ئەمساڵ هەر حاجییەك بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج پێویستی بە بری 4200دۆلارە

ئەمساڵ هەر حاجییەك بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج پێویستی بە بری 4200دۆلارە
مەوداپرێس-


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان، دواین وادە بۆ رادەستكردنی پاسەپۆرتی هاوڵاتییان دیاری دەكات، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش رایگەیاند، رۆژی 10ی تەمموز یەكەم گەشتی حەج لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سعودیە دەستپێدەكات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاگاداری سەرجەم ئەو هاوڵاتییانە دەكاتەوە كە ناویان بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ دەرچووە و لەبەر هەرهۆكارێك تا ئێستا پاسەپۆرتەكانیان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی حەجی پارێزگاكانیان نەكردووە، پێویستە بە زووترین كات بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە بكەن.

بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەندراوێكدا رایشیگەیاندووە، كە دواین وادە بۆ رادەستكردنی پاسەپۆرتەكان رۆژی 16ی حوزەیرانی 2019 یە، بۆیە هەر كەسێك لەو وادەیە دوا بكەوێت مافی سەفەركردن لەدەست دەدات.

لای خۆیەوە نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاندووە " بۆ ئەمساڵ چوار هەزار و 880 هاونیشتمانی هەرێمی كوردستان بەشداریی فەریزەی حەج دەكەن.

لەبارەی ئەو بڕەپارەیەی لە هەر هاوڵاتییەك وەردەگیرێت، وتەبێژەكەی وەزارەتی ئەوقاف وتی: "ئەمساڵ هەر حاجییەك بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج پێویستی بە بڕی چوار هەزار و 200 دۆلارە".
 
راشیگەیاند، لە رۆژی 10ی تەمموزی 2019، یەكەم گەشتی حەج لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سعودیە دەستپێدەكات.



PM:09:22:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌