هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوە دژی كاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێكرد

هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوە دژی كاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێكرد
مەوداپرێس- هێمن مامەند


لەمەكۆی هەولێری بزوتنەوەی  گۆڕان هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوە بۆلادانی كەمال موسلیم كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی دەستی پێكردو داوای لادانی ناوبراو دەكەن

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەمەكۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان كەنەویست ناوی بهێندرێت تایبەت بە_ مەوداپرێس-ی راگەیاند" كەمێك لەمەوبەر هەڵمەتی ئیمزاكۆكردنەوە بۆلادانی كەمال موسلیم كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێكردووەو لەنێو هەڵمەتەكەشدا هەشت ئەندامی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی ئیمزایان كردووە".

سەبارەت بەهۆكاری ئەم هەڵمەتەی ئیمزاكۆكردنەوە لەدژی كەمال موسلیم سەرچاوەكی وتی" هۆكارەكە ئەوەیە لەماوەی ئەو دووساڵەی كەناوبراو وەزیری ئەوقاف بووە هیچ چالاكیەكی نەبووەو  وەئەوكاتەشی كەوەزیرەكانی گۆڕان نێردرانە  ماڵەوە هیچ چالاكیەكی لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە، بۆیە بەرپرسان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیانوایە پێویست ناكات جارێكی تر كەمال موسلیم بكرێتەوە بەوەزیر"

سەرچاوەكەی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی بەمەوداپرێس راگەیاند" هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوە بەردەوامەو دوای تەواوبوونی هەڵمەتەكە سەرجەم واژۆكان ئاراستەی عومەری سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەی  گۆڕان دەكرێت ،  ئەگەر كەمال موسلیم ناوی لەبەربژێرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەرنەهێنرا ئەوە هەڵوێستی توندمان دەبێت".

كەمال موسلیم لەكابینەی رابردوو وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی بوو لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆش لەلایەن رێكخەری گشتی بۆوەزیری پیشەسازی و بازرگانی دەست نیشانكرا. 



PM:08:15:07/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 37024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌