هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌ی ئه‌م توێژه‌ دابه‌ش ده‌کرێت

هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌ی ئه‌م توێژه‌ دابه‌ش ده‌کرێت
مه‌وداپرێس-سازگار ئه‌حمه‌د

نوێنه‌ری خوێندکارانی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و زیندانیانی سیاسی زانکۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌کان رایگه‌یاند ساڵانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ک بۆ کچ و کوڕی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراون و زیندانیانی سیاسی خه‌رجده‌کرێت به‌مه‌به‌ستی خوێندن له‌ زانکۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌کان ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد کاره‌کان ته‌واو بووه‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌ست به‌ دابه‌شکردنی ئه‌و پاره‌یه‌ بکرێت.

رزگار برایم، نوێنه‌ری خوێندکارانی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی زانکۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌کان به‌مه‌وداپرێسی راگه‌یاند " ساڵانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ک بۆ کچ و کوڕی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی خه‌رجده‌کرێت به‌مه‌به‌ستی خوێندن له‌ زانکۆ ئه‌هلیه‌کان، بۆ زیندانیانی سیاسی ته‌نها یه‌ک منداڵی ده‌توانێت سوودمه‌ندبێت له‌و پاره‌یه‌ به‌ڵام بۆ شه‌هیدان و ئه‌نفالکراون دیاریکراو نیه‌".

وتیشی ''کرێی خوێندن بۆ هه‌ر خوێندکارێک بڕی پاره‌که‌ به‌ پێی به‌شه‌که‌ ده‌گۆڕێت، هه‌روه‌ها بڕی پاره‌ی خوێندکارانی ده‌ره‌وه‌ی شار و ناوشار جیاوازه‌ و خوێندکارانی ده‌ره‌وه‌ی شار پاره‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونیان پێ ده‌درێت به‌ڵام پاره‌ی هاتووچۆ بۆ سه‌رجه‌میان خه‌رج ده‌کرێت".

رزگار برایم روونیشکرده‌وه‌ "ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی که‌ خه‌رجده‌کرێت بریتیه‌ له‌ 17 ملیار و سێ سه‌د و شه‌ش ملیۆن و پێنج سه‌د و په‌نجا و سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌د دیناره‌ که‌ ده‌درێت به‌ 5 هه‌زار و شه‌ش سه‌د و شه‌ست و پێنج خوێندکار که‌ کچ و کوڕی شه‌هید و ئه‌نفالکراو و زیندانیانی سیاسین له‌ زانکۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌کان ده‌خوێنن".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد "وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم بڕیاری داوه‌ به‌ خه‌رجکردنی بڕه‌ پاره‌ی کچ و کوڕی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراون و زیندانیانی سیاسی که‌ بۆ خوێندنی ساڵی 2017 بۆ 2018 له‌ زانکۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌کان خوێندیانه‌ و بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به‌ دابه‌شکردنی بکرێت".  



PM:11:08:26/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 9780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌