جەنگی ئەمەریکا-ئێران تەنها لە سنووری ئێراندا نامێنێتەوە

جەنگی ئەمەریکا-ئێران تەنها لە سنووری ئێراندا نامێنێتەوە
مەوداپرێس- داهۆ سالم

جەنگ لەگەڵ ئێران تەنها لەسەر خاکی ئێراندا ڕوونادات، بەڵکو دەکشێت بۆ عێراق، سوریا، لوبنان، ئیسرائیل، سعودیە، یەمەن، کەنداوی فارس، لەگەڵ کەنداوی عومان و تەواوی ناوچەکە نوقمی جەنگ دەکات.

لە 1ی 7 دا، دانیشتوانی باکوری قوبرس بە دەنگی موشەکێکی s-200 ی ئیسرائیلی ڕاچڵەکین کە بەر قەدپاڵی چیایەک کەوت لەخاکی وڵاتەکەیاندا کە ئاراستەی باکوری سوریا کرابوو. لەماوەی حەوت ساڵی ڕابووردوودا، ئیسرائیل بنکە سەربازی و ئەو چەکە ئیرانییانەی هەزاران جار کردۆتە ئامانج کە بۆ حیزبۆڵا دەگوازرێنەوە. تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کردووە، بەڵام ڕووبەڕووی ئاریشەیەکی گەورەتربووەتەوە کە زۆرانبازییە لەگەڵ واشنتن و بەدووای توندکردنەوەی پێکدادانە لە کەنداو و عێراق و یەمەن لەنێو هاوپەیمان و گروپە کرێگرتەکانیدا.

قەوانێکی شەڕ لە ئارادایە هەر لە ئاوەکانی قوبرسەوە بۆ کەنداوی عومان و تاکو "ئەبها" لە سعودیە کە لەماوەی ڕابووردوودا لەلایەن درۆنی ئەو حوسییە یەمەنیانەی ئێران پاڵپشتییان لێدەکات کرابووە ئامانج. بەرەیەکی جەنگ کە درێژییەکەی نزیکەی 5000 کیلۆمەتر دەبێت کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری چەخماخەی ئەو جەنگەی ئەمەریکا-ئێران کە تەنها لە سنووری ئێراندا نامێنێتەوە.

ڕوانین لە ناوچەکە لەمیانی ئەم نەخشە ئاڵۆز و تێکڕژاوە، باشترین ڕێگەیە بۆ بینینی ئەو نائارامییەی لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا پەرەیسەندووە. ئەو شێوازانەش ئاشکرادەکات کە ئەشێ لەڕێگەیەوە ئێران هێرش بکاتە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی. لە هەندێ دۆخدا ئەو پێکدادانە پێشتر بەرپابووە.
گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەرەتای مانگی 5ی ئەم ساڵدا پەرەیسەند دوای ئەوەی جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی هەڕەشەکانی ئێرانەوە هۆشداری دا و مایک پەمپەیۆ وەزیری دەرەوەش سەبارەت بەو هەڕەشانە سەردانی عێراقی کرد. ئەمە دواین قۆناغی ئەو ئاڵۆزیانە بوو کە ئێران پیشانی ئەمەریکا و کاربەدەستانی ڕۆژئاوایی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیانی دا. دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا ئیدارەکەی دۆناڵد ترامپ لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کشایەوە ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی سزای ئابووری نوێ بوویەوە. دواتر تاران هۆشداری دا کە ئەگەر ووڵاتانی ئەوروپی نەتوانن چارەیەک بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانی بدۆزنەوە سەبارەت بەو تەنگژەیەی ڕووبەڕووی بووتەوە ئەوا پابەندنابێت بە ڕاگرتنی ئەو بڕە یۆرانیۆمەی ئەمباری کردووە. ئەمەی لە ئێستادا لەگەڵ هەندێ هەڕەشەی تردا جێبەجێکردووە.

ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر پێکدادانێک لەگەڵ ئەمەریکا ئەبێتەهۆی هێرش بۆسەر ئیسرائیل. بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان لە 1 ی مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، موجتەبا زولنور ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە لە حاڵی ڕوودانی جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ئیسرائیل خاپوور دەکرێت.
ئەمە بە واتای جەنگی حیزبوڵا-ئیسرائیل دێت، وەهەروەها ئەشێ بەمانای کردنەوەی بەرەی جەنگ لە کەرتی غەززە و سوریاش بێت. بۆ نمونە، ئێران پاڵپشتی کردووە لە هەردوو بزووتەوەی حەماس کە لەساڵی 2006 وە کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات وە هەروەها جیهادی ئیسلامی کە گروپێکی چەکداری فەلەستینییە و لە ساڵانی ڕابووردودا چەندین موشەکی لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. بەهۆی سیستمی بەرگری ئاسمانی " گومەزی ئاسنین"ەوە ئیسرائیل بەشێکی زۆر لەو هەزار موشەکەی لاداوە کە لە مانگی 3 ی 2018 وە ئاراستەی وڵاتەکەی کراوە، کەوایە بۆ ڕێگریکردن لەو موشەکانە، لە ئاییندەدا هێرشی فراوانی زەمینی هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 2009 و 2014 دا ئەنجامدرا پێویست دەبێت.

ئەم گرژییانە بەرگری ئاسمانی سوریای خستە دۆخێکی شەرمەزاییەوە. چونکە ئەگەر نەتوانن بەرگری لە هاوپەیمانە ئێرانییەکانیان بکەن ئاشکرایە دەستی ئیسرائیل واڵادەبێت بۆ هەر کارێک کە بیانەوێ ئەنجامی بدات. بەڵام توانای بەرگری ئاسمانی سوریا تاڕادەیەک ناڕوونە. لە مانگی 12 ی 2018 دا موشەکێکی S200 ی سوریا کە ئاراستەی فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل کرا، بەر فڕۆکەیەکی ڕووسی کەوت و تێکشکا کە بەنیازبوو لە لاتاکیا بنیشێتەوە. ئەمەش بووبەهۆی توڕەبوونی ڕوسیا و ڕایگەیاند کەوا سیستمی موشەکی S300 دەبەخشێتە سوریا. سیستمەکە بە کپی مایەوە تاکو بەرواری 30 ی 6 کە وێنەیەکی مانگی دەستکردی "ئیمج سات" ی نێودەوڵەتی بڵاوەپێکردنی ئەو موشەکەی لە نزیک "ماسیاف"ی سوریا بڵاوکردەوە. ڕوون نەبوو کە ئایا سیستمەکە کاردەکات یان نا، کاتێک ڕۆژی دواتر هێرشێکی ئیسرائیلی ئەو نزیکانەی کردە ئامانج، وادیاربوو سیستمەکە لەکاردا نەبوو. لەبری ئەوە موشەکێکی تر لەجۆری S200 کوێرانە ڕوویکردە دەریا و بەر چیایەک کەوت لە باکوری قوبرس. نمونەیەکی تر لە ساڵی 2017 دا، موشەکێکی سوری کە بە ئاسمانی وڵاتی ئوردندا هەڵدرا لەلایەن سیستمی بەرگری Arrow3 ی ئیسرائیلەوە پێشی پێگیرا. تاکە سەرکەوتنی سوریا موشەکێک بوو کە F16 یەکی کردە ئامانج و بووبەهۆی تێکشکانی فڕۆکەکە لە باکوری ئیسرائیل.

ڕوونە سنوورەکانی ئیسرائیل لە قەیرانێکی پەرەسەندوودان لەگەڵ ئێران. کە ئەشێ کەرتی غەززە و باشوری لوبنان و چەند ئامانجێک لە سوریا بگرێتەوە. پێشتر ئیسرائیل هۆشداری ئەوەی داوە کە ڕۆڵی حیزبوڵا لە لوبناندا کە وەزارەتی تەندروستییان بەدەستەوەیە و بونێکی سیاسی و سەربازی بەهێزی هەیە کاریگەری بەسەر تەواوی لوبنانەوە دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی پێکدادانێکی قورستر لەوەی کە لەساڵی 2006 دا ڕوویدا لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا، ئەمەش پێشبینی ڕوودانێکی خراپترە. چەکەکانی حیزبوڵا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و هەزاران چەکداری مەشقدیدەی هەیە کە لە جەنگی نێوخۆی سوریادا جەنگاون. بەهەمان شێوە بەرگری ئاسمانی و جبەخانەکانی ئیسرائیلیش زیادیکردووە.

وێنە گەورەکە ئەوەیە ئێران ڕۆڵی خۆی لە سنورە نزیکەکانی دەرەوەی ووڵاتەکەیدا درێژەپێدەدات، بەتایبەت لە عێراق و سوریادا لەگەڵ پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ حیزبوڵای لوبنانی و شۆڕشگێڕانی حوسی لە یەمەن. زۆرێک لەو پاڵپشتیانەش زانراون. پەیوەست بە حیزبوڵا تەنها پاڵپشتی دارای نیە بەڵکو ڕێنمای ووردە سەبارەت بەو جبەخانە موشەکییەی حیزبوڵا کە ژمارەیان لەسەروو 150،000 ڕۆکێتەوەیە. حیزبوڵا ڕایگەیاندووە تەواوی ئیسرائیل لەمەودای ئەو ڕۆکێتانەدایە. لە ڕۆژانی کۆتای ساڵی 2018 دا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەدریژای سنورەکانی لەگەڵ لوبناندا ئەنجام دا بۆ دۆزینەوەی تونێلەکانی حیزبوڵا. ئەمەش هۆشدارییەک بوو بۆ بەیروت کەوا ئیسرائیل ئاگادارە لەوەی کە حیزبوڵا بە تەمای چییە.

هەروەها ئێران ژێرخان و بنکەی سەربازی لە سوریا دامەزراندووە، کە بنکەکانی سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی لەخۆدەگرێت کە بەکاردەهێنرێت بۆپاڵپشتیکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لە ساڵی 2011 وە. وە هەروەها میلیشیای تریش هەن کە ئێران پاڵپشتیان دەکات لە عێراقەوە ڕۆیشتوون بۆ سوریا بۆبەشداریکردن لە پشێوییەکەدا بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی ئەسەد. ئەم دامەزراوە ئێرانییانە بەگشتی بەهۆی گرژییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیدا ئاشکراکراون. زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لەدژی ئامانجەکان لە دیمەشقەوە تاکو دەگاتە 200 کیلۆمەتری باکور لە لاتاکیا و پارێزگای حیمس ئەنجام دراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانی

ڕۆڵی ئێران و ئارەزووی ئیسرائیل بۆکەمکردنەوە یان ڕاگرتنی ئەو ڕۆڵە. وە هەروەها، هەندێک ڕووداوی تر ڕوونیدەکەنەوە کەوا ڕۆڵی ئێران لە هاوکاریکردنی ڕژێمی ئەسەد بۆ تێکشکاندنی ئۆپۆزیسیۆن پەرەیسەندووە بۆ بەکارهێنانی سوریا بۆ ئامانجی تر. ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئێران تەماشادەکرێت بۆ کێشانی ڕێگایەک بۆ دەریای ناوەڕاست یان ڕاڕەوێکی کاریگەر لەڕێگەی سوریاوە بۆ لوبنان. لە مانگی2 ی 2018 دا "درۆن"ێکی ئێرانی کە لە خاکی سوریاوە ئاراستەکرابوو سنووری ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاند لەنزیک بەیت شییان-ی ئیسرئیل خرایە خوارەوە و ئیسرائیلیش هێرشی کردەسەر بنکەی ئاسمانی Tــ4 لەسەر ڕێگەی "تەدموور"کە گوایە درۆنەکەی لێوە فڕیووە. دواتر لە مانگی 5 دا بۆمبارانێک لە خاکی سوریاوە بو بەهۆی گەڕێکی تری کاردانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

پەیوەست بە ئەمەریکاش، بەرەی شەڕ لەگەڵ ئێران بەدرێژای ڕووباری فورات لە سوریا شۆڕدەبێتەوە، لەو ناوچەیەی کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە هێزەکانی سوریای دێمۆکرات لە مانگی 3 ی ئەم ساڵدا داعشیان تێکشکاند. وە هەروەها ئەمەریکا هێشتا لە ناوچەی "تەنەف" ماوەتەوە، کە پێگەیەکی سەربازییە لە بیابانێکی وشک دا بونیادنراوە لەنزیک سنوری عێراق و ئەردەن. بنکەکە وەک دەڵێن بەمەبەستی مەشق و ڕاهێنان بەو چەکدارانەی لەدژی داعش دەجەنگن دامەزراوە، بەڵام ئامانجە دوور مەوداکەی ڕوون نیە. کاتێک لە دیسامبەری ڕابووردوودا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە بەنیازە
هێزەکانیان لە سوریا پاشەکشەپێبکات، ئەم بنکە سەربازییەش لەو لیستەدا بوو کە چۆڵبکرێت، بەڵام تا ئێستا لە جێگەی خۆیەتی. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و ئەو گروپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن کەوا خۆیان لەو ناوچە پارێزراوەی دەوروبەری بنکە سەربازییەکە بەدووربگرن کە جارێک لەوەوپێش بەو هۆیەوە ڕووبەڕووی ئاکامێکی خوێناوی بوونەوە.

لە مانگی 2 ی 2018 دا لە نزیک ڕووباری فورات پێکدادان ڕوویدا کاتێک گروپێکی چەکدار کە لەلایەن ڕژێمی سوریاوە پاڵپشتی دەکران هێرشیان کردەسەر هێزەکانی سوریای دێمۆکرات کە زۆرینەیان کوردن و ئەوانیش ئەمەریکا پاڵپشتیان دەکات و پاشان ئەمەریکییەکان وەڵامیان دانەوە و بەپێی هەندێک زانیاری لەنێو کوژراوە سورییەکاندا سەربازی ڕووسی هەبووە. دواتر و لە هاوینی 2018 دا هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر بنکە سەربازییەکانی کەتیبەکانی حیزبۆڵا، پاشان گروپەکە ئەمەریکای بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد، هەرچەندە گومان دەکرا ئیسرائیل بووبێت. کەتیبەکانی حیزبوڵا کە لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دراوە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا هەیە کە بەهەمان شێوە ئەم ساڵ بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەژمارکرا. هێرشەکانی هاوینی ڕابوودوو پیشانی دەدەن کەوا لەکاتی بەرپابوونی هەر جەنگێکدا ئەشێ گروپە جۆراوجۆرەکانی سەربە ئێران لەسوریادا ببنەهۆی گرژی بەدرێژای ڕووباری فورات لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دا وەک هێزەکانی سوریای دێمۆکرات لەگەڵ کتیبەکانی حیزبۆڵا. ئێران لە موشەک.
بارانەکەی ساڵی 2018دا ئەوەی سەلماند کەوا لەتوانایدایە بە مووشەکی بالیستی ئەو ناوچەیە بکاتە ئامانج، بۆیە هەموو ئەگەرەکان کراوەن. هەرچەندە ئێران ڕایگەیاند ئەو هێرشە مووشەکییە لە وەڵامی پەلامارێکی داعش دا بووە بۆ سەر شاری ئەهوازی ئێرانی، بەڵام ئەمەریکییەکان دوپاتیان کردەوە پێشوەخت لە ئەنجامدانی ئەو موشەک بارانە ئاگادارنەکراونەتەوە.

پێکدادان لەگەڵ ئێران دیسان هەڕەشەیە بۆ سەر هێزە ئەمەریکاییەکان لە عێراق. بۆ نمونە، لە بەهاری 2018 دا چارەکێکی ئەو ڕاپۆرتانەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەمانگی 5 دا بڵاویکردوونەتەوە ئاماژەیە کەوا " پاڵپشتی ئێران بۆ هەندێک گروپی دیاریکراوی نێو حەشدی شەعبی ڕێگە خۆشدەکات بۆ هەڕەشە لەسەر سەلامەتی کەسایەتییە ئەمەریکاییەکان لە عێراق." زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی پشکنەری گشتی لەمەڕ هەڵمەتەکانی ئەمەریکا لەدژی داعش هۆشدارییان داوە سەبارەت پێویستی گۆڕینی ئاراستەی جەنگ لەدژی داعشەوە بۆ چاودێریکردنی هەڕەشەکانی ئێران لە عێراقدا.
سەرچاوە، national interest











PM:11:43:07/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 1544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌