هێشتا نزیكەی سێ هەزار ئێزیدی بێسەرو شوێنن

هێشتا نزیكەی سێ هەزار ئێزیدی بێسەرو شوێنن
مەوداپرێس-


نووسینگەی رزگاركردن و هێنانەوەی كوردانی ئێزدی رایگەیاند تا ئێستا 3 هەزار و 476 هاوڵاتی‌ ئێزدی‌ لەدەستی‌ چەكدارانی‌ داعش رزگاركراون و هێشتا 2 هەزار و 941 ئێزدی‌ ماون رزگار بكرێن.

نووسینگەی رزگاركردن و هێنانەوەی كوردانی ئێزدی ئامارێكی‌ سەبارەت بە تاوانە قێزەونەكانی‌ رێكخراوی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ لە عیراق و شام ناسراو بە "داعش" دەرهەق بە ئێزدییەكان راگەیاند.

بەگوێرەی‌ ئامارەكە كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پشتی‌ پێدەبەسترێت، پێش هاتنی‌ داعش لە 3ی‌ ئابی‌ 2014دا ژمارەیی‌ ئێزدییەكان لە عیراق نزیكەی‌ 550 هەزار كەس بووە و لە ئەنجامی‌ هێرشی‌ چەكدارانی‌ ئەو رێكخراوەدا نزیكەی‌ 360 هەزار ئێزدی‌ ئاوارەبوون. 

نووسینگەی رزگاركردن و هێنانەوەی كوردانی ئێزدی دەڵێت: "لە رۆژانی‌ سەرەتای‌ هێرشەكەی‌ چەكدارانی‌ داعشدا 1293 ئێزدی‌ شەهیدبوون و 2745 منداڵ‌ بێ‌ سەرپەرشت بوون".

ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە تا ئێستا لە شەنگال 80 گۆڕی‌ بەكۆمەڵ‌ دۆزراوەتەوە، سەرەڕای‌ دەیان گۆڕی‌ تاكەكەسی‌ و لەلایەن داعشەوە 68 مەزارگە و شوێنی‌ ئاینی‌ تەقێندراونەتەوە.

نووسینگەكە ئەوەشی‌ خستەڕوو كە ژمارەی‌ ئەو ئێزدییانەی‌ دوای‌ رووداوەكە روویان لە وڵاتانی‌ ئەوروپا كردووە بە زیاتر لە 100 هەزار كەس مەزەندە دەكرێت.

دەشڵێت: "6 هەزار و 417 ئێزدی‌ لەلایەن چەكدارانی‌ داعشەوە فڕێندراون كە 3 هەزار و 548یان لە رەگەزی‌ مێن و 2 هەزار و 869یان لە رەگەزی‌ نێرن".

نووسینگەی رزگاركردن و هێنانەوەی كوردانی ئێزدی راشیگەیاندووە كە تا ئێستا 3 هەزار و 476 هاوڵاتی‌ ئێزدی‌ لەدەستی‌ چەكدارانی‌ داعش رزگاركراون كە 1 هەزار و 184یان ژنن و 337یان پیاون و 1 هەزار و 20یان كچن و 935یان كوڕن و هێشتا 2 هەزار و 941 ئێزدی‌ ماون رزگار بكرێن كە 1 هەزار و 344یان لە رەگەزی‌ مێن و 1 هەزار و 597یان لە رەگەزی‌ نێرن.


PM:06:37:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌