پەرلەمانتارێكی پارتی: دروست كردنی هێزە چەكدارەكەی پەكەكە نایاساییە

پەرلەمانتارێكی پارتی: دروست كردنی هێزە چەكدارەكەی پەكەكە نایاساییە
مەوداپرێس-

ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، سبەی كۆبوونەوەمان هەیە و تایەبەتە بە تاوتوێی دروستكردنی هێزە نوێیەكەی پەكەكە كە لە هەرێمی كوردستان دروستی كردووە.

د. ناسر هەركی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق،  لەسەر فراكسیۆنی پارتی لەمبارەوە بە ماڵپەری (باسنیوز)ی نزیك لەحزبەكەی  ڕاگەیاندووە "تا ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە كۆماری عێراقی فیدراڵ، بۆیە ئێمە وەك پەرلەمانی عێراق هەموو هێزێكی نایاسایی ڕەت دەكەینەوە، وەك هەرێمی كوردستانیش هیچ پێویستمان بەو جۆرە هێزانە نییە، ئەو هێزەی پەكەكە هیچ ڕەهەندێكی یاسایی نییە".
 
هەركی وتیشی "وەك پەرلەمانی عێراق پێشتریش داوامان كردووە ئەو هێزانەی لە شنگال خۆیان كردووە بە بە بەدیلی دەسەڵات، لەو سنوورە بچنە دەرەوە و ناكرێت عێراق لە دەرەوەی یاسا ڕێگە بە هیچ هێزێكی چەكدار بدات".

 
د. ناسر هەركی ئاماژەی بەوەشكرد "سبەی یەكشەممە ٣٠\٦\٢٠١٩ لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و بابەتی دروستكردنی هێزە نوێیەكەی پەكەكەش گفوگۆی لەسەر دەكرێت، لە دوای كۆبوونەوەكە دەزانرێت بابەتەكە چۆن ئەبێت".

 

هەفتەی ڕابردوو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕای گەیاند كە "هێزی پاراستنی جەوهەری هەرێمی كوردستان" (جەهەپە)ی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە ناو خاكی كوردستان ڕاگەیاند و ئەم بابەتەش دەنگدانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە



PM:02:45:29/06/2019