ئەمریكا هێزێكی نوێی سەربازی ڕەوانەی عیراق كرد

ئەمریكا هێزێكی  نوێی سەربازی ڕەوانەی عیراق كرد
مەوداپرێس-


میدیا عێراقییەكان لە سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقی لە پارێزگای ئەنبار بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هێزێكی نوێی سەربازی ئەمریكی بە تەواوی كەل و پەل و پێداویستی سەربازییەوە، گەیشتە بنكەی سەربازی "عەین ئەسەد" لە رۆژئاوای ئەنبار.

ئەو سەرچاوەیە كە ئاماژە بە ناوی نەكراوە رایگەیاندووە "ئەو هێزە ئەمریكییەی ئەمڕۆ گەیشتووەتە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد، سەربازەكان لە رێگەی ئاسمانییەوە و كەل و پەلە سەربازییەكانیش لە رێگەی دوو دەروازەی سنووریی وشكانییەوە گەیشتوون، كە یەكێكیان دەروازەی ترێبیلی نێوان عێراق و ئوردنە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دەروازەی دووەم بكات.

لەبارەی قەبارەی ئەو كەل و پەلە سەربازیانەش كە ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئەو بنكە سەربازییە، ئەو سەرچاوەیە ئاشكراكردووە، "نزیكەی 100 ئۆتۆمبێلی سەربازی گەیشتوونەتە بنكەكە و مەبەست لە زیادكردنی ئەو هێزانە بۆ مەشق و راهێنان، هەروەها پاڵپشتكردنی ناوچە بیابانییەكانی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبارە".

بنكەی سەربازی عەین ئەسەد دەكەوێتە دووری 108 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری رومادیی سەنتەری پارێزگای ئەنبار، پێشتر تا ساڵی 2003 ئەو بنكە سەربازی ناوی "بنكەی قادسییە" بوو، لە ساڵی 1987 لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیای یۆگسلافی بە بڕی 280 ملیۆن دۆلار درووستكراوە و شوێنی 5 هەزار سەرباز دەبێتەوە، لەگەڵ بوونی ژمارەیەك باڵەخانە و بینایەی پێویست بۆ مانەوەی ئەو ژمارە سەربازە، وێڕای بوونی ژمارەیەك لە كۆگا و شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكە و چەندین بینایەی خزمەتگوزاری، ئێستا بە گەورەترین بنكەی سەربازی لە عێراق دادەنرێت، كە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بەكاردەهێنرێت".

سەرچاوەی وەرگێڕان باس نیوز



PM:05:42:06/07/2019