سه‌رۆکی سریلانکا: په‌چه‌ به‌ مه‌ترسیی دەزانم

سه‌رۆکی سریلانکا: په‌چه‌ به‌ مه‌ترسیی دەزانم
مەوداپرێس ـ

به‌هۆی کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌و وڵاته‌ که‌ چه‌ند کڵێسا ‌و ئوتێلێکی کۆلۆمبۆی پایته‌خت و دەوروبەریان کردە ئامانج‌ و زیاتر له‌ 750 قوربانی‌ و برینداریان لێکه‌وته‌وه‌‌ و هه‌روه‌ها به‌ پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، حکومه‌تی سریلانکا له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا په‌چه‌ له‌ ژنانی وڵاته‌که‌ی قه‌ده‌غه‌ ده‌کات.

‌ لە به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتدایه‌
له‌ به‌یاننامه‌یه‌کی نووسینگه‌کەیدا، مایتریبالا سیریسینا سه‌رۆکی سریلانکا په‌چه‌ به‌ مه‌ترسیی ئه‌منیی ناوبردووه‌ ‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بڕیاردراوه‌ پۆشینی قه‌ده‌غه‌ بکرێت. روونیشکراوه‌ته‌وه‌ که‌ داپۆشینی هه‌ر ده‌موچاوێک، ده‌بێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ناسینه‌وه‌ی که‌سه‌کان، بۆیه‌ له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌. به‌م بڕیاره‌ش، سریلانکا چووه‌ ریزی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ پێشتر بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی په‌چه‌یان داوه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا.

فه‌ره‌نسا یه‌که‌م وڵات بوو
فه‌ره‌نساش وه‌کو یه‌که‌م وڵات له‌ ساڵی 2011 دا ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌رکرد‌ و مانگی ته‌مموزی هه‌مان ساڵیش، به‌لژیکا په‌چه‌ی قه‌ده‌غه‌ کرد له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا، هەروەها‌ دادگای ئه‌وروپا بۆ مافه‌کانی مرۆڤ، له‌ مانگی ته‌موزی 2014 دا بڕیاره‌که‌ی په‌سه‌ند کرد.
به‌ هه‌مان شێوه‌، حکومه‌تی دانیمارک له‌ ساڵی 2018 دا ئه‌و بڕیاره‌ی خسته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ ‌و به‌پێی‌ یاسای ئه‌و وڵاته‌، هه‌ر که‌سێک له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا ده‌موچاوی خۆی دابپۆشێت، ئه‌وا به‌ 1000 کرۆنی دانیمارکی که‌ ده‌کاته‌ نزیکه‌ی 157 دۆلاری ئه‌مریکی، سزا ده‌درێت‌و له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ کردنه‌وه‌شیدا، سزاکه‌ی 10 هێنده‌ زیاد ده‌کات.
له‌ مانگی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵیشدا، ئه‌نجومه‌نی پیرانی هۆڵه‌ندا بڕیاریدا به‌ قه‌ده‌غه‌کردنی په‌چه‌ له‌ بینا گشتییه‌کانی وه‌کو قوتابخانه‌‌ و نه‌خۆشخانه‌ ‌و هاتوچۆی گشتی، به‌ڵام بڕیاره‌که‌ شوێنه‌ گشتییه‌کانی نه‌گرته‌وه‌.
له‌ ئه‌ڵمانیاش داپۆشینی ده‌موچاو له‌ کاتی شۆفێریدا قه‌ده‌غه‌یه‌ ‌و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ش به‌شێوه‌یه‌کی نیمچه‌یی ئه‌و بڕیارەی بۆ دادوه‌ر ‌و سه‌رباز ‌و فه‌رمانبه‌رانی حکومه‌ت په‌سه‌ندکردووه‌ ‌و له‌ کاتی پێویستیشدا ده‌بێت هه‌موو که‌سێک رووخساری خۆی ده‌ربخات بۆ ناسینه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌که‌ی.
له‌ مانگی تشرینی یه‌که‌می 2017 دا، حکومه‌تی نه‌مسا په‌چه‌ی قه‌ده‌غه‌کرد له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کانی وه‌کو خوێندنگه‌ ‌و دادگاکان. وڵاتی نه‌رویژیش له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2018 دا، په‌چه‌ی له‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانیدا قه‌ده‌غه‌کرد ‌و په‌رله‌مانی بولگاریاش له‌ 2016 دا غه‌رامه‌کردنی ژنێکی په‌سه‌ندکرد، که‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا رووخساری خۆی داپۆشیبوو. له‌ لۆکسمبۆرگیش کۆت‌ و به‌ندی له‌و جۆره‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کانی وه‌کو نه‌خۆشخانه‌‌ و دادگاکان‌ و بینا گشتییه‌کاندا هه‌یه‌.

وڵاتانی ئه‌فریقیاو چینیشی گرتۆته‌وه‌
هه‌ندێک وڵاتی ئه‌وروپی وه‌کو ئیتالیا‌ و ئیسپانیا‌ و سویسراش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کی وڵاته‌که‌یان ئه‌و جۆره‌ یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها دوای کرده‌وه‌یەکی خۆکوژی له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2015 له‌ ئه‌فریقیا، ژماره‌یه‌ک لە وڵاتانی کیشوه‌ره‌ ره‌شه‌که‌، له‌وانه‌: چاد، گابۆن، هه‌رێمی باکووری کامیرۆن، ناوچه‌ی دیفا له‌ نایجیریا، کۆماری کۆنگۆ‌ و جه‌زائیریش، به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان ئه‌و یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ هه‌موو دانیشتووان نه‌گرێته‌وه‌.
حکومەتی چین-یش له‌ هه‌رێمی چینگیانگ که‌ موسڵمانه‌ ئیگۆرییه‌کان له‌و هه‌رێمه‌دا ده‌ژین، په‌چه‌‌ و هێشتنه‌وه‌ی ریشی زۆر درێژی قه‌ده‌غه‌ کردووه‌.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌کان


PM:01:29:07/05/2019