باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا هۆکاری راگرتنی کاره‌کانی ئاشکرا کرد

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا هۆکاری راگرتنی کاره‌کانی ئاشکرا کرد
مه‌وداپرێس-

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆکاری جێهێشتنی بەشێک لە فەرمانبەرانی لە بەغدا و ڕاگرتنی کاری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند بەهۆی زۆربوونی هەڕەشەکان بۆ سەریان ئەو بڕیارەیان داوە.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2019  بڵاویکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و زیادبوونی مەترسییەکان کە لە عیراقدا هەستی پێ دەکرێت، بڕیاریانداوە ژمارەیەک لە کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانیان عیراق جێبهێڵن.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەردانەکەی ئەم دواییەی مایک پۆمپیۆ بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوە عیراقییەکان، راستی ئەو مەترسی و هەڕەشانەیان بۆ حکومەتی عیراق شیکردووەتەوە و ئاگاداریان کردوونەتەوە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاشکرایکردووە، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن دەکەن بە سەلامەتی و ئاسایشی دامەزراوەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا، بڕیاری کشاندنەوەی ژمارەیەک لە کارمەندی باڵیۆزخانەی بەغدا و کونسوڵگەریی هەولێر لە سایەی ئەو دۆخە ئەمنیەی ئێستادا پەیڕەوکراوە.

متمانەی خۆشی بە هێزە ئەمنییەکانی عیراق پیشانداوە لەوەی کە دەتوانن بیانپارێزن، بەڵام دەزانن هەڕەشەکان مەترسین و دەیانەوێت مەترسییەکانی کەمبکەنەوە.

روونیشیکردۆتەوە: ئەو بڕیارانەیان هەر وا بە ئاسانی سەرپێی نەداوە، هه‌روه‌ها وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا جەختیکردۆتەوە لەوەی ئاسایش و سەلامەتیی کارمەندە ئەمریکییەکان و هاوڵاتییەکانی بە یەکێک لە هەرە کارە سەرەکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دادەنرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پابەند دەبن بە هاوبەشییان لەگەڵ عیراقییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.


PM:06:26:15/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 1536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌