بەم شێوازە کفتەی برنج ئامادە بکە

بەم شێوازە کفتەی برنج ئامادە بکە
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

کفتەی برنج یەکێکە لە خواردنە خۆشەکان، بەم شێوازە ئامادە دەکرێت.

کەرەستەکان

3 پەرداخ برنجی خڕ، 1 کیلۆ قیمە، 1 دەسک کەرەوز، بەهارات، 1 کیلۆ نۆک، زەردەچەوە، کشمیش، بادام، خوێ، پیاز، زەیت، ئاو، سەرجەم کەرەستەکان بەپێی ژمارەی ئەو کەسانەی بۆیان دروست دەکەیت دەتوانیت کەم و زیادی بکەیت.

چۆنێتی ئامادەکردنی

سەرەتا بۆ ماوەی 3 کاتژمێر یان زیاتر برنجەکە بکەرە ئاوەوە، پاشان بیپاڵێوە و بیدە لە خەڵاتە تا تەواو ورد دەبێت، دواتر کەوچکێکی گەورە خوێی تێبکە، پاشان بەشێکی کەم لە قیمەکەی تێکەڵ بکە و بەباشی هەڵیبشێلە، دواتر لە تاوەیەکدا کەمێک زەیت گەرم بکە و پیاز و کەرەوز و قیمە و بەهارات و کشمیش و بادامەکە سوربکەرەوە، دواتر ئەو کەرەستانەی سورکراوەتەوە لەسەر تاوەکە لە زەیتەکە جیای بکەرەوە یان بیکە بە سوزگیەکدا بۆ ئەوەی چەوری نەمێنێت، پاشان هەویرەکە پارچه بکەو ناوەکەی تێکە و خڕی بکەرەوە، پاشان لە مەنجەڵێک بخەرە سەر ئاگر و ئەو زەیتەی کە جیاتکردەوە بیکەرە ناوی و دوای گەرمبوونی ئاوی تێبکە تا دێتە کوڵ و نۆکەکەی تێبکە، بەڵام نۆکەکە دەبێت پێشتر لە ئاودا خوسابێت، ئینجا زەردەچەوە و خوێ تێبکە، پاش تەواو کوڵانی ئاوەکە کفتەکانی یەک لەدوای یەک تێبکە و لەسەر ئاگرێکی مامناوەند دایبنێ تا دەکوڵێت، بەم شێوەیە کفتەکە ئامادە دەبیت و دەتوانیت پێشکەشی بکەیت.


PM:04:08:15/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 1732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌