كچێكی گەرمیانی داوایەك لە مەسعود بارزانی دەكات

كچێكی گەرمیانی داوایەك لە مەسعود بارزانی دەكات
مەوداپرێس-

تانیا کفری، کچە چالاکوانێکی شاری کفریە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ 2ی حوزەیرانی 2019 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە نوسینێکدا داوایەک لە مەسعود بارزانی دەکات.

ئەمەش دەقی داواکارییه‌که‌ی تانیا کفریە...

بۆ بەڕێز کاک مەسعود بارزانی
بۆ ئەو پیاوەی دوای کۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال و کاک نەوشیروان خۆی بە مەرجەعی کورد دەزانێ
بابەت: داواکاری

سەرەتا..سڵاو و رێز

من وەک کچە کوردێکی گەرمیانی داوا لە بەڕێزتان دەکەم "گەر بڕیارە مەرجەعی کورد بێ، دەکرێ باوکایەتیش بۆ هەمووان وەكو یەك بکەی"، ئەم داوایەم قبوڵ بكەی.

بەڕێز کاک مەسعود، ئەگەر بڕیارە مەرجەعی کورد بێت دەکرێ جگە لە حزبەکەی خۆت کە سەرۆکیتی، هەموو لایەنەکان بەهی خۆت بزانی بێ جیاوازی.

مەرجەع نابێت جیاوازی بکات لەنێوان رۆڵەکانی نیشتیمان، فەرموو وەک مام جەلال چۆن لەکاتی شەڕی براکوژی هاتە خزمەتی جەنابتان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی براکوژی و کۆتایی بەخۆینڕشتن هێنا، دەی فەرموو جەنابیشت باوکایەتی بکە و ئەم ناکۆکیانە کۆتایی پێ بێنە و وەکو مام مێژوویەكی زێڕین بۆ خۆت تۆماربکە. 

جەنابی كاك مەسعود.. با ئیتر بەس بێ ناکۆکی و پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد، با ئیتر بەس بێ شەڕی راگەیاندن و تۆمەتبەخشینەوە، با ئیتر بەس بێت دوورلەیەكگرتن و سەنگەربەندی.

گەر نێوماڵی خۆمان رێکنەخەین هەمووان زیانی گەورە دەكەین، گەر پێکەوەش بین و تەبابین دوژمن جورئەتی ئەوە ناکات لەدووریشەوە تەماشا بکات. بۆیە داوا لە جەنابتان دەکەم دوور لە ئینتیمای حزبایەتی و کوردانە شان بدە بەر ئەو ئەركە پیرۆزە و مام و برازایی بنوێنە و کۆتایی بەم ناکۆکیانە بهێنە.

تكایە ئەو شەڕە دەنوکەی نێوان هەردوولا کۆتایی پێ بێنە و بەرژەوەندی کورد لەپێش بەرژەوەندی حزب دابنێ، جەنابت باش ئەوەش دەزانی ئەوەی لەم ناكۆكیانە زەرەرمەندی یەكەم دەبێ میللەت و کوردستانە و گەر بەم نەفەسەی ئێستا كاربكەن پێش یەکێتی، هەمووان و پارتیش زەرەرمەند دەبن، چونکە هەر حکومەتێ پێکبهێنرێت بەبێ یەکیتی تادیگەڵە بڕدەکات و بڕیارەکان جێبەجێ ناكرێت.

بۆیە دەکرێ جەنابتان بێدەنگی بشکێنن و ناکۆکییەکان کۆتایی پێبهێنن، هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێ و دەکری کەسێك گەورەیی بنوێنێ و تكایە با ئەو كەسەیش جەنابت بێت.چونکە بەڕاستی میللەت ماندووە زیاتر ماندووی مەکەن، گەورەی و باوکایەتی خۆت بەنوینە.

لەگەڵ رێزی 
تانیا کفری 
2/6/2019


PM:09:57:02/06/2019