ئەم نهێنیەی سەردەمی پێشمەرگایەتی شاخ بڵاو دەبێتەوە

ئەم نهێنیەی سەردەمی پێشمەرگایەتی شاخ بڵاو دەبێتەوە
مەوداپرێس-نەرمین عوسمان

یەکەم ئامێری تیشک (اشیعە) لەشاخ و بۆ پێشمەرگە لەکاتی گرتنی شارۆچکەی تەق تەق لەلایەن هێزەکانی مەڵبەندی (٣) لە ١/٦/١٩٨٧ ئامێرێکی تیشک (ئەشیعە) دەکەوێتە دەستی هێزەکانی پێشمەرگەوە، ئەو ئامێرە لەتەق تەق دەبێ و شەهید (ئازاد عوسمان) دەچێتە دیوی ئێران و لەوێ پێداویستیەکانی ئەو ئامێرە دەهێنێ و دەگەڕێتەوە، لەسەرەتای مانگی (٨) دەچێتە لای شەهید عبدالرزاق داوای دوو پێشمەرگە دەکات لەگەڵی بنێرێ بۆ ئەوەی بچن ئەو ئامێرە لەتەق تەقەوە بهێنن بۆ مەڵبەندی (٣)، ئەوسا کاک ئازاد عوسمان هەم ڕابەری سیاسی تیپی ٩٣ بوو هەمیش دکتۆری پێشمەرگە بوو، ئەویش دوو پێشمەرگەی لەگەڵ دەنێرێ بەناوی (محمد حاجی و کەنعان)، ئەوانیش دەچنە لای شەهید ئازاد و پێی دەڵێن ئێمە ئەتوانین لەگەڵتا بێین، کاک محمد حاجی گێڕایەوە بۆم وتی: ئەو ئامێرەمان لەسماقوڵیەوە بەرەو نازەنین بەسواری تراکتۆر هێنابوو، دوای ئەو ڕێگای تراکتۆر نەما و دەبوایە بەخاڵی پشکنینی ڕژێم تێپەڕین ئەو کارەش کارێکی سەرسەختانە بوو و مجازەفەیەکی زۆر گەورەی دەویست، هاتین ئامێرەکەمان بەسەر تراکتۆرەکەوە بەپوش و گیای چڕ داپۆشی و داوامان لەشارەزایەک کرد لەگەڵ تراکتۆرەکە بڕوا بۆ ناوچەی زینەتێ، لەکاتێ بەڕێگادا دەڕۆن وردە وردە پوش و پەڵاشەکەی لەسەر لادەچێ و لایەکی ئامێرەکە دەردەکەوێ، شارەزاکە کەئەمە دەبینێ یەکسەر دائەبەزێ و هەڵدێت و دەڵێ حکومەت ئەمە ببینێ یەکسەر لەسێدارەمان ئەدات، بەڵام باش بوو لەخاڵی پشکنینەکەی رژێم تێپەڕ بووبوون، ئەم کردەیە کردەیەکی سەرسەختانە بوو، کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام هیچ چارمان نەبوو، ئەوانیش لەزینەتێ بەتراکتۆرەکە دەگەنەوەو بەهەمان تراکتۆر دەیبەنە خەتێ، کاک محەمەد گێڕایەوە وتی: ئەو کاتەی لەگەڵ کاک ئازاد بەڕێگاوە بووین بۆ هێنانی ئامێرەکە، کاک ئازاد بەهۆی ئەوەی هێشتا برینداریەکەی قاچی باش نەبووبۆوە، ئەو بەسواری وڵاخ بوو ئێمەش پیادە، لەڕێگا لێم پرسی کاک ئازاد تۆ برایەکت هەیە بەناوی هاوتا، شەهید ئازاد عوسمان جڵەوی وڵاخەکەی توندکرد وەستا وتی: هاوتا چۆن دەناسی؟ پێم وت برادەرمە و ئەو باسی تۆی بۆ کردوم، ئیتر دابەزی و باوەشێکی گەرمی پیا کردم وتی: بۆنی هاوتات لێدێت، لەڕێگا ورد ورد لەگەڵمان کرایەوە و کەوتە گاڵتەو نوکتەو قسەی خۆش (ئازاد ئاسا)، ئەو ڕێگا زەحمەتەی لاکورتکردینەوە، ناوی لەمن نا حەمە و کنعانیش ناوی ڕێکخستنی (هەژار بوو) کوڕێکی تۆزێک بەخۆ بوو پێی وت چۆن ناوت لەخۆت ناوە هەژار، هەژار دەبێ لەڕو لاواز بێ و کێشی (٤٠-٥٠) کیلۆ بێت.

ئیتر هەرچۆنێک بێ ئامێرەکە دەگەیەننە خەتێ، ئەوسا ئامێری تیشک لەناو پێشمەرگە نەبوو، هەر بریندارێک دەبوایە بۆ تیشک گرتن بچنە تاران یان بەنهێنی بۆناو شار تەنانەت لەکاتی برینداربوونی کاک کۆسرەت رەسوڵ لەسماقوڵی، ڕێکخستنی ناو شار ئامێرێکی تیشکی سەفەری بەنهێنی دەهێنن و ئەشیعەی کاک کۆسرەت دەگرن و هەر ئەو شەوەش دەیگەڕیننەوە نەخۆشخانەی هەولێر.

شەهید ئازاد، محەمەد حاجی و کەنعان فێری تیشک گرتن دەکا و دەبنە بەرپرسی ئەو ئامێرە.

دوای ئەوەی رژێمی بەعس لەهەموو لایەکەوە هێرش دەکاتە سەر مەڵبەندی (٣) لەجینۆسایدی ئەنفالدا، محەمەد حاجی و سەردار عبدالکریم کەئەندازیار دەبێ بەیەکەوە ئامێرەکە پارچە پارچە دەکەن بەژمارە لێدانەوە بۆ ئەوەی بتوانن بیبەستنەوە، بەتراکتۆر دەیبەنە لای بلەی سەرو لەوێشەوە لەناو چەند دارە مەیتێکی دائەنێن و بەدیلەکان دەیگوێزنەوە بۆ ئەشکەوتی مەلەکان، گوێزانەوەی بەوڵاخ نەئەتوانرا ڕێگاکە یەکجار سەختە و رک بوو، لەناو ئەشکەوتی مەلەکان دەیبەستنەوەو یەکەم تیشک بۆ کاکە عەبەی رەسام دەگرن و دەکەوێتەوە کار، گێڕایەوە وتی: جارێک ڕۆژنامەنوسێکی سویدی گەیشتە لامان و پرسی ئەم ئامێرەتان چۆن گەیاندۆتە ئێرە، منیش وتم بەهەلیکۆپتەر نەی پرسی چۆن وتی ئەها، ئیتر کردمان بەپێکەنین و وتمان لەسەر خواو پشتیوانی خوا کردومانە.

کاتێ هێرشی دوژمن لەئەنفالەکان بەرەو مەلەکان دەڕوا هێزی پێشمەرگە پاشەکشە دەکات بەرەو قەندیل، دەیانەوێ ئامێرەکە بتەقێننەوە، کاک کۆسرەت پێیان دەڵێ بیشارنەوە ئەگەر بەردەستی دوژمنیش بکەوێ ڕەنگە هاوڵاتی سودێکی لێوەربگرێ، کاک محەمەد و هاوڕێکانی چاڵێکی دوو مەتر قوڵ هەڵدەکەنن و ئامێرەکە دەشارنەوە و (٣) سێ پەنجەشی بەو هۆیەوە دەشکێت.

لەهاوینی ساڵی (٢٠١٧) کاک محەمەد فەرەج بەسەردانێک دەگەڕێتەوە و سەردانی ئەشکەوتی مەلەکان دەکات بۆشوێنی بیرەوەریەکانی ڕۆژانی سەخت، لەوێ فیلمێکی ئەشیعەی قوڕاوی دەدۆزێتەوە و دەیهێنێتەوەو لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ هۆڵندا و وەک ئەرشیفێکی شۆڕش پارێزراوە.


PM:09:57:09/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 13216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌