وەزارەتی پەروەردە : لەبەر ئەم هۆكارە كچە نیقاب پۆشەكە خرایە ریزی دووەمەوە

وەزارەتی پەروەردە :  لەبەر ئەم هۆكارە كچە نیقاب پۆشەكە خرایە ریزی دووەمەوە
مەوداپرێس-


وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بردنە دواوەی كچە خوێندكارە نیقابەكە لە مەراسیمی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ئەزموونە گشتییەكان بۆ پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەم كچە نیقاب  پۆشە دووەم بووە ، بۆیە خراوەتە ریزی دووەمەوە

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە لیژنەی‌ رێكخستنی‌ مەراسیمی‌ راگەیاندنی‌ ئەنجامی‌ ئەزموونە گشتییەكان

بەداخەوە كۆمەڵێك كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بۆ مەبەستێكی‌ دیاریكراو، كەوتوونەتە تەقەو پڕوپاگەندەی‌ ناڕاست و نەشیاو لەسەر دیمەنێكی‌ مەراسیمەكە كە گوایە "قوتابییەكی‌ باڵاپۆش" خراوەتە دواوە.

بۆ بەرچاوڕوونی‌ هەمووان ڕایدەگەیێنین كە بردنەدواوەی‌ قوتابییەكە هیچ پەیوەندی‌ بە باڵاپۆشییەكەیەوە نەبووە، بەڵكو لە رێكخستنی‌ یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی‌ ئاستی‌ هەرێم و لە چوارچێوەی‌ ڕیزبەندی‌، داوا لە سێیەمەكان كراوە بچنە پشتەوە و دووەمەكان لە ڕێزی‌ دووەم و یەكەمەكانیش لە پێشەوە بووەستن، ئەم قوتابییەش ئاستی‌ دووەمی‌ بە دەست هێنا بوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم. ئەگەر ئێمە هەر  نیەتێكی‌ دیكەمان هەبوایە ئەوا هەر لە سەرەتاو بە مەرج بانگهێشتمان دەكرد. 

ئەم پروپاگەندانە هەوڵێكە بۆ شاردنەوەی‌ ئەو سەركەوتنەی‌ پڕۆسەی‌ ئەزموونەكانی‌ ئەمساڵ كە ئاستی‌ دەرچوون بە بەراوردی‌ ساڵی‌ ڕابردوو، دوو بەرامبەرە.

ئێمە لە وەزارەتی‌ پەروەردە لە ئەمڕۆوە ڕێكاری‌ یاسایی‌ بەرامبەر هەر ناوزڕان و تەشهیرێك دەگرینەبەر و سكاڵای‌ لەسەر تۆمار دەكەین.



PM:12:43:24/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 13976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌