ناوی سەرجەم وەزیرەكانی كابینەی داهاتوو بخوێنەوە

ناوی سەرجەم وەزیرەكانی كابینەی داهاتوو بخوێنەوە
مەوداپرێس-هێمن مامەند



ناوی كاندیدە پێشنیاركراوەكانی یەكێتیی و پارتی و گۆڕان و سۆسیالست بۆ حكومەت ئاشكرا دەكرێت كە تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە ناویان هێنراوە و مەسیحی و توركمانەكانیش دوو ساڵ بە دوو ساڵ یەك وەزارەتیان بۆ داندراوە ‌و وەزارەتی ئەوقافیش لەسەر پەتە بۆ بزووتنەوە،  كە دوو كاندیدی هەیە.

هەفتەنامەی ئاژانس   لەژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا ناوی  سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە  كاندیدیان بۆ پۆستە وەزارییەكان ئامادە ‌كردووە بەم شێوەیە  ئاشكرایكردووە. 


پارتی یەكلایی بووەتەوە

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیوست ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ  هەفتەنامەی ناوبراو وتویەتی" سەرجەم سیڤیی وەزیرەكانی پارتی ئامادەن، زۆرینەی پۆستە وەزارییەكان لە لایەن خودی كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرتی كوردستان، بە ڕاوێژكردن لەگەڵ مەكتەبی سیاسی دەستنیشان كراون".

وتیشی: «پۆستە وەزارییەكان بەم جۆرەیە: نەزهەت حالی بۆ وەزیری ناوخۆ، د. محەممەد شوكری بۆ سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاشتی هەورامی بۆ وەزیری سامانە سروشتییەكان، عەبدولسەلام مەدەنی بۆ وەزیری پەروەردە، نەوزاد هادی، وەزارەتی كارەبا، ڕێبەر ئەحمەد بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش، د. نزار عیسمەت بۆ وەزیری تەندروستی، فرسەت ئەحمەد بۆ وەزیری داد، ساسان فەرهاد عەونی بۆ وەزیری شارەوانی».

سۆسیالست پێشتر كاندیدەكەی یەكلایی كردووەتەوە

لە پاش كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و وەفدەكەی لەگەڵ حزبی سۆسیالست ناوبراو ڕایگەیاند كە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەدەن بەو حزبە.

ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی سۆسیالستی دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە  بەهەتەنامەكەی راگەیاندووە" ناوی كاندیدی ئێمە بۆ  وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان عەبدوڵڵای حاجی مەحمودە و پێشتریش لە گفتوگۆكانماندا لەگەڵ پارتی بە شێوەیەكی زارەكی لەسەر كاندیدمان ڕەزامەندبوون".

گۆڕان؛ دیاریكردنی كاندید بە كێشەوە

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە  بەهەفتەنامەی ناوبراوی راگەیاندووە"پۆستە وەزارییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن لیژنەیەكی دوانزە كەسییەوە ئامادە ‌كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناڕەزایەتی درووست نەبێت لە ناوخۆی حزبدا بە ڕەسمی ئاشكرا ناكرێت".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە كاندیدەكانی گۆڕان بەم شێوەیە دیاری كراون‌: جەلال جەوهەر بۆ یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت، مستەفای سەید قادر بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، هێمن شێخانی بۆ وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی، كوێستان محەمەد بۆ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی.

یەكێتیی؛ ناوی كاندیدی حكومەت و یەكلاییكردنەوەی كەركوك

گرێی پێشكەشكردنی كاندیدەكانی یەكێتیی بۆ حكومەت ئاڵۆزترە بەو پێیەی دەیەوێت پرسی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی دادی عێراقیش یەكلایی بكاتەوە.

بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ یەكێتیی چاوەڕێی هەنگاوی پارتییە بە یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، تاوەكو بەشداریی حكومەت بكات و ناوی كاندیدەكانی ڕادەست بكات.

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە هەفتەنامەكەی راگەیاندووە" كۆی ناوی وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم ئامادە كراوە بەڵام یەكێتیی هەرگیز بەشداریی لە حكومەتدا ناكات، ئەگەر دۆسیەی كەركوك و بەغدا هاوشانی دەستبەكاربوونی وەزیرەكانمان لە هەرێم چارەسەر نەكرێت.״

لە بەدواداچوونەكەی ״ئاژانس״دا دەركەوتووە كە ئەوەی تا ئێستا لە ناو یەكێتییدا باس دەكرێت بۆ پۆستە وەزارییەكان بریتین لە ‌هەریەك لە: دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، بۆ وەزارەتی پلاندانان، مستەفا چاوڕەش بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، عزەت سابر بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، حەمەی حەمەسەعید بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری، سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ سەرۆكی دەستە یان وەزیری وەزارەتی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دیاری كراوە.

نیوەی وەزارەتێك بۆ مەسیحی و توركمانەكان

بە ‌پێی زانیارییەكانی هەفتەنامەكە تا ئێستا پارتی پلانی ئەوەیە كە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دوو ساڵ بە دوو ساڵ بدات بە توركمان و مەسیحییەكان.

ئەندامێكی سەركردایەتیی هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی مەسیحییەكان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت  وتویەتی" بە ‌شێوەیەكی فەرمی ئاگادار نەكراوین لە پێدانی وەزارەت بەڵام ئەوەی هەیە بە شێوەیەكی زارەكی بووە، ئێمەش وەك سێ لایەنی مەسیحی، تاكە كاندیدمان بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئارۆ جەوهەر بەرپرسی ناوچەی عەینكاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت».

بەڵام ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی ناقایلبوونی خۆی بۆ ئەو  پێشنیارە ڕاگەیاندووەو وتویەتی هەرگیز ڕازی نابین بەوەی لەگەڵ مەسیحییەكان وەزارەتێكمان پێ بدرێت، خۆ خێرمان پێ ناكەن، چۆن دەكرێت لە كۆی ئەو هەموو وەزارەتە لەگەڵ مەسیحییەكان وەزارەتێكمان پێ بدەن".

وەزارەتی ئەوقاف لەسەر پەتەكەیە

ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوە دا كە بۆ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم تا ئێستا هیچ كەسێك كاندید نەكراوەو ‌‌و ئەگەر هەیە ئەو وەزارەتە بدرێت بە بزووتنەوەی ئیسلامی.

ئاری عەبدوللەتیف، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی  وتویەتی " نازانین بزووتنەوە بەشدار دەبێت لە كابینەی نۆیەم یاخود چ وەزارەتێك وەردەگرین بۆیە چاوەڕوانین پارتی سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی بكات".

وتیشی" بزووتنەوە دوو كاندیدی هەیە، ئەوانیش عەبدوڵڵا وەرتێ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی و محەمەدی كوڕی مەلا عەلی عەبدولعەزیز برا گەورەی ڕابەری ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامییە، كە پێم وایە بێ ڕكابەر دەبێت بۆ پۆستی وەزیری".



AM:11:51:19/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 80356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌