ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ئه‌ردۆغان

ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ئه‌ردۆغان
مه‌وداپرێس-

لە دوای کۆبوونەوەی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ئه‌ردۆغان لە ئەنقەرە عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگەیاند رێگە نادەن خاكی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکاربهێنرێت و ئەردۆغانیش رایگەیاند لەهەوڵدان بۆری نەوتی کەرکوک - جەیهان کارابکەنەوە.

عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق کە ئێوارەی ئەمرۆ 15ی ئایاری 2019 بەسەردانێک گەیشتە تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سه‌رۆکی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ ئەو وڵاتە لەسەر پرسی هاوکاری ئەمنی رێککەوتوون.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق وتیشی: عیراق و تورکیا لەساڵی 2008ەوە رێککەوتنی ئەمنی هەیە لەنێوانیاندا بەڵام کاری پێنەکراوە و کاردەکەن بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە.

عادل عه‌بدولمه‌هدی باسی لەوەشکرد: که‌ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا نزیکەی 20 ملیار دۆلاری ساڵانەیە و دەیانەوێت ئەو قەبارەیە زیاتر بکەن.

هاوکات، ئەردۆغان له‌ کۆنگره‌که‌دا رایگەیاند: کاردەکەن لەسەر کاراکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک - جەیهان و بە پێویستیشی دەزانن رێککەوتنی تایبەت بە ئاسایش و هەواڵگری و هاریکاری ئەمنی لەگەڵ عیراق واژوو بکەن.

ئەردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: لیژنەیەکی پێنج کەسیان لەبارەی کێشەی ئاوەوە پێکهێناوە و تورکیا دەیەوێت بەشداربێت لە ئاوەدانکردنەوەی عیراقدا.

ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شی وت: له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق باسمان له‌ مه‌سه‌له‌ی تیرۆرو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ئابورییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات کردووه‌.


PM:11:13:15/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌