پارتی ناوی وه‌زیره‌کانی کابینه‌ی نوێی یه‌کلایی کردۆته‌وه‌

پارتی ناوی وه‌زیره‌کانی کابینه‌ی نوێی یه‌کلایی کردۆته‌وه‌
مه‌وداپرێس-

راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، حیزبەکەی ناوی وەزیرەكانی كابینەی نوێی یەكلایی كردووەتەوە ‌و داوادەکات لایەنەکانی دیکەش بەزووترین کات وەزیرەکانیان یەکلایی بکەنەوە.

عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ كابینەی نوێ‌ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی ناوی ئەو وەزیرانەی یەكلایی كردووەتەوە كە وەریدەگرێت. لەم هەفتەیەدا مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە كۆدەبێتەوە". 

ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی پارتی هیواخوازە لایەنەكانی دیكەش بە زوویی ‌و لەكاتی خۆیدا ناوی بەربژێرەكانیان بۆ پۆستەكانی حكومەت رادەستی شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بكەن، چونكە وەك ئەو دەڵێت "پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بە زووترین کات، پێویستی قۆناخەكەیە ‌و لەوە زیاتر دواكەوتنی زیانی گەورەی دەبێت، بەهیوای ئەوەی لەو كاتەی دیاری كراوە كابینەكە پێكبهێنرێ‌".

رۆژی چوارشەممە، 12-6-2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپارد و، بەپێی یاسا لە وادەی دەستنیشانكردنیەوە، مەسروور بارزانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، تاوەكو ئێستاش مەسروور بارزانی سەردانی بەشێكی زۆری ئەو لایەنانەی كردووە كە بڕیارە بەشداریی حكومەت بكەن.

ئەو وەزارەتانەی كە بڕیارە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بەر پارتی بكەوێت بریتین لە...

 1- وەزارەتی ناوخۆ
2- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
3- وەزارەتی پەروەردە
4- وەزارەتی كارەبا
5- وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی
6- وەزارەتی داد
7 - وەزارەتی تەندروستی
8- وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشت ‌و گوزار

سه‌رچاوه‌: رووداو



PM:02:04:22/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 15860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌