ركابەرێكی نێچیرڤان بارزانی پەیدا بوو

ركابەرێكی نێچیرڤان بارزانی پەیدا بوو
مەوداپرێس- هێمن مامەند

پارێزەرێك لەشاری هەولێر لەبەرامبەر نێچیرڤان  بارزانی تاكە كاندیدی تەوافوقی لایەنەكان خۆی بۆپۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید دەكات.

پارێزەر رێبوار عەزیز مستەفا  ، ناسراو  (  بەرێبوار خۆشناو)   تایبەت بەمەوداپرێسی راگەیاند" وەكو پارێزەرێك و وەكو كەسایەتیەكی بێلایەن،  بەیانی لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان خۆم بۆپۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید دەكەم".

پارێزەر رێبوار ئاماژەی بەوەشكرد" بەداخەوە لەم وڵاتە  تەوافوقی سیاسی  دیموكراسی نەهێشتووە ، هەموو پرسەكان بەتەوافوقی سیاسی  و لەمەكتەب سیاسی حزبەكان بەڕێوەدەچێت، لەكۆی هەشت لیستی پەرلەمانی لەپەرلەمانی كوردستان هیچ لایەنێك كاندیدی بۆپۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرامبەر نێچیرڤان بارزانی  نییە، بۆیە  دەمەوێت ئەو رێچكەیە بشكێنم و خۆم كاندید بكەم".

سەبارەت بەوپرسەی كەئایا  ئامانجت لەخۆپاڵاوتن چییە؟ رێبوار خۆشناو وتی" دەمەوێت یاسا بچەسپێت و یاسا سەروەر بێت، ئەگەریش  متمانەی پەرلەمانم بەدەست هێنا یەكەم كارم چەسپاندنی یاسا دەبێت".

لەگەڵ هیچ لایەنێك قسەم نەكردووە بۆئەوەی دەنگم پێبدەن، وەپێشموانییە دەنگی پێویست بێنم، بەڵام ئامانجم ئەوەیە كەئەم رێچكەیە بشكێنم، چیتر لەم وڵاتە  تەنیا حزب كاندیدی  نەبێت و چیتر كاندیدی لایەنەكان بێ  ڕكابەر نەبن، رێبوار خۆشناو وایگووت.

پارێزەر رێبوار عەزیز مستەفا
لەدایك بووی ساڵی 1978
17ساڵە كاری پارێزەری دەكات
خێزاندارەو خاوەنی چوار منداڵە



PM:02:04:12/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 62032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌