نیوزله‌ندا هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی له‌عیراق ده‌کێشێته‌وه‌

نیوزله‌ندا هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی له‌عیراق ده‌کێشێته‌وه‌
مه‌وداپرێس-

جاسیندا ئاردێرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند وڵاتەکەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا هێزە سەربازییەکانی لە عیراق دەکشێنێتەوە و کۆتایی بە ئەرکەکانی هاوکاری و راهێنانی هێزە عیراقییەکان دەهێنێت، کە لە شەڕی داعشەوە لەو وڵاتە جێگیرکرابوون.

ئاردێرن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 10ی حوزەیرانی 2019 رایگەیاند: لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا نیوزلەندا دەست دەکات بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی و ئەو پابەندبوونەی کە لە عێراق هەیانبووە کۆتایی پێ دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی تەموزی ساڵی داهاتوودا ژمارەی هێزەکانیان سەرەتا کەمدەکەنەوە بۆ 75 سەرباز و، دواتریش بۆ 45 سەرباز، پاشان لە حوزەیرانی 2020 دا ئەرکەکانیان بە تەواوی لە عێراق کۆتایی دێت.

سەبارەت بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستانیش، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا جەختیکردەوە، هێزەکانیان کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا کاردەکەن، تا مانگی کانوونی یەکەمی 2020 کەمدەکرێنەوە بۆ 11 سەرباز، کە راهێنان بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەفغانستان دەکەن.


PM:05:47:10/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌