عادل عەبدولمەهدی: نابێت هیچ بارەگایەكی حەشدی شەعبی لەناوشارەكاندا بمێنێت

عادل عەبدولمەهدی: نابێت هیچ بارەگایەكی حەشدی شەعبی لەناوشارەكاندا بمێنێت
مەوداپرێس-



سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق بڕیاری‌ دا حەشدی‌ شەعبی‌ هاوشێوەی‌ سوپا رێكبخرێت و هیچ بارەگایەكیان لەناو شار و شارۆچكەكان نەبێت و دڵسۆزییان تەنها بۆ حكومەت بێت و بكرێن بە دامەزراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ی‌ تەمموزی‌ 2019 عادل عەبدولمەهدی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق فەرمانی‌ دیوانی‌ ژمارە 237ی‌ تایبەت بە چەكدارانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ دەركرد و تیایدا رایگەیاندووە كە  بەلەبەرچاوگرتنی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌ و بەپێی‌ ئەو دەسەڵاتەی‌ بەپێی‌ دەستوور پێیدراوە و بۆ بەهێزكردنی‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە ناوخۆ و دەرەوە ژمارەیەك بڕیاری‌ داوە.

سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق دەڵێت: "هەموو هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ وەك بەشێكی‌ دانەبڕاو لە هێزە چەكدارەكان كاردەكەن و هەموو یاسا و رێساكانی‌ هێزە چەكدارەكانیان بەسەردا جێبەجێ‌ دەبێت و لەژێر فەرمانی‌ فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەداندا دەبن و سەرۆكی‌ دەستەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بەرپرسیان دەبێت كە لەلایەن فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەكانەوە دادەنرێت".

ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە "گروپەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ دەستبەرداری‌ هەموو ئەو ناوانە دەبن كە لە كاتی‌ شەڕی‌ داعشدا بەكاریانهێناوە و دەگۆڕێن بە ناوی‌ سەربازی‌ وەك (فیرقە، لیوا، فەوج...هتد)، ئەمەش حەشدی‌ عەشایەری‌ و هەر پێكهاتەیەكی‌ تر دەگرێتەوە و ئەندامەكانی‌ ئەو پلە سەربازییانەیان دەبێت كە لەناو هێزە چەكدارەكاندا كاری‌ پێدەكرێت".

سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق دەڵێت: "پێكهاتەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و ئەندامەكانی‌ كۆتایی بە هەموو پەیوەندییەكی‌ سیاسی و پابەندبوونیان لەگەڵ‌ هەر حزب و لایەنێكدا دەهێنن".

عادل عەبدولمەهدی‌ ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو كە "ئەو گروپانەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ كە پەیوەندی ناكەن بە هێزە چەكدارەكانەوە دەتوانن ببنە رێكخراوی‌ سیاسی‌ پابەند بە یاسای‌ حزبەكان و یاسا كارپێكراوەكان، بەڵام چەك هەڵگرتنیان قەدەغە دەبێت و تەنها بە وەرگرتنی‌ مۆڵەت دەتوانن بۆ پاراستنی‌ بارەگا و سەركردەكانیان دەتوانن چەك هەڵبگرن".

لە فەرمانەكەدا هاتووە كە "سەربازگەكانی‌ كۆكردنەوەی‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ دیاریدەكرێت و دەخرێنەێر چاودێری‌ یاسای‌ جەنگەوە و هەموو ئەو بارەگایانەی‌ بە ناوی‌ گروپەكانی‌ حەشدی‌ شەعبییەوەن لە شارەكان و دەرەوەی‌ شارەكان دادەخرێن و بوونی‌ هەر گروپێكی‌ چەكداری‌ ئاشكرا و نهێنی‌ لە دەرەوەی‌ ئەم رێنماییانە قەدەغە دەبێت و بە دەرچوو لە یاسا دادەنرێن و بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت".

راشیگەیاندووە كە "هەموو بارەگا ئابوورییەكان و بازگەكان و شوێنەكان لە دەرەوەی‌ ئەم یاسا نوێیەی‌ كاركردنی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ وەك دامەزراوە دادەخرێن و دەبنە بەشێك لە هێزە چەكدارەكان".

لە كۆتایی فەرمانەكەدا راگەیەندراوە كە رۆژی‌ 31ی‌ تەمموزی‌ 2019 دواوادەیە بۆ دانانی‌ رێنمایی پێویست بۆ كۆتاییهاتنی‌ كاركردن بەپێی‌ ئەم رێنماییانە.



PM:09:19:01/07/2019