ترەمپ : دوبارە ئێران مەزن دەكەینەوە

ترەمپ :   دوبارە ئێران مەزن دەكەینەوە
مەوداپرێس-


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند كە بەنیازە سزای دیكە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، جەختیشیكردەوە كە هێشتا بژاردەی سەربازی لەدژی ئێران لەبەردەستدایە.

ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2019، دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا و هیوای خواست حكومەتی ئێران "دانا" بێت و گرنگی بە گەلەكەی بدات، هاوكات ئەو دروشمەی كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی بەبیرهێنایەوە كە دەیوت: "سەرلەنوێ ئەمریكا مەزن دەكەینەوە"، بۆ ئێرانیش هەمان شتی وت و رایگەیاند: "دوبارە ئێران مەزن دەكەینەوە".

سەرۆكی ئەمریكا راشیگەیاند كە بەنیازن سزای نوێی دیكە بەسەر ئێراندا بسەپێنن، سەبارەت بە ئەگەری پەنابردن بۆ رێگەچارەی سەربازیش، دوپاتیكردەوە كە ئەو بژاردەیە هێشتا بەردەستە.

لێدوانكەی سەرۆكی ئەمریكا لەكاتێكدایە كە رۆژی هەینی ترەمپ لە دوا ساتەكاندا و وەك رایگەیاند 10 خولەك پێش وادەكە، هێرشێكی سەربازیی بۆسەر ئێران هەڵوەشاندوەتەوە كە بەنیازبوو وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی وڵاتەكەی لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامی بدات.

گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆكەیە زیادیكرد، ئێران رایگەیاند كە فڕۆكەكەی ئەمریكای لەسەر ئاسمانی ناوچەی هورمزخان لە ئاوەكانی كەنداوی عوممان خستوەتە خوارەوە، ئەمریكاش دەڵێت فڕۆكەكە لە سنوری ئاسمانی نێودەوڵەتیدا سوڕاوەتەوە و سنورە ئاسمانییەكانی ئێرانی نەبەزاندووە.



PM:06:48:22/06/2019