بۆچی پێش جه‌ژن مووچه‌ دابه‌ش ناکرێت

بۆچی پێش جه‌ژن مووچه‌ دابه‌ش ناکرێت
مه‌وداپرێس-سازگار ئه‌حمه‌د

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند دابه‌شنه‌کردنی مووچه‌ پێش جه‌ژن هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ به‌غداوه نیه‌‌ چونکه‌ به‌غدا مووچه‌ی پێنچ مانگی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌رانی ناردووه‌.

شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "دابه‌شنه‌کردنی مووچه‌ی مانگی سێ له‌ پێش جه‌ژن هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ به‌غداوه‌ نیه‌ حکومه‌تی هه‌رێم خۆی دابه‌شی ناکات".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی وتیشی "به‌غدا مووچه‌ی مانگی یه‌ک و دوو و سێ و چوار و پێنجی ئه‌مساڵی ناردووه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم".

شیروان میرزا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "مووچه‌ی مانگی یه‌ک و دوو و سێ که‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتووه‌ بۆ هه‌رێم مووچه‌ی مانگی 10 و 11 و 12ی 2018ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی پێ دابه‌شکراوه‌، هه‌روه‌ها به‌ مووچه‌ی مانگی چوار و پێنچ مووچه‌ی مانگی 1 و 2ی 2019ی فه‌رمانبه‌رانی پێ دابه‌شکراوه‌''.

ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ هێشتا دابه‌شکردنی مووچه‌ی مانگی 2ی فه‌رمانبه‌ران کۆتایی نه‌هاتووه‌، به‌ڵام به‌غدا مووچه‌ی مانگی 5ی فه‌رمانبه‌رانی ناردووه‌ نازانرێت چی لێهاتووه‌ دابه‌شنه‌کراوه‌ که‌واته‌ ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێم خۆی پاره‌ بۆ مووچه‌ی مانگی 3 و 4 و 5ی 2019ی فه‌رمانبه‌ران دابین بکات.



PM:09:30:20/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 5652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌