەڕێوە.
لەساڵی (1971) بەشداریم کرد لە کۆنفرانسی یەکێتی ئافرەتان کە ئەوسا هەردوو باڵەکەی پارتی یەکیان گرتبووەوە و بووم بە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتان.
لەمانگی تەمموزی ساڵی (1973) بەشداریم کرد لەفیستڤاڵی قوتابیانی جیهانی لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات.
لە (2 / 4 / 1974) بە فەرمانی پارتی رۆیشتینە دەرەوەی شار بۆ ناو شۆڕش و لەماوەت گیرساینەوە و لەوێ‌ لەگەڵ خوشکانی پارتی بەیەکەوە بێ‌ جیاوازی کاری ئافرەتانمان دەکرد، کارەکانم بریتی بوو لە دابینکردنی جێگەو رێگە بۆ ئەو خوشکانەی کە دەهاتنە ناو شۆڕشەوە. دوای ماوەیەک زۆر بێ جێگەبووین و رۆیشتین لەرەزائییە من و (بەهیە مەعروف و عایشە رەسوڵ) خانوومان گرت و پەیوەندیمان بە خوشکان و هەڤاڵانی پارتییەوە نەما.

لە (24 / 3 / 1975) دوای هەرەسی شۆڕش گەڕاینەوە بۆ سلێمانی و ئیتر من پچرام لە رێکخستن و خۆم گواستەوە بۆ شاری بەغدا تا ساڵی (1993) گەڕامەوە و پەیوەندیم کردەوە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، داوای رێکخستنم کردەوە، و بووم بە لێپرسراوی کۆمیتەی تایبەت بە ژنان ، ئەو هاوڕێ‌ و هەڤاڵانەی کەدەمێک بوو پچرابوون خۆمان کۆکردەوە جارێکی تر و بەردەوام بووم لە کارو چالاکی هەتا ساڵی (1997) بەهۆی نەخۆش کەوتنی دایکم و باوکمەوە وازم لە کارو چالاکی هێنا.
لە کۆتاییدا هەر ئەوەندە ئەتوانم بڵێم دەربارەی مامۆستا ئەنجووم زوهدی لەشت ساغ بێت بۆ ئەو هەموو قۆناغە جوان و پڕ خەبات و لەخۆ بووردەییە، نموونەیەکی زۆر جوانی ژنێکی تێکۆشەری میللەتەکەمانە ، لە هەر بوارێک و لە هەر قۆناغێک کاری کردبێ‌ سەر بڵند بووە، مامۆستای هەموومان بووە، لەوانەوە جوانی کاری رێکخراوەیی و سیاسیمان بۆ ماوەتەوە نموونەیەکی زۆر جوان لەنێو ژنانی کوردا.


PM:05:44:25/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 1468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌