ئه‌ردۆغان.. له‌به‌رده‌م شه‌ڕی دۆسته‌كانیدا

ئه‌ردۆغان.. له‌به‌رده‌م شه‌ڕی دۆسته‌كانیدا
مه‌وداپرێس-

میدیای توركیی سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی كه‌سانێك كه‌ به‌ دۆسته‌كانی‌ ئه‌ردۆغان وه‌سفی كردوون، بۆ له‌قاڵبدان و دوورخستنه‌وه‌ی ناوبراو له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات، بابه‌تی هه‌ستیار بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، له‌و رووه‌وه‌ كه‌ كه‌یسێك یان دۆخێك به‌ناوی دانانی پیلان بۆ لابردنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه‌ له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی توركیادا، بوونی هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن، كه‌ پێشتر دۆستی نزیكی ئه‌و بوون.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵێك كه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ئارادایه‌، سایتی "ئه‌حوال توركیا" راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ پیلانه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ریه‌ك له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا و "به‌رات به‌یره‌ك"ی‌ زاوای‌ ده‌ستی پێكردووه‌. 

ئه‌و سایته‌ توركییه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه‌ بابه‌ته‌كانی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، نوسیویه‌تی: ئایا هه‌وڵه‌كانی‌ دۆستانی نزیكی ئه‌ردۆغان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر به‌ زاواكه‌ی ده‌ستی پێكردووه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ تۆڵه‌یه‌ له‌ ئه‌ردۆغانی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌بێ گوێدانه‌ پێگه‌ی ئه‌ردۆغان و مێژووه‌كه‌ی؟ ئایا ده‌بینه‌ بینه‌ری ململانێیه‌كی ئیسلامیی له‌ توركیا بۆ گرتنه‌ده‌ستی كورسی ده‌سه‌ڵات؟ 
سایته‌ توركییه‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌: ئه‌ردۆغان سوكایه‌تی به‌ هاوڕێ و دۆستانی نزیكی خۆی كرد و له‌ بڕیاری هه‌ستیاری وڵاتدا به‌شداری پێنه‌كردن و دووری خستنه‌وه‌، له‌ كێشانی‌ وێنه‌ی توركیایه‌كی ئیسلامییدا دیكتاتۆرانه‌ مامه‌ڵه‌ی كرد و نه‌یهێشت دۆستانی به‌شداری بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نگرانی‌ خۆی هێنایه‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رات به‌یره‌كی زاوای‌ كرد به‌ وه‌زیری دارایی و به‌سه‌ر كه‌سانی به‌ توانادا زاڵی كرد به‌بێ گوێدانه‌ توانا و لێهاتوویی، له‌كاتێكدا كه‌سانی تر هه‌بوون شاره‌زاتر له‌ زاواكه‌ی. 

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و سایته‌ توركییه‌، له‌ هه‌ناوی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانه‌وه‌، ئاماژه‌ی له‌ دایكبوون و دروستكردنی پارتێكی نوێ هه‌یه‌، كه‌ سایته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ له‌لایه‌ن دۆستانی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ پێكده‌هێنرێت و ئامانجی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، هاوكات سایته‌كه‌ چه‌ند ناوێكی دیاری توركیای خستووه‌ته‌ڕوو.

سایتی "ئه‌حوال توركیا" ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ عه‌بدوڵڵا گویل سه‌رۆك كۆماری پێشوی توركیا و عه‌لی‌ باباجان دوو ناوی‌ دیاری باسكراون كه‌ به‌ نهێنی كار بۆ پێكهێنانی حزبێكی نوێی ركابه‌ری ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن، ئه‌و دوو ناوه‌، دوو ناوی دیاری بواری دارایین و له‌ بازاڕی ئه‌مڕۆی خۆرئاواشدا ناوبانگیان هه‌یه‌ و رای گشتی توركیاش ئومێدیان هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و دوو ناوه‌ دارایی زیاتر بۆ توركیا رابكێشن.

رۆژنامه‌ی "حوڕیه‌ت"ی توركیی، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، هه‌مان زانیاریی سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حزبێكی نوێ له‌لایه‌ن دۆستانی ئه‌ردۆغانه‌وه‌، بڵاوكرده‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو كه‌ گویل و باباجان داوایان له‌ ئه‌حمه‌د داودئۆغلو سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی توركیا و نوسه‌ری كتێبی ناسراوی "قوڵایی ستراتیژیی" كردووه‌ كه‌ به‌شداری ئه‌و پارته‌ نوێیه‌ بكات و پێویستی بوونی ئه‌و پارته‌ له‌ ئێستادا له‌به‌رچاو بگرێت. 

زۆر له‌ سایته‌ توركییه‌كان ته‌ئكیدیان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌، شه‌ڕ یان ركابه‌ری و ململانێی نێوان ئه‌ردۆغان و گویل، بوونی هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی‌ له‌ ئێستادا وه‌ك شه‌ڕێكی دواخراو لێی ده‌ڕوانرێت.




PM:09:50:08/07/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌