مەبەست چۆن توش بوو...کێ‌ حەبەکەی پێ‌ فرۆشت..

مەبەست چۆن توش بوو...کێ‌ حەبەکەی پێ‌ فرۆشت..
مەوداپرێس ـ

مەبەست گەنجێکی تەمەن 17 ساڵەو دانیشتوی یەکێک لەشارەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەم گەنجە لەتەمەنی منداڵییەوە کاردەکات و بەوە ناسراوە کە گەنجێکی ئازایەو حەزی زۆر بەکارکردن هەیە، لەدوا کاریدا لەگەڵ ژمارەیەک وەستا کاردەکات کە کاریان تەختەبەستی خانوەو هەمیشە ئەم کوڕە زوو دەچێتەسەرکارو هیچ دواکەوتێکی نییە.

دواجار لەپڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێناندا کاردەکات و خاوەن کارەکە داوایان لێدەکات بەقۆنتەرات کارەکە بکەن، دواتر مەبەست و وەستاکەی ڕێکدەکەون لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکە، بەڵام لەبەرئەوەی پڕۆژەکە زۆرەو ئەمانیش وەستاو کرێکاریان کەمە، بۆیە ناچاردەبن ژمارەیەک وەستاو کرێکاری دیکە بهێننە ناو پڕۆژەکە بۆئەوەی لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەکە تەسلیم بەخاوەن کارەکە بکەنەوە، لەناو کڕێکارەکاندا ژمارەیەک کرێکاری ئێرانی تێدایە، کە ئەوانیش توانایەکی زۆری کارکردنیان هەیە.
 

کرێکارە ئێرانییەکان هیلاک نابن، هۆکاری چییە؟

لەگەڵ ئەوەی مەبەست خۆی توانایەکی زۆری هەیە، بەڵام چەندجارێک لەکرێکارە ئێرانییەکان دەپرسێت هۆکاری چییە ئێوە ئەو توانا زۆرەتان هەیەو هیلاک نابن؟ لەوەڵامدا کرێکارەکان هیچی پێناڵێن و دەڵێن تەنها ئەوەیە ئێمە لەسەر کارکردن ڕاهاتوین و هیلاک نابین، بەڵام وردە وردە ئەو کرێکارانە دەبنە جێی سەرنجی خاوەنی پڕۆژەکەو وەستاکەی مەبەست، چونکە بەگوێرەی زانیاری دەستکەوتوو، ئەو کرێکارە ئێرانیانە ڕۆژانە نزیکەی 15 کاتژمێر کاردەکەن و هیلاک نابن.
 

گەنجەکە چۆن توش دەبێت؟

ئەمەش وا لەمەبەست دەکات خۆی لەو کرێکارانە نزیک بکاتەوەو لەو هۆکارە تێبگات چۆن هیلاک نابن، چونکە ئەمە لەتوانای مرۆڤی ئاسایدا نییە، تا ڕۆژێک مەبەست لەسەر کار زۆر هیلاک دەبێت و کرێکارە ئێرانییەکە لێی دەپرسێت زۆر هیلاک بویت، مەبەستیش وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت:"بەڵێ زۆر هیلاک بوم و سەرو قاچم ئازاری هەیە"، بەڵام کرێکارە ئێرانیەکە وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت:"ئێستا شتێکت دەدەمێ زوو چاک دەبیتەوەو هیچ هیلاک نابیت".

مەبەستیش لێی دەپرسێت "چییە؟"، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت:"تەنها حەبی ئازارەو هیچی تر"، دوای ئەوەی مەبەست دەیخوات سەرەتا زۆر گێژ دەبێت، بەڵام دواتر توانایەکی زۆری دەداتێ و دەستدەکاتەوە بەکارکردن، ڕۆژی دوەم بەهەمانشێوە دەیخواتەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە لەسەریەک کرێکارە ئێرانییەکە حەبەکە دەداتەوە بەمەبەست.


چۆن گەنجەکە وا هەستدەکات توش بوە؟

دواتر ئێرانیەکە حەبەکە بەمەبەست دەفرۆشێت، کاتێک مەبەست دەڵێت:"بەچەندە؟" کرێکارە ئێرانییەکەش داوای پارەیەکی زۆردەکات، مەبەست لێی دەپرسێت:"بۆ ئەوەندە گرانە"، لەوەڵامدا کرێکارە ئێرانییەکە پێی دەڵێت:"ئەوە مادەی هۆشبەرەو تازە تۆ ئالودەی بویت و دەبێت بیکڕیت".

کاردەگاتە ئەوەی مەبەست بێ ئەو حەبە هیچ کارێکی بۆ ناکرێت، دوای ئەوەی کارکردن لەپڕۆژەکە نزیکدەبێتەوە لەکۆتایی، کرێکارە ئێرانییەکان ڕێکدەکەون بگەڕێنەوە بۆ ئێران، بەڵام بەمەبەست دەڵێن بڕێکی زۆر لەو حەبە بکڕێت، چونکە بەئاسانی دەستناکەوێت، بۆیە مەبەست بڕێکی زۆر دەکڕێت و ئێرانییەکان دەگەڕێنەوە.

دوای یەک مانگێک، مەبەست لەگەڵ خزمێکی سەردانی ماڵی خزمێکی دیکەیان دەکات، لەبازگەیەک دوای ئەوەی دەپشکێندرێن، ئەو حەبەی پێدەگیرێت!.
 

بڕیاری دادگا چییە ؟

دوای لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت کە ئەو حەبە ناوی (ترامادۆڵە)و یەکێکە لەمادە هۆشبەرەکان، بۆیە کەیسەکە ڕەوانەی دادگا دەکرێت و بەگوێرەی مادەی (14/دوو) یاسای مادە هۆشبەرەکان ژمارە 68ی ساڵی 1965 بەپشتبەستن بەهەردوو مادەی  (62و 77/ یەکەم ـ ب) شەش مانگ زیندانی بەسەردادەسەپێندرێت و بەغەرامەکردنی بڕی 230 هەزار دیناری عیراقی.
 

تیبێنی:

ـ ناوی سەرجەم کەسەکان خوازراون.
ـ مەبەست لەبڵاوکردنەوەی ئەم چیرۆکە بۆئەوەیە هەمولایەک ئاگاداربن لەچۆنێتی بڵاوبونەوەو ڕێگریکردن لەمادە هۆشبەرەکان، چونکە ئەو مادانە دواجار بەزیانی هەموان لەکۆمەڵگە کۆتایی دێت.
سەرچاوە: snnc


PM:01:17:07/05/2019