"ئه‌مریكا هه‌ڵه‌كان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌"

مه‌وداپرێس ـ

هاوكات له‌گه‌ڵ مشتومڕی گه‌رم سه‌باره‌ت به‌ ئاڵۆزییه‌كانی‌ نێوان ئێران و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا، یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌ ناسراوه‌كانی‌ ئه‌مریكا راپۆرتێكی شیكاری ره‌خنه‌یی له‌سه‌ر ئیداره‌ی واشنتۆن و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئیداره‌ی‌ واشنتۆن له‌ سه‌روبه‌ندی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردوویدایه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست.

به‌گوێره‌ی‌ راپۆرتێكی شیكاری رۆژنامه‌ی "واشنتۆن پۆست"ی ئه‌مریكیی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رۆژنامه‌ ره‌خنه‌گره‌كانی ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سه‌روبه‌ندی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردوویدایه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راستدا به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندیدار به‌ كه‌یسی سعودیه‌ ـ ئێرانه‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ روونیكردوه‌ته‌وه‌، له‌ ئێستادا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌جۆرێك پشتیوانی‌ له‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ دوور نییه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ی رابردوو دوباره‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ مه‌به‌ست پشتیوانیكردنی سه‌دام حسێن، ئه‌گه‌رچی‌ سه‌دام هه‌ڵه‌ی به‌رچاوی كردو رووداوی ترسناكی دروست كرد و كاره‌ساتی خوڵقاند.

رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مریكیی، كه‌ ناوبانگی ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵی واته‌رگێتی هه‌یه‌، كه‌ بوو به‌ هۆی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ریچارد نیكسۆن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، له‌ ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ و ئیداره‌ی واشنتۆن به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌گرێت و له‌ دوای‌ ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپه‌وه‌، ده‌یان كه‌یسی‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا ئاشكرا كردووه‌، بۆیه‌ به‌وته‌ی نزیكانی تره‌مپ، هه‌موو به‌یانیه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ده‌گاته‌ نوسینگه‌ و سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌یخوێنێته‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌ به‌هۆی پشتیوانی به‌رچاوی ئه‌مریكاوه‌ له‌ بن سه‌لمان، ئه‌وی به‌ سه‌دام حسێنی نوێ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راستدا وه‌سف كردووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ روونیكردوه‌ته‌وه‌: سیاسه‌تمه‌دارانی‌ ئه‌مریكا خه‌ریكه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ی سه‌دام حسێن له‌گه‌ڵ بن سه‌لمان دوباره‌ بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ بێده‌نگن به‌رامبه‌ر به‌ كوشتنی خاشقچی و زیندانیكردنی ئه‌وانه‌ی داوای‌ مافی خۆیان ده‌كه‌ن.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌ ئاشكرای كردووه‌ كه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ به‌ روونیی پشتیوانی له‌ شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ ده‌كه‌ن، باسی‌ ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ هه‌فته‌ی رابردوودا به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌ لوتكه‌ی "جه‌ی 20" له‌ ژاپۆن هه‌موویان له‌ ده‌وری بن سه‌لمان كۆبونه‌ته‌وه‌.

واشنتۆن پۆست ته‌ئكیدی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بن سه‌لمان هاوشێوه‌ی سه‌دام حسێن سه‌رۆكی پێشووتری عیراق، دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ پارێزراوه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ زیندانیكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ژنانێك كه‌ داوای‌ مافه‌كانی‌ خۆیانیان كردووه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامه‌ له‌ بۆردومانكردنی یه‌مه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ هه‌وڵدایه‌ و هه‌نگاوه‌كانی‌ یه‌كه‌می بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ناوه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ كۆتایی راپۆرته‌كه‌یدایه‌ نوسیویه‌تی: ئه‌مڕۆ خۆرئاواییه‌كان رێگریی له‌ بن سه‌لمان ناكه‌ن، به‌ڵام له‌ داهاتوودا ناچارن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و كات تێچوونی زۆری ده‌وێت.


PM:11:23:08/07/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌